هاکاسولی ڕووداوێکی تەکنۆلۆجیای زانیاری کە لە هەرێمی کوردستان بەڕیوە دەچێت
![هاکاسولی ڕووداوێکی تەکنۆلۆژیای زانیاری کە لە هەرێمی کوردستان بەڕیوە دەچێت](https://hojan.org/wp-content/uploads/2019/09/photo_2019-09-04_08-15-45.jpg)
هاکاسۆن (Hackathon) چییە؟
دەتوانین بڵێین کە “ماراسۆنی داهێنان”، گونجاوترین شرۆڤەیە کە بۆ وشەی هاکاسۆن کرابێت. هاکاسۆن لە دوو وشەی هاک (hack) و ماراسۆن (marathon) پێکهاتووە. هەر کەسێک خوازیار و تامەزرۆی دنیای زانیاری و تەکنۆلۆجیا بێت دەتوانێت بەشدار بێت لە پێشبڕکێکانی هاکاسۆن، زانیاریی نوێ وەربگرێت و هەروەها لە بڕەوپێدان و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگاش هاوکار بێت.
هاکاسولی (HackaSuly) چییە؟
هاکاسولی (HackaSuly)، دەکرێت بەو شێوازە شی بکرێتەوە کە لە دوو وشەی هاکاسۆن (Hackathon) و سلێمانی (Sulaymaniyah) پێکهاتووە. هاکاسولی بە یەکێک لە گەورەترین پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکان لە بواری تەکنۆلۆجیای زانیاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنرێت. مەبەست لەو پێشبڕکێیە چارەسەرکردن و زاڵبوونە بەسەر ئەو کێشە و گرفتانەی لە بواری تەکنۆلۆجیای زانیاری لە بەردەم کۆمەڵگادایە. ئەو پێشبڕکێیە ڕووداوێکی گرینگە کە دووەم جارە لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت و کۆمەڵێک پرۆگرامەر و گەشەپێدەر بە بیرۆکە و داهێنانی نوێوە تێیدا بەشدار دەبن. ئیڤێنتەکە لە بەرواری 5 تا 7ی سێپتامبەری 2019 لە زانکۆی ئەمریکی لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت. پڕۆسەکە بەو شێوازەیە کە پێشبڕکێیەکی بەردەوام دەبێت بۆ ماوەی 48 کاتژمێر کە پرۆگرامەر و گەشەپێدەرەکان لەو ماوەیەدا هەر لە ناو هۆڵی زانکۆ دەمێننەوە و ئەو بیرۆکانەی کە مەبەستیانە، لەو ماوە دیاریکراوەدا پێویستە ئامادەی بکەن و بۆ دوایین ڕۆژ بیخەنە بەردەستی ئەو پسپۆڕ و شارەزایانەی کە پڕۆژەکان هەڵدەسەنگێنن. لە کۆتاییدا باشترین پڕۆژەکان دەستنیشان دەکرێن و خاوەن بیرۆکەکان خەڵات دەکرێن.
سەرچاوە:
https://www.hackasuly.com/
ئامادەکردن: دۆلان هێرش