بابەتتەندروستی

ددانی ڕزیوