بابەتگەردوونناسی

گەورەترین شت (تەن) لە گەردووندا چییە ؟

گەورەترین شت (تەن) لە گەردووندا چییە ؟

قەت هێندەی کاتی ڕوانین لە ئەستێرەکان هەست بە بچووکیی خۆمان ناکەین. کاتێک شەوانە لە گیتی و ئەستێرەکان دەڕوانن ڕەنگە ئەو پرسیارەتان بۆ دروست ببێت کە گەورەترین تەن لە گەردووندا چییە؟!

وەڵامی ئەم پرسیارە زیاتر پەیوندی بەوەوە هەیە کە مەبەستمان لە وشەی “تەن” یان شت چییە. ئەستێرەناسەکان پێکهاتەیەک بە ناوی دیواری مەزنی هێرکۆل-کۆرۆنا بۆریلیس وەک مەزنترین پێکهاتەی ناو گەردوون دەناسێنن. ئەم پێکهاتەیە زنجیرەیەکی گەورەیە لە گاز، تەپوتۆز و ماددەی تاریک کە ملیاردەها گەلەستێرە لە خۆی دەگرێت و درێژاییەکەی نزیکەی ١٠ ملیارد ساڵی ڕووناکییەوە. بەڵام ناوزەدکردنی ئەم کۆمەڵەیە وەک یەک “تەن” هەندێک کێشە دروست دەکات، ئەوەش لە کاتێکدا کە بە دروستی شوێنی دەستپێک و کۆتاییەکەی نازانرێت.

چەمکی “تەن” لە زانستەکانی فیزیک و فیزیکی ئەستیرەناسیدا پێناسەی دەقیقی هەیە، سکات چەپمەن لە زانکۆی داڵهاوس تەن بەم شێوەیە پێناسە دەکات: “شتێک کە سنووردارە بە هێزی کێشکردنی خۆی” بۆ وێنە هەسارەکان، ئەستێرە یان ئەو ئەستێرانەی کە لەناو یەک گەلەستێرەدا دەسووڕێنەوە. بەم پێناسەوە سادەترە کە گەورەترین تەن دەستنیشان بکرێت.

ئێستا با بێین لە زەویی خۆمانەوە دەست پێبکەین تا دەگەینە گەورەترین تەن. بارستایی زەوی ٦ سێپتیلیۆن کیلۆگرامە واتە ژمارەی ٦ و ٢٤ سفر بە دوایدا. هەروەک دەزانین ئەمە گەورەترین هەسارەی کۆمەڵەی خۆر نییە و نێپتۆن و ئورانووس و کەیوان و موشتەری زۆر لەوە گەورەترن بە شێوەیەک کە موشتەری ١،٩ ئۆکتالیۆن کیلۆگرامە واتە ژمارەی ١.٩ و ٢٧ سفر بە دوایدا.

ئەستێرەناسان لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر زۆر هەسارەیان دۆزیونەتەوە کە هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر لە چاو ئەوان زۆر بچووکن بۆ وێنە ساڵی ٢٠١٦، HR2562 دۆزرایەوە کە بارستاییەکەی ٣٠ بەرامبەری موشتەرییە. ئەستێرەناسان دڵنیان نین کە تەنێک لەم قەبارەیەدا وەک ئەستێرەیەکی مامناوەندی پۆلێن بکەن یان وەک هەسارەیەک.

سەبارەت بە قەبارەی ئەستێرەکان، ئەستێرەی R136a1 وەک گەورەترین ئەستێرەی ناسراو شتێک لە نێوان ٢٦٥ تا ٣١٥ بەرامبەری خۆری ئێمە بارستایی هەیە کە دەکاتە ٢ نانیلیۆن کیلۆگرام، واتە ژمارەی ٢ و ٣٠ دانە سفر بە دوایدا.

دوای ئەستێرەکان دەچینە سەر گەلەستێرەکان. گەلەستێرەی ڕێگای شیری لە ئەمسەر تا ئەوسەری ١٠٠ هەزار ساڵی ڕووناکیی درێژایی هەیە، نزیکەی ٢٠٠ ملیارد ئەستێرەی تێدایە و کۆی بارستایی ڕێگای شیری ١.٧ تریلیۆن جار لە ئەستێرەی خۆر گەورەترە. بەڵام ڕێگای شیری لە چاوی هێشووی فۆنیکس -کە ئەمسەر تا ئەو سەری ٢.٢ ملیۆن ساڵی ڕووناکییە و ٣ تریلیۆن ئەستێرەی تێدایە- هێشتا بچووکە. هێشووی فۆنیکس بۆخۆی بەشێکە لە کۆمەڵەیەکی گەورەتر کە ١٠٠٠ گەلەستێرە لە دەوری یەکتر دەسووڕێنەوە و ئەمسەر تا ئەوسەری ٥.٧ ملیارد ساڵی ڕووناکییە و کۆی بارستاییەکەیان ٢ کوادریلیۆن بەرامبەری خۆرە واتە ژمارەی ٢ و ١٥ سفر بە دوایدا.

هێشتا ئەم دێوەزمە گەورەیە مەزنترین تەنی گەردوون نییە. مانگی ئاپریل پرۆتۆهێشوویەک بە ناوی SPT2349 دۆزرایەوە کە زۆر مەزنترە. ئەم هێشووە لە زیاتر لە ١٤ گەلەستێرە پێکهاتووە. کاتێک کە تەمەنی گەردوون دە یەکێکی ئێستا بووە ئەو گەلەستێرانە پێکەوە ئاوێتە بوون. توێژینەوەی زیاتر دەریخست کە نزیکەی ٥٠ گەلەستێرەی دیکە لەم پێکهاتەیەدا هەن و هەموویان پێکەوە بە گەلەستێرەی گالاکتیک دەناسرێن. گەورەترین تەن کە پێشتر ناسرابوو، هێشووی ئی،ئای گۆردۆ بوو کە بارستاییەکەی ٣ کوادریلیۆن خۆرە، واتە ژمارەی ٣ و ١٥ سفر بە دوایدا. بەڵام SPT2349 لایکەمی ٤ تا ٥ بەرامبەری ئەو ڕیکۆردیە کە پێشتر تۆمار کراوە.

وشەکان:

Object تەن

Planet هەسارە

Star ئەستێرە

Galaxy گەلەستێرە

Dark matter ماددەی تاریک

Astrophysics فیزیکی ئەستێرەناسی

Hercules-Corona Borealis Great Wall ­ دیواری مەزنی هێرکۆل-کۆرۆنا بۆریلیس

Protocluster پرۆتۆهێشوو

Phoenix cluster هێشووی فۆنیکس

EI Gordo Cluster هێشووی ئی.ئای گۆردۆ

Galactic cluster هێشووی گالاکتیک

Septillion سێپتیلیۆن

Octillion ئۆکتالیۆن

Nonillion نانیلیۆن

Trillion تریلیۆن

Quadrillion کوادریلیۆن

سەرچاوە:

https://www.livescience.com/62530-biggest-object-in-universe.html

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button