بابەتژینگە

هۆکاری زۆربوونی هەمەچەشنی و جۆراوجۆریی ژینگەیی لە ناوچە گەرمێنەکاندا چییە؟

ئەم پرسیارە یەکێک لە کۆنترین پرسیارەکانی سروشتناسانە کە تا ئێستا بەدوای وەڵامەکەیدا گەڕاون:

بە پێ چ هۆکارێک ناوچە گەرمێنەکان بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی تری گۆی زەوی جۆراوجۆریی ژینگەییان زۆرترە؟

ئەلیکساندەر ڤۆن هەمبۆڵت سروشتناسی ئەڵمانی لە ساڵی ١٨٠٧دا نووسیویەتی:

هەر چەندێک کە بەرەو ناوچە گەرمێنەکانی گۆی زەوی دەچین، جۆراوجۆریی پێکهاتەکان، ناسک و لەباربوونی فۆرم و پێکهاتەی ڕەنگەکان و هەروەها لاوییەکی هەرمان و هێز و ورەی ژیانی ئۆرگانیک زۆرتر دەبێتەوە. لە ناوچەکانی جۆراوجۆر ئاپۆرەی هاوجۆری گیایی و ئاژەڵی و هەروەها قارچکانێکی زۆرتر لە ناوچەکاندا دەبینین، بەڵام بە دووربوونەوە لە خەتی گەرمەسێریی گۆی زەوی، ئەم جۆراوجۆرییە کەمتر دەبێتەوە و بەرەو کەمڕەنگبوون دەڕوات.

ئەم دیاردەیە بە «نشێویی هەمەچەشنیی پانایی ژینگە» ناسراوە.

بەڵام هۆکاری ڕوودانی چییە؟

بەپێی گوتەی ئەندرۆ دابسۆن مامۆستای ئێکۆلۆژیی نەخۆشی و پارێزگاری له زانکۆی پرینستۆن، سێ گریمانەی سەرەکی بۆ ڕوونکردنەوەی هۆکاری چۆنیەتیی زۆربوونی جۆراوجۆری ژینگەیی لە ناوچە گەرمێنەکاندا هەیە و چەند ڕوونکردنەوەیەک لێی پێویستە.

یەکەمین گریمانه بەپێی وزە و هێزه. تیشکی خۆر لە ناوچە گەرمەسێرەکانی زەوی هێزی زۆرترە و کاتێک لەگەڵ باران و ماددەی خۆراکی و بەکەڵکی خاکدا تێکەڵ دەبێت، دەبێتە هۆی گەشەکردنی زۆرتری گیاکان.

دابسۆن دەڵێت: کاتێک کە یان دەڕۆینە ناو بازنەی جەمسەری باکووری زەوی یان بازنەی جەمسەری باشووری گۆی زەوی، نیوەی ساڵ لە تاریکی داین.

لێرەدایە کە بۆ پاراستنی ژیان، هیچ هێزێک بەکار ناهێنرێت. کەواتە زۆربوونەوەی گیاکان بەم واتایەیە کە گیانلەبەرانێکی زۆرتر دەتوانن بژین و زاوزێ بکەن.

لە ڕوانگەی پەرەسەندنەوە زۆربوونی گەشەی گیاکان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هەمەچەشنی و جۆراوجۆریی ئاژەڵان. دابسۆن گوتی: ئەگەر بتوانین ڕوونکردنەوەیەک بۆ هەمەچەشنیی گیاکان بدەین ئەوا بەربژێرانێکی زۆرتریشمان دەبێت بۆ خواردنی گیاکان و هەروەها بژاردەگەلێکی زۆرتریشمان دەبێت بۆ گیاخۆرەکان. لە سرانسەری زنجیرەی خۆراکی ئاڵوگۆڕ لەگەڵ گیا و قارچک و ئاژەڵە گیاخۆرەکان و ڕاوچییەکان تا ئەم ئاستە دەبێتە هۆی «ڕێژەی زۆری زاوزێی لەگەڵ ئاپۆرەی دراوسێ» کە وا دەکات لەگەڵ بەرەی پێش خۆی جیاواز بێت.

دووەمین گریمانه ئەوەیە کە ناوچە گەرمەسێرەکان شوێنانێکی زۆر کۆنترن کە لە ژێر سەهۆڵە گەورەکانەوە داگیر نەکراون، هەر بەم بۆنەشەوە جۆرە ئاپۆرە هاوجۆرەکان دەرفەتی گەشەکردنی زۆریان هەبووە. زۆرینەی هەمەچەشنی ژینگەیی ئەمڕۆیانە بە درێژایی ٢٠٠ ملیۆن ساڵ لەمەوپێش لە پەرەسەندندا بووە، بەڵام چەند سەردەمی سەهۆڵبەندان کاریگەری لەسەریان هەبووە. دابسۆن هەروەها گوتی: گرژبوونەوە و کێشهاتنی لاپەڕە سەهۆڵییە جەمسەرییەکان بەتەواوی ژیان لە باکووریترین و هەروەها باشووریترین ناوچەکان دەسڕێتەوە. ژیان لە ناوچە گەرمەسێرەکان بەردەوام دەبێت و بە هەمەچەشنبوون و گەشەکردن درێژە دەدات بەڵام ژیان لە هەردوو جەمسەرەکاندا دەبێت دووبارە سەر بگرێتەوە.

