‌هەواڵی ڕێکخراوە

پەیامی مامۆستا فەرهاد شاکەلی بۆ گۆڤاری هۆژین

مامۆستا فەرهاد شاکەلی

شاعیر، زمانەوان، وانەبێژ، و توێژەر لە زانکۆی ئوپسالا، سوێد

١. گۆڤاری هۆژین: خەونێکی بەرچاو، وزەیەکی لەبننەهاتووی کوردانە

نازانم. ئێستایش، دوای ئەزموونی ئەو هەموو ساڵەی نووسین، لەوە دڵنیا نیم بە کامیان دەست پێ بکەم باشترە؟ دەستخۆشی و پیرۆزبایی یا ڕەخنە؟ هەرچییەک لەم نووسینەدا دەیڵێم، ئەنجامگرییەکە بە تەماشاکردنی ژمارە یانزدە ی گۆڤاری هۆژین وە دەستم هێناوە.

بڵاوکردنەوەی گۆڤارێکی زانستی بە زمانی کوردی، شتێک نییە هەروا بێدەنگ بە لایدا تێپەڕین. ئەمە بەدیهێنانی یەکێکە لە خەونە ڕەنگاوڕەنگەکانی کوردەواری. دەستتان خۆش بێت، لە دڵەوە پیرۆزباییتان لێ دەکەم، ئێوە شایانی ستایش و پەسنی زۆر و فراوانن، ئێوە شانازی دەبەخشن بە نووسەر و خوێنەری کورد و بە زمانی کوردی خۆیشی.

بواری کاری من ئەدەبییات و زمانی کوردییە. لێرەدا جەختکردنی دوو بابەت گرنگن و نابێ خۆمانیان لێ ببوێرین؛ یەکەم: ئەو بەیت و بالۆرە کۆنە ویستشکێنەی کە زمانی کوردی ناتوانێت خۆی لەگەڵ پێشکەوتنی بیر و هزر و زانستی سەردەمدا بگونجێنێت، ساڵانێکە بە درۆ خراوەتەوە. ئەمڕۆ سەر لە هەر کتێبفرۆشییەکی باش و زەنگینی کوردستان بدەیت، ئیدی تەنیا شیعر و چیرۆک و فۆلکۆر پێشوازیت لێ ناکەن. دەیان و سەدان کتێب لە بوارە جۆربەجۆرەکانی فەرهەنگ و زانستدا دەنووسرێن، تەرجەمە دەکرێن، بڵاو دەکرێنەوە و دەخوێنرێنەوە؛ دووەم: زمانی کوردیی ناوەندی بەپێی هەموو پێوەرە زانستییەکان زمانێکی ستانداردە و لە دوو بەشی نیشتماندا نەخشی خۆی وەک زمانێکی ستاندارد دەبینێت. ئەوە ئەرکی خوێنەوار و نووسەر و ڕووناکبیر و زانایانی کوردە، ئەم زمانە ستانداردە دەوڵەمەند بکرێت و هەموو شتێکی پێ بنووسرێت.

ئەگەر بەراوردێکی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە بوارەکانی فەرهەنگ و زانستدا بکەین، ڕەنگە نووسینی بابەتی زانستی پەتی هێندەی زانستە مرۆییەکان پێش نەکەوتبێت، بەڵام ساڵانە دەیان نیشانەمان بەرچاو دەکەون و دڵنیامان دەکەن کە ئەو تێگەیشتنەیش گۆڕانێکی بنەڕەتیی بەسەردا هاتووە. خۆشبەختانە بابەتەکانی گۆڤاری هۆژین جۆراوجۆرن و نووسەرەکانی لەوە ناترسن دەست بۆ هەموو میوەکانی زانست و زانیاری ببەن.

ئەگەر ڕێگەم بدەن، هەندێ ڕەخنە و پێشنیازیش دەخەمە بەردەستتان، لەوەیە سوودێکیان بۆ ئەم خەباتە سەخت و گرنگەی ئێوە هەبێت:

لە ڕووی زمان و ڕێنووسەوە بەرهەمەکان جێی دڵخۆشی و بەرزنرخاندنن، بەڵام ئەوەیش ڕاستە کە هەڵەی ڕێنووس و ڕێزمان، لێرە و لەوێ (میزاجی کوردەواری)ی خوێنەر دەئاڵۆزێنن.

وەک پێناسەی گۆڤارەکە (زانستی)تان بە کار بردووە. (زانستی) ئاوەڵناوێکی یەکجار هەراو و پانوپۆڕە. من پێم وایە ئەو ئاوەڵناوە سنووردارتر بکرێت چاکترە. ئێوەیش دەزانن کە ئەدەبییات و زمان و پەروەردە و سیاسەت و جیۆگرفیایش زانستن. بەڵام بۆ کارەکەی ئێوەیش و بۆ خوێنەری کوردیش وای بە باش دەزانم خۆتان بە زانستە مرۆییەکانەوە خەریک نەکەن. تەنیا زانستی پەتی (فیزیک، شێمی، تێکنۆلۆگی، جێنێتیکس، زەویناسی، نەوت… و دەیان ڵۆگی-ی دیکە) بڵاو بکەنەوە، باشتر ئامانجەکانتان دەپێکن. لە بواری زانستە مرۆییەکاندا ڕەنگە ڕێگا بە خۆم بدەم، بڵێم دوو زانستی فەلسەفە و سایکۆڵۆگی دەبێ کاری زۆرتریان لەسەر بکرێت. ئەگەر جاروبار نووسین لەو دوو بوارەدا بڵاو بکەنەوە، تووشی گوناهـ نابن.

