بابەتمێشک

کاریگەریی زمانی دایکی لەسەر وایەربەندیی مێشک

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەری خستووە کە ڕەنگە زمانی دایکیمان لەسەر وایەربەندی میێشکمان کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبێت و هۆکاری چۆنییەتیی کارکردنی مێشکمان بێت.

بەپێی ئەم لێکۆڵینەوەیە، پێکەوە گرێدانی ئەو شوێنانە لە مێشک کە کاری ڕێکخستنی زمانیان لە ئەستۆدایە، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ زمانێک کە مرۆڤ پێی پەروەردە دەبێت.

ئەم لێکۆڵینەوەیە بە بەشداریی ٩٤ کەس و بە تاقیکردنەوەی ٢ زمانی جیاوازی “عەرەبی” و “ئاڵمانی” بەڕێوە چووە. لێکۆڵینەوەکەیان بە یارمەتیی دەزگای وێنەهەڵگرەوەی ئێم ئار ئای ئەنجام داوە کە تێیدا مێشکی ٢ گرووپ لە عەرەب زمانان و ئاڵمانی زمانانیان تاقی کردووەتەوە. ئاناتۆمیی مێشکی ئەو کەسانە نیشان دەدات کە پێکەوە نووسانیی ماکی سپی ئاکسۆنی و کەناڵی زمانیی مێشک، لەگەڵ پێداویستیی و ڕێکخستنی زمانی دایکییان گونجاوه. واتا، زمانی دایکی لەسەر ڕادە و شێوازی پەیوەندیی نیوەگۆی چەپ و ڕاستی مێشک لەگەڵ یەک کاریگەر و بڕیاردەرە.

ئالفرێد ئەنواندێر، دەمارناسی بەشداربووی ئەم لێکۆڵینەوەیە، دەڵێت: لە بەراوردی نێوان دوو زمانی ئاڵمانی و عەرەبیدا، زمانی عەرەبی پەیوەندییەکی بەهێزتریی لەنێوان نیوەگۆی چەپ و ڕاستدا هەبووە. هەروەها، زمانی دایکیی ئاڵمانی پەیوەندییەکی بەهێزتری لە کەناڵی زمانیی نیوەگۆی چەپدا نیشان داوە. هەرچەندە ئەم لێکۆڵینەوەیە بێ کەموکورتی نییە، تا ئێستا لە یەکەمین توێژینەوەکانە کە سەبارەت بە کاریگەریی زمانی دایکی لەسەر کردەوەی مێشک بەڕێوە چووە و چاوەڕێین لە داهاتوودا ئەم لێکۆڵینەوەیە پێگەیشتووتر ببێت.

*لە لێکۆڵینەوەکەدا، زمانێک کە مرۆڤ پێی پەروەردە کراوە، هەر ئەو زمانە لەبەرچاو گیراوە کە مرۆڤ لە کۆرپەییەوە پێی دواوە. *ماکی سپی و خۆڵەمێشی مێشک لە سەرەکی ترین پێکهاتەکانی مێشکن، کە لە نۆرۆن و بەشەکانی تری خانەی مێشک پێکهاتوونە.

وایەربەندی مێشک: Brain Wiring

نیوەگۆی ڕاست: Right hemisphere

نیوەگۆی چەپ: Left hemisphere

ئاکسۆن: Axon

ماکی سپی مێشک: Brain white matter

ئالفرێد ئەنواندێر: Alfred Anwander

نۆرۆن: Neuron

وەرگێڕ: دڵنیا ئەحمەدی

چاودێری زمانی: هاوڕێ حسەینی

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button