بابەتمێشک

توێژینەوەیەکی مەزن جیاوازیی “نەرمامێر”ی مرۆڤ و مەیموون دەردەخات

توێژینەوەیەکی مەزن جیاوازیی “نەرمامێر”ی مرۆڤ و مەیموون دەردەخات
زانایانی دەمار، چالاکیی دەمارەخانەکانیان (نۆرۆن) لە قووڵایی مێشکدا خستە بەر توێژینەوە و دەستکەوتەکانیان لەوانەیە ڕازی هۆش و هاوکات هۆکاری ناسازییە دەروونییەکانی مرۆڤ ئاشکرا بکات.
زانایانی دەمار، بۆ یەکەمجار جیاوازیی نەرمامێریی مێشکی مرۆڤ و مەیموون ئاشکرا دەکەن ئەو کارەشیان لە ڕێگەی تەکنیکێکەوە بە ناوی بەدواداچوون بۆ تاک نۆرۆنەکان (دەمارەخانە) کرد.
لە توێژینەوەکەدا لە دراوەیەکی دەگمەن کەڵک وەرگیرا کە تایبەت بوو بە چالاکیی تاک نۆرۆنەکان، ئەم دراوەیەوە لە مێشکی ئەو کەسانە وەرگیرا بوو کە تووشی نەخۆشیی فێ (پەرکەم) بوون و نەشتەرگەریی دەمارییان بۆ کراوە تاوەکوو سەرچاوەی نەخۆشییەکەیان دەستنیشان بکرێت. ئەم تەکنیکە ئەوەندە ئاستەمە کە تەنیا چەند پسپۆڕی لێهاتوو لە سەرانسەری جیهاندا دەتوانن لە وەها توێژینەوەیەکدا بەشدار ببن. توێژینەوەکە هەروەها دراوەیەکی هاوشێوەی دیکەی تێدا بە کار هات کە لە پێنج مەیموون وەرگیراوە.