ئەم دۆخە لە حاڵێکدایە کە ژیانی هەمەچەشنی گەرمەسێری ناتوانێت تەنیا لە ناوچە ساردەکاندا پەرە بستێنێت.

دابسۆن گوتی: هەروا کە هەمەچەشنە گیانلەبەرێک لە ناوچە گەرمەسێرەکاندا کۆ دەبنەوە و لەگەڵ کەشوهەوای ناوچە گەرمێنەکانیشدا ڕا دێن، هەروەها هاوکات بۆ ڕاهاتن لەگەڵ کەشوهەوای ساردتریش تێدەکۆشن.

سێیەمین گریمانه پەیوەندی بە بەربەستەکانی هەمەچەشنییەوە هەیە.

دەیڤید ستۆرچ مامۆستای ژینگەناسی زانکۆی چارلزی شاری پراگ دەڵێت: ئەم گریمانەیه ڕوونی دەکاتەوە کە ناوچە جیاوازەکانی تریش دێرانەی لەئەستۆگرتنی زۆرتربوونی هەمەچەشنییان هەیە. بەم واتایە کە هەمەچەشنیی ناوچە گەرمەسێرەکان زۆرترە لە ناوچە فێنکەکان و مامناوەندەکان.

ئەو ناوچانە کە لە بواری سەرچاوە سرووشتییەکانەوە دەوڵەمەندن لە بواری هەمەچەشنیی ئاژەڵانیشەوە دەوڵەمەندن، کە هەندێکیشیان پێکەوە لە ململانێ و کێبڕکێدان. بەڵام زۆربوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ماددە گیاییەکانیش هاوکات نابێتە هۆی زۆربوونەوەی ئاستی هەژماری ئاپۆرە هاوجۆرەکان.

ستۆرچ دەڵێت: ئەم بابەتە بەتەنیا پەیوەندی بە بەهرەوەری و ئاستی سەرچاوە سرووشتییەکانەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندی بە بەرز و نزم بوونەوەی ئاستی سەرچاوەکان لە ناوچەکاندا هەیە.

ئەگەرچی ڕێژەی زاوزێی ئاپۆرە هاوجۆرەکان لە ناوچە گەرمەسێرییەکاندا زۆر بەرزە بەڵام ئەم ناوچەگەلە هاوکات ئاستی بنبڕبوون و لەناوچوونی ئاپۆرەکانیان لە ئاستێکی بەرزدایە.

ئاستی بەرزیی زاوزێی گیانلەبەران دەتوانێت ببێتە هۆی پێکهاتنی کۆمەڵەیەکی بچووکتر لە حەشیمەتەکان، کە لەناویاندا ڕەنگە حەشیمەتانێکی زۆر لەگەڵ یەکتر لە ناوچەیەکی بچووکتر پێکەوە لە هاریکاری یان ململانێ بن کە ڕەنگە لە مەترسیی بنبڕبوون و لەناوچوونیشدا بن.

ئەم گریمانەیە بە پشتیوانیی دووەمین گریمانه هاتووەتە ئاراوە، کە نیشانمان دەدات ناوچە گەرمەسێرییەکانی گۆی زەوی بێجگە لەوەی کە دایکی داهاتنی ئاپۆرەیەکی تازە و نوێن، مۆزەخانەیەکن کە ئاسەوار و بیرەوەریی زۆرینەی حەشیمەتە کۆنەکانییان لە خۆ گرتووە. بەڵام بە تەواوی هەموو ئاپۆرە کۆنەکانی ٢٠٠ ملیۆن ساڵ لەمەوپێشی لە خۆ نەگرتووە. هاوسەنگیی نێوان ئاستی زاوزێ و ئاستی بنبڕبوونییان ئەم بۆچوونە دەهێنێت کە ناوچە گەرمەسێرییەکانی گۆی زەوی دێرانەیەکی زۆری بۆ دەوڵەمەندبوون لە بواری هەمەچەشنیی ژینگەییەوە هەیە.

بەڵام نشێویی هەمەچەشنیی پانایی ژینگە بابەتێکی جیهانی نییە. چەند نموونەیەک دەتوانن ئاستی ئەم ڕەوتە داببەزێنن و کەمی بکەنەوە. هەندێک لە ئاژەڵان وەکوو پەنگوینەکان پێویستیان بە زۆربوونی خۆراکە لە ئاوە ساردەکانی جەمسەری باشووردا.