بڵاوکردنەوەی دەنگوباسی زانستی، بەلام بە کورتی، لە هۆژیندا زۆر پێویستە. دەتوانن لەپاڵ ١٠-١۵ لێکۆڵینەوەدا، لە هەر ژمارەیەکدا ٢٠-٢۵ دەنگوباسی زانستی بڵاو بکەنەوە. خوێنەری ئەو جۆرە نووسینە یەکجار زۆرترن لەوانەی لێکۆلینەوەکان دەخوێننەوە. ئەوەیش بە باش دەزانم لێکۆڵینەوەکان هەمیشە لەو بوارە تیۆرییانەدا نەبن کە خوێنەری ئاساییی کورد کارێکی ڕاستەوخۆی پێیان نییە. ڕاستە ئێلیتێکی زانستخواز و ئەکادێمی هەن ئەو بابەتانە دەخوێننەوە، بەڵام سەدان و هەزاران خوێنەریش هەن پێویستیان بەوەیە لە بواری زانستی بەکارهێنراوی ڕۆژانەدا (بۆ نموونە کۆمپوتەر، فریاکەوتنی نەخۆش، منداڵبوون، کارەبا، سایکۆڵۆگیی منداڵان) پلەی هۆشیاری و تێگەیشتنی خۆیان پێش بخەن.

هەروەها دەکرێ دوو سێ لاپەڕەیەک تەرخان بکەن بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری خوێنەران لە بوارە زانستییەکاندا.

جارێکی دیکەیش پیرۆزبایی لە ئێوە و لە خوێنەری کورد و لە زمانی کوردی دەکەم. دەزانم کارەکەتان ئاسان نییە و ئامانجێکی سەخت، بەڵام پیرۆزتان هەڵبژاردووە. هاوکات ئەوەیش دەزانم و دڵنیام کە ویست و وزە و ورەی بەرزتان لە بن نایێن و هەموو سەختی و ڕێگر و ئاستەنگەکان دەبەزێنن.

فەرهاد شاکەلی، ئوپسالا، سوێد

١۵-١٠-٢٠٢١

بەڕێز پڕۆفیسۆر شاکەلی،

جێی خۆشحاڵی و شانازییە کە گوێبیستی ڕا و بۆچوونی بەڕێزتان بووین. بۆچوون و ڕەخنەکانتان دەنرخێنین و لەبەرچاویان دەگرین.

لە بواری هەڵەگریی ڕێنووسی و ڕێزمانیدا، ڕاستە کە هێشتا بەو ئاستە نەگەیشتووین کە خوازیاری بەرپرسانی گۆڤارە، بەڵام هەوڵمان ئەوەیە کە ئەو کەلێنە بە شێوازێکی سیستماتیک و پلانداڕێژراو چارەسەر بکەین و نەکەوینە داوی پێرفێکشنیزمێکی بێدەرهاویشتە.

سەبارەت بە پێشنیاری بەڕێزتان، لەمەڕ جەختکردنی زیاتری گۆڤار لەسەر زانستی پەتی، بەتەواوەتی هاوڕاین و هەوڵیشمان هەر لەو چوارچێوەدا بووە. هەڵبەت کەموکورتی بەتایبەت لە چوارچێوەداڕشتندا هێشتا دەبینرێت. ئەو کارەش پێویستی بە پەروەردەی نووسەری زانستیی چالاک لە بوارە جیاوازەکاندا هەیە.

جێی ئاماژەیە کە چەندین جار تاومان داوەتە بابەتی فەلسەفیش و ئەم کارەش بە هیواین درێژە بدەین.

سەبارەت بە بوونی بابەتی کورتی زانستی لە پەنا هەبوونی وتاری توێژینەوەیی درێژتر، بەتەواوەتی هاوڕاین و ڕێکار و پلانمان هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەشە. جێی ئاماژەیە کە لە ماڵپەڕی هۆژاندا، هەوڵ دەدەین هەواڵی زانستیی کورتتر دابنێین کە لەوانەیە زووتر کۆن ببن و گونجاوی گۆڤار نەبن.

جارێکی دیکەش سپاس و دەستخۆشی لە بەڕێزتان دەکەم بۆ پێداچوونەوەی ورد و ڕەخنەی جوان و بەجێتان. هیوادارین بەردەوام لەگەڵ گۆڤاری زانستیی هۆژیندا پەیوەندیتان هەبێت. تامەزرۆی ڕەخنە و پێشنیارەکانی داهاتووی بەڕێزتانین.

بە سپاسەوە،

د. ئاسۆ ڕەحیمزادەگان

سەرنووسەری یاریدەدەری گۆڤاری زانستیی هۆژین

.

 

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button