مرۆڤ لە بەرامبەر مەیمووندا
لە چەند دەیەی ڕابردوودا، زانایانی دەماری زۆر جیاوازیی ورد و بەرچاویی ئاناتۆمیی –جەستە یان ڕەقەئامێر- مێشکی مرۆڤ و مەیموونەکانیان دەرخستووە. بەڵام ئەم توێژینەوەی دوایی جیاوازیی نێوان سیگناڵەکانی مێشکی ئەم دوو جۆر بوونەوەرە دەردەخات.
مارک هارنێت لە ئەنستیتوتی تەکنۆلۆژیی ماساچوسێت دەڵێت “جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان هەڵسوکەوتی مرۆڤ و نامرۆڤەکاندا هەیە. ئێستا ئەم جیاوازییە لە بایۆلۆجیی مێشکیشدا دەبینین.”
توێژینەوەکە بە هاوبەشی لە نێوان ڕۆنی پاز لە دامەزراوەی وەیزمان بۆ زانست لە ئیسرائیل و نەشتەرگەری دەمار ئیتزا فرێد لە زانکۆی لۆس ئەنجلێس ئەنجام دراوە. توێژینەوەکەی پاز لەسەر دوو ناوچەی جیاوازیی مێشک جەخت دەکاتەوە. یەکیان ئامیگدالایە، ناوچەیەکی مێشک کە ئەرکی هەندێک توانایی بنەمایی بۆ زیندوومانەوە ڕادەپەڕێنێت؛ وەک ڕاکردن کاتێک ئاژەڵێک هێرشمان بۆ دەکات. بەشەکەی دیکەش سینگیولەیت کۆرتێکسە کە ڕەفتاریی ئاڵۆزتری کاگنتیڤ (ناسینی) وەک فێربوونی لە ئەستۆیدایە.
پاز ویستی بزانێت کە چۆن دەمارەخانەکان لەم ناوچانەدا لە نێوان مرۆڤ و مەیمووندا جیاوازن. بۆ ئەم کارەش ڕووی لە فرەید کرد کە زانیاریی خانەکانی مێشکی ئەو کەسانەی هەبوو نەشتەرگەریی دەمارییان بۆ کرابوو تا سەرچاوەی نەخۆشیی فێ/پەرکەم لە مێشکیاندا دەربکەوێت. لەم نەخۆشانەدا ئەلەکترۆد لە مێشکیاندا دەچێنرێت تا چالاکیی ئەلەکتریکیی تۆمار بکەن و سەرچاوەی نەخۆشییەکە دەربخەن. دەبێت ئەم نەخۆشانە لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە تا تووشی پەرکەم دەبن؛ پاشان نەشتەرگەرییەکیان لەسەر دەکرێت تا ئەلەکترۆدی چاندراو لە مێشکیاندا و شانەی تێکچووی مێشک کە هۆکاری نەخۆشییەکەیە لا ببرێن.
پاز و فرەید، دراەی تاک-نۆرۆنیان لە بەشەکانی ئامیگدلا و سینگیولەیت کۆرتێکسدا دەستنیشان کرد. ئەوان ئەم زانیارییانەیان بۆ دوو تایبەتمەندیی چالاکیی نۆرۆنەکان واتە “پتەوی” و “کارایی” بەراورد کرد.
دراوەکە لە نزیکەی ٧٥٠ نۆرۆن لە دوو بەشەکەی مێشک لە پێنج مەیموون و حەوت مرۆڤ کۆ کرابۆوە. توێژەان لە دراوەکەدا بۆ ئەو دوو تایبەتمەندییە گەڕان: ئەوان پتەوییان وەک ئاستی هاوکاتی یان نزیک هاوکاتی لە هەردوو قۆناغی چالاکبوونی نۆرۆنەکان و دووپاتبوونەوەی هەمان نەخشەکان/پەتێرنەکان پێناسە کرد و کاراییان وەک هەبوونی نەخش/پەتێرنی جیاواز لە چالاکییەکەدا پێناسە کرد.
دەرکەوت کە لە هەردوو جۆر بوونەوەرەکەدا، لە بەشی ئامیگدالادا سیگناڵەکان پتەوتر بوون لە بەشی سینگیولەیت . بەڵام کارایی خانەکانی سینگیولەیت کۆرتێکس زیاتر بووە. هەردوو ناوچەکان لە هی مێشکی مەیمووندا پتەوتر بوون بەڵام لە مێشکی مرۆڤدا کاراییان زیاتر بووە. هەر بۆیە مرۆڤەکان هەندێک پتەوییان کردووەتە قوربانیی زیادکردنی کارایی.
پاز دەڵێت سیگناڵێک تا بەهێزتر بێت، لێڵیی کەمترە و ئەگەری نووشبوونی بەهەڵە کەمترە. “ئەگەر بەبرێک ببینم، دەمهەوێت سەرجەم نۆرۆنەکانی ئامیگدالا چالاک بکەم و بە خێرایی ڕا بکەم!” بەڵام لە بوونەوەرە ئاستبەرزترەکان وەک بنەماڵەی مەیموونەکان، مێشک زۆر ناوچەی نەرمتری هەن –کۆرتێکس- کە توانایی ئەوەی پێدەدات وەڵامی وردبینیانەتر بە ڕووداوەکانی ژینگەکەی بدات.
مرۆڤەکان زیترەکترن بەڵام زۆر بەرەو ئەو زیرەکییە دایانشکاندووە هەر ئەوەش وای کردووە کە پتەویی سیگناڵەکانیان کەمتر بێت و لە ئەنجامدا هەڵەی زیاتر لە سیگناڵەکاندا ڕوو بدات، ڕەنگە ئەمە دەریبخات کە بۆچی مرۆڤەکان تووشی نەخۆشیی دەروونی دەبن!
دەبێت توێژینەوەی زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی گریمانەی پتەوی-کارایی پشتڕاست بکرێتەوە. کریستۆفێر پێتکۆڤ لە زانکۆی نیوکەسلی بریتانیا دەڵێت: هەڵسەنگاندنی ڕاستەوخۆ لە نێوان مرۆڤ و مەیموونەکاندا زۆر ئاستەمە چونکە زۆر سەختە ئەوە بزانرێت کە دوو جۆر بوونەورەکە لە دۆخێکدا بوون کە بە یەکتر بەراورد بکرێن.
https://www.nature.com/articles/d41586-019-00198-7
وشەکان:
Amygdala ئامیگدالا
Cingulate cortex سینگیولەیت کۆرتێکس
Primates بنەماڵەی مەیموون
Robustness پتەوی
Efficiency کارایی
Single neuron تاک نۆرۆن، تاک دەمارەخانە

ئامادەکردنی: محەممەد محەممەدئەمینی

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button