ستۆرچ دەڵێت: هەندێک لە ئاپۆرەکان دوور لە ناوچە گەرمەسێرییەکانی گۆی زەوی ڕاهاتوون و کاتێکی زۆریان نەبووە بۆ پەرەسەندن لەم ناوچانە. کەواتە لەگەڵ کەش و هەوای ساردتردا خوویان گرتووە. بە واتایەکی دیکە هەمەچەشنی لە کۆمەڵی گیایی و ئاژەڵییە تایبەتەکانی گۆی زەوی ئێستاش دەتوانێت لە جەمسەرە سەهۆڵییەکاندا پەیدا ببێت.

هەر بەم بۆنەشەوە جۆراوجۆرییەکی زۆرتر لە ئاپۆرە تایبەتەکان لە کەشوهەوای فێنک یان ساردتر لە جەمسەرەکانی گۆی زەویدا بوونیان هەیە. بۆ نموونە دارە قووچییەکان بە هۆی جیاوازی لەگەڵ دارە گەڵا پانەکان دەچنە چوارچێوەی ناوچە ساردترەکانەوە.

هەندێک لە ئاپۆرەکان لە دەوری ململانێ لەگەڵ حەشیمەتەکانی دیکە خۆیان دوور دەگرنەوە، کە ئەم خۆ دوور گرتنەوە دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەیشیان لە ناوچە گەرمەسێرییەکان.

بەناچار خووگرتنیان لە ناوچە فێنکەکان یان ناوچە ساردترەکانی گۆی زەوی دەبێتە هۆی پێکهاتنی هەمەچەشنیی ژینگەیی جیاوازتر و پێکهاتنی کۆمەڵە حەشیمەتگەلێکی بچووکتر.

بەپێی گوتەی ستۆرچ: لە حاڵێکدا کە ناوچە گەرمەسێرییەکان میوانداری هەمەچەشنییەکی زۆرترە لە حەشیمەتە جیاوازەکان، زۆرینەی لێکۆڵینەوەکانی ئێستا ئاستێکی بەرزی هەمەچەشنیی کۆمەڵە حەشیمەتگەلی بچووک لە پانایێکی زۆری جوگرافیایی پیشان دەدا.

بەپێی ڕەوتی ژیانی حەشیمەتی مشەخۆرەکان تیۆری «نشێویی هەمەچەشنیی پانایی ژینگە» ڕەت دەکرێتەوە. هەرچەندێک لە ناوچە گەرمەسێرییەکان دووربینەوە هەمەچەشنی مشەخۆرەکان زۆرتر دەبێتەوە. هەژماری زۆری حەشیمەتەکانی ناوچە گەرمەسێرییەکان بەو واتایەیە کە زۆربوونی بەنیسبەتیان کەم دەبێتەوە، بەهۆی ئەوەیکە هەموویان پێکەوە لە کێبەرکێدان. کەواتە ئاپۆرەی بەکۆمەڵی حەشیمەتەکان و داوێنی حەشیمەتەکان (ئەندازەی مەودای جوگرافیاییان) لە ناوچە فێنکاییەکان زۆر کەمترە لە جەمسەرە باکوورییەکان.

دابسۆن دەڵێت: هەر چەندێک حەشیمەتی میواندار گەورەتر بێت، هەژمارێکی زۆرتری مشەخۆرەکان پشتیوانی دەکات و کۆمەڵە مشەخۆرگەلێکی زۆرتر لە خۆ دەگرێت. ئەگەر لە بەرامبەر جۆراوجۆری کەمتر هەژمارێکی زۆرتر لە ئۆرگانیسمگەلی میوانداریان هەبێت، ئەوە دەتوانن لە جۆراوجۆری و هەمەچەشنییەکی زۆرتر لە مشەخۆرەکان پشتیوانی بکەن. هەبوونی حەشیمەتگەلێکی گەورەتر بە ئەندازەگەلێکی بەرفراوانتر ئەو دەرفەتە دەداتە مشەخۆرەکان کە ناوچەگەلێکی فێنک تر و خولگەیی تر داگیر بکەن. بە گوتەی دابسۆن وەکوو پۆمپی حەشیمەتسازی بە کار دێت و زۆرتر لە هەر شوێنێکی دیکە لە جیهاندا هەموو جۆرە کرمە مشەخۆرێک دروست دەکات.

1. the tropics

2. biodiversity

3. Alexander von Humboldt

4. perpetual youth

5. the latitudinal diversity gradient

6. Andrew Dobson

7. disease ecology and conservation

8. Princeton University

9. hypothesis 

10. Arctic Circle

11. Antarctic Circle

12. evolution

13. David Storch

14. Charles University

15. latitudinal diversity gradient

وەرگێڕ: دڵنیا ئەحمەدی

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button