بابەتزانستە بنەماییەکان

توانەوەی زمان و لەناوچوونی زمان

توانەوەی زمان و لەناوچوونی زمان
توانەوەی زمان بە لەبیرچوونەوەی بەشەکی یان تەواوەتیی زمانی ئاخێوەرێکی تەندروست دەوترێت. بیرچوونەوەی زمان بۆ زمانی دووهەم و زمانی سێهەم … دوای ماوەیەک کارپێنەکردن و دوورکەوتنەوە لێی ڕوو دەدات. پرسیارێک کە زمانناسان لە سێ دەیەی ڕابردوودا پێوەی سەرقاڵ بوون ئەوەیە کە ئایا “زمانی یەکەم”یش بە هەمان شێوە مەترسیی لەبیرچوونەوەی هەیە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەڵێیە! توانەوەی زمانی یەکەم تا ئەو ڕادەیە جدییە کە دەستەواژەی “توانەوەی زمان” زۆربەی کات ئاماژە بە بیرچوونەوەی زمانی یەکەم یان زمانی زگماکی دەکات.
بە هەمان شێوە کە زمانی یەکەم لەسەر فێربوونی زمانی دووهەم کاریگەری دادەنێت فێربوونی زمانی دووهەمیش لەسەر زمانی یەکەم کاریگەری دادەنێت. ئەو کاریگەرییانەی کە لە کارلێکی نێوان زمانی یەکەم و دووهەمدا ڕوو دەدەن لە هەموو ئاستەکانی زمان واتە وشەدان، ڕێزمان، واتاناسی، دەنگناسی و مەبەستنناسیدا بەدی دەکرێن.
جگە لە توانەوەی زمان، دیاردەیەکی دیکە بە ناوی لەناوچوونی زمان هەیە. جیاوازیی لەناوچوونی زمان لەگەڵ توانەوەی زمان ئەوەیە کە توانەوەی زمان لە ئاستی تاکدا ڕوو دەدات و تاکێک لە درێژایی ژیانیدا بە هۆی فێربوونی زمانێکی دیکەوە یان سەپێنرانی زمانێکی دیکە بە سەریدا، زمانی یەکەمی بیر دەچێتەوە، بەڵام لەناوچوونی زمان لە ئاستی کۆمەڵگادا ڕوو دەدات و زیاتر ئاماژەیە بە گۆڕانی زمانی ناوچەیەک بە نەرمی و لە چەند بەرەی یەک لە دوای یەکدا.
هەرچەند بە شێوەی شهوودی و لە ئاستە جیاجیاکاندا دیاردەکانی توانەوەی زمان و لەناوچوونی زمان لەناو کورددا هەست پێدەکرێت بەڵام توێژینەوەیەکی ئەوتۆ لەبەر دەستتدا نییە کە ڕادە و ئاستەکانی توانەوەی زمان و لەناوچوونی لەناو ئاخێوەرانی کوردی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەربخات.

ئامادەکردن: محەممەد محەممەدئەمینی
وشەکان:

Language attrition توانەوەی زمان
Language loss لەناوچوونی زمان
Lexicon وشەدان
Semantics واتاناسی
Phonology دەنگناسی
Pragmatics مەبەستنناسی

سەرچاوە:

Language Attrition, 2011, Monika Schmid, Cambridge University Press.

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

Back to top button