بابەتگەردوونناسی

سێ دانە لە سەرنجڕاکێشترین تەلەسکۆپگەلێک کە بڕیارە تاکوو ساڵی ٢٠٣٤ پڕتاو بکرێن.

ساڵی ڕابردوو زۆربەی زانستوانانی ئەستێرەناسی و هۆگرانی گەردوون و سپاش چاویان بڕیبووە تەلەسکۆپی سپاشی جەیمز وێب کە بەرەو قووڵایی سپاش دەڕۆیشت تاکوو مێژوویەکی نوێ لە تێگەیشتنی ئێمە لە گەردوون و جیهان بنووسێتەوە. هەرچەند بڕیار وایە جەیمز وێب دیمەنێکی نوێی گەردوون و ئەستێرەگەلی قووڵایی سپاش و بەرگەهەوای هەسارە دەرەکییەکان کە بە دەوری ئەستێرەگەلی تردا دەگەڕێن تاوتوێ بکات، بەڵام ئەم تەلەسکۆپە کۆتایی ڕێگە نییە و هەر ئێستا کۆمەڵێک لە زانستوانان بۆ چەند دەیەی داهاتوو کۆمەڵێک پڕۆژە و کاری نوێیان بە دەستەوەیە و لێرەدا سێ دانە لەو پڕۆژانە باس دەکەین کە بڕیار وایە بەرچاوگەیەکی زۆر بەرینتر پێشکەش بە مرۆڤ بکەن.

١. تێپەڕگە هەسارەییەکان و لەرینەوە ئەستێرەییەکان (پلاتۆ)
ڕێکەوتی پێشبینیکراو بۆ پڕتاوکران: ساڵی ٢٠٢٦

ئەو پڕۆژەیەی ئاژانسی سپاشی ئەورووپا دەڕوانێتە ڕووناکی ملیۆنان ئەستێرە کە ئەگەری بوونی هەسارە بە دەورییاندا زۆرە. تەلەسکۆپە هاوشێوەکانی پێشوو تەنیا دەتوانن ئەو هەسارانە ببینن کە لە ئەستێرەی ناوەندییان نزیکن و زووبەزوو بە دەوریدا دەخولێنەوە. بەڵام پلاتۆ دەتوانێت زۆرتر لەسەر هەر ئەستێرەیەک بوەستێت. بەم هۆیەشەوە ئەگەری دۆزینەوەی هەسارەگەلی دوورتر لە ئەستێرەکان کە خولگەی سووڕانەوەیان بە دەوری ئەستێرەکەیاندا گەورەترە، زۆرتر دەبێت. بە شێوەیەکی تایبەتی ئامانجی سەرەکیی دۆزینەوەی هەسارەی دەرەکیی بەردین، لە ناوچەی ژیانهەڵگری ئەستێرەکانە. ناوچەی ژیانهەڵگر ناوچەیەکی بەرتەسکی دەوری ئەستێرەکانە. تینەکەی بۆ بوونی ئاو بە چەشنی تراو گونجاوە و بەم پێیەش ئەگەری بوونی ژیان تێیدا زۆرە. هەروەها ئەم تەلەسکۆپە کۆمەڵێک کەرەستەی تایبەتی هەیە تا هەسارەگەلی هاوشێوەی زەوی بدۆزێتەوە.

