بابەتتەکنەلۆجیا

کۆمپیوتەرە کوانتۆمییەکان، شەڕی داهاتووی تەکنۆلۆژی

لە قوتابخانە فێر بووین کە هەر ماددەیەک سێ شێوازی هەیە: خۆگر ، شلە و گاز. بەڵام کۆمپانیای مایکرۆسۆفت شێوازێکی دیکەی لە ماددە بە دونیا ناساند کە بە یارمەتیی ئەم شێوازە نوێیە دەتوانین بەهێزترین کۆمپیوتەر دروست بکەین کە پێی دەگوترێت کۆمپیوتەری کوانتۆمی.
لە حەوتەی پێشوودا زانستوانێکی مایکرۆسۆفت ڕایگەیاند بەپێی شێوازێکی نوێ لە فیزیکی ماددە توانیویانە شتێک دروست بکەن کە بە” کیووبیت” دەیناسن و دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە شیکاریی پرسیارە قووڵەکانی بیرکاری، تەکنۆلۆژی و زانستی.

تەکنۆلۆژیی مایکرۆسۆفت ـ کە بەوردی لە جۆرناڵی نەیچردا بڵاو بووەتەوە ـ دەتوانێت داهاتووی تەکنۆلۆژی بەتەواوی بگۆڕێت. ئەم کۆمپیوتەرانە دەتوانن تەواوی نهێننووسیەکانی دونیا کە داتای خەڵکیان تا ئێستا پاراستووە بشکێنن.

لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا کۆمپانیای گووگڵ ڕایگەیاند کۆمپیوتەرێکی کوانتۆمی دروست کردووە دەتوانێت پێوانێک لە ۵ خولەکدا ئەنجام بدات کە باشترینی سووپەر کۆمپیوتەرەکان لە ملیارها ساڵ ناتوانن ئەنجامی بدەن. تەکنۆلۆژیی کوانتۆمی مایکرۆسۆفت دەتوانێت لەو دەستکەوتەی کۆمپانیای گووگڵ سەرتر بکەوێت.
لەم توێژینەوەدا ئەم کۆمپانیا چوارچێوەی کیووبیتی لەنێو تەڵەزمی ئەلکترۆنیکی داناوە و بە شێوازێکی تایبەت تەکنۆلۆژیی تەڵەزمی ئەلکترۆنیکی کە لە سەر نیمچە گەیێنەرەکان کار دەکات و تەڵەزمی کوانتۆمی کە بەپێی گەیێنەرە تەواوەکان کار دەکەن تێکەڵ کراون. کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لەو باوەڕەدایە کاتێک ئەم تەڵەزمانە زۆر سارد دەکرێنەوە، شێوازێکی تایبەت لەخۆ دەگرن کە تایبەتمەندیی کۆمپیوتەرە کوانتۆمییەکانی دەبێت و لە چاو کۆمپیوتەرە کوانتۆمییەکانی دیکەوە زۆر ئاسانتر دەپێورێت.
پێشتر کۆمپیوتەری کوانتۆمی تەنیا لە ئاستی تاقیکاریدا بووە بەڵام پاش ئەم هەواڵە زانستوانان دڵنیا بوونەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە نێو خەڵکیشدا بەکار دەبرێت.
کۆمپیوتەرەکان تا ئێستا بەپێی تەڵەزمی ئەلکترۆنیکی کاریان دەکرد کە لەسەر یەکەیەک بە ناوی” بیت ” کە سفر یان یەک بوو کاری دەکرد.

بەڵام کۆمپیوتەرە کوانتۆمییەکان لەسەر گەردیلەکانی ئەتۆم یان ماددەی ئکسۆتیک (نامۆ) کە زۆر سارد کراوەتەوە کار دەکات. کاتێک شتێک زۆر بچووک یان زۆر سارد بێت تایبەتمەندییەکی دەبێت کە لە یەک کاتدا هەر دوو شێوازی سفر یان یەک لە خۆ دەگرێت کە پێی دەگوترێت بیتی کوانتۆمی یان کیووبیت.
مایکرۆسۆفت لە ساڵی ٢‍٠٠٠‍ەوە لەسەر ئەم پرۆژەیە کار دەکات و ئەمە کۆنترین پرۆژەی مایکرۆسۆفتە بەڕێوە دەچێت.

ئەم کۆمپانیا تەڵەزمێکی دروست کردووە کە تیکەیکی ئیندیۆم ئارسنەیدە کە بۆ دروستکردنی تەڵەزمە ئەلکترۆنیکەکان بەکار دەبرێت و بەشێکی دیکەی ئەلەمنیۆمە کە ئەگەر زۆر سارد بکرێتەوە دەبێتە سووپەر کانداکتۆر (تەواو گەیێنەر) و ئەم تەڵەزمە کاتێک تا ۴٠٠ پلەی ژێر سفر سارد بکرێتەوە هەندێک تایبەتمەندیی کوانتۆمی لە خۆی نیشان دەدات.

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ڕایگەیاند، توانیویانە تەڵەزمی ٨ کیووبیتی دروست بکەن بەڵام نەیانتوانیوە هەژمارتنی لەسەر ئەنجام بدەن. زانستوانان لەم باوەڕەدان کە ئەم توێژینەوەیە دەتوانێت ڕێگا بۆ دروستکردنی تەڵەزمێکی بەهێزتر ئاسان بکات.
لە دۆخی ئێستادا ئەم تەکنۆلۆژییە هەڵەی زۆری هەیە؛ بەڵام ڕاپۆرتی گووگڵ دەڵێ کە هەرچی کیووبیتەکان زۆرتر بن، هەڵەکان کەمتر دەبنەوە.
کێشەیەکی سەرەکی ئەوەیە کیووبیت دەتوانێت لە یەک کاتدا چەند دۆخ لەخۆ بگرێت و کاتێک زانستوانان دەیانەوێت داتای کیووبیتەکان بخوێننەوە و حیسابکردنی بۆ بکەن لە شێوازی کوانتۆمی دەردێت و وەکوو بیتێکی ئاسایی کار دەکات.

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لەم باوەڕەدایە کە دەتوانێت چارەسەرێک بۆ ئەمە بدۆزێتەوە چۆن ئەم کیووبیتە لە چاو شێوازەکانی دیکە کەمتر ئەگەری هەیە وەکوو بیتێکی ئاسایی کار بکات و بە یارمەتیی ڕێکارەکانی کۆمپانیای گووگڵ دەکرێت هەڵەکانی چارەسەر بکرێت.
جیا لەوەی کە کۆمپانیا گەورەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەکوو گووگڵ، مایکرۆسۆفت، ئای بی ئێم و زۆر کۆمپانیای دیکە لەسەر پرۆژەی کۆمپیوتەرە کوانتۆمییەکان کار دەکەن، وڵاتی چین ١۵.٢ ملیار دۆلاری تەرخان کردووە بۆ پەرەپێدانی کۆمپیوتەرە کوانتۆمییەکان و یەکێتیی ئەورووپایش نزیکەی ٧.٢ ملیار دۆلاری تەرخان کردووە تا لەم کێبڕکێیە دوا نەکەوێت!

 سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button