٢. تەلەسکۆپی سپاشی نانسی گرەیس ڕۆمان
ڕێکەوتی پێشبینیکراو بۆ پڕتاوکران: ساڵی٢٠٢٥

وەک تەلەسکۆپی سپاشی جەیمز وێب، تەلەسکۆپی نانسی گرەیسیش بە ناوی یەکەم بەڕێوەبەری ژنی ناسا کراوە و بە شێوەی سەرەکی، تیشکە خوارووسوورەکان چاودێری دەکات. بەڵام لە کاتێکدا کە جەیمز وێب جەخت لەسەر وردەکارییەکان دەکات، ڕۆمان دیمەنێکی گەورە لەبەرچاو دەگرێت. بەرچاوگەی ئەو تەلەسکۆپە ١٠٠ هێندەی جەیمز وێبە. لە پێنج ساڵی سەرەتایی دامەزرانیدا، ڕۆمان وێنەیەکی ٥٠ هێندەی ئەو شتەی هابڵ لە سی ساڵ کارکردنیدا نیشانی داوە، لە ئاسمان پیشان دەدات. ئەم تایبەتمەندییە ڕێگەی پێ دەدات یەکەم نەخشەی بەرینی خوارووسووری جیهان ساز بکات. زانستوانان هیوادارن بەم نەخشەیە بتوانن پێناسەی ماددەی تاریک و وزەی تاریک چارەسەر بکەن. تاکوو ئێستا زانستوانان تەنیا توانیویانە کاردانەوەی ئەم دووانە لەسەر گەردوون ببینن و نەیانتوانیوە بڵێن کە چین و چۆنن؟

٣. ئانتێنی سپاشی ئینتێرفرۆمەتری لەیزەری
ڕێکەوتی پێشبینیکراو بۆ پڕتاوکران: ٢٠٣٤

ئێمە سەرەتا لە ساڵی ٢٠١٥دا شەپۆلەکانی گراڤیتیمان (شەپۆلگەلێک لە تانوپۆی سپاشدا) دۆزییەوە. تاکوو ئێستا شەپۆلگەلێک لە کونەڕەشەکان (ڕەشەچاڵەکان) و وێککەوتنی ئەستێرە نۆترۆنییەکانمان بینیوە. لیسا کە ئەرکەنێردراوەیەکە (لەلایەن ئاژانسی سپاشی ئەورووپا بەڕێوە دەچێت)، شەپۆلدۆزێکی گراڤیتی زۆر بەهێزتر لەو شەپۆلدۆزانەیە کە ئێستا لەسەر زەوی لە شەپۆلە گراڤیتییەکان دەگەڕێن. لیسا لەخۆگری سێ سپاشگەڕی جیاوازە کە لە پێکهاتەیەکی سێسووچدا بە مەودای ٢.٥ ملیۆن کیلۆمەتر دوور لە یەکتر جێگیر دەبن. ئەم شەپۆلدۆزە سپاشییە بە شەپۆلە گراڤیتییەکان بە فڕێکوێنسگەلی زۆر نزم هەستیارە. جگە لە دیتری ئەرکەکانی، ئەم تەلەسکۆپە یارمەتیمان دەدات هەسارە دەرەکییەکانی دەوری ئەستێرەکان بە تاوتوێی شەپۆلە گراڤیتییەکانی ئەستێرەی دایکییان بدۆزینەوە.

وشەکان:
James Webb Space Telescope: تەلەسکۆپی سپاشی جەیمز وێب
launch: پڕتاوکردن، هاویشتن
Exoplanet (Alien planet): هەسارەی دەرەکی
Prospect: بەرچاوگە
PLANETARY TRANSITS AND OSCILLATIONS OF STARS (PLATO):
تێپەڕگە هەسارەییەکان و لەرینەوە ئەستێرەییەکان (پلاتۆ)
European Space Agency (ESA): ئاژانسی سپاشی ئەورووپا
Orbiting: خولانەوە
Habitable zone: ناوچەی ژیانهەڵگر
NANCY GRACE ROMAN SPACE TELESCOPE: تەلەسکۆپی سپاشی نانسی گرەیس ڕۆمان
Infrared radiation: تیشکی خوارووسوور
LASER INTERFEROMETER SPACE ANTENNA (LISA): ئانتێنی سپاشی ئینتێرفرۆمەتری لەیزەری (لیسا)
Gravitational wave: شەپۆلی گراڤیتی
Neutron star: ئەستێرەی نۆترۆنی
Detector: شەپۆلدۆز
Spacecraft: سپاشگەڕ
Triangular: سێسووچ
Frequencie: فڕێکوێنسی

وەرگێڕان: فاڕووق ئەحمەدی
چاودێری زمانی: حەسەن مووسازادە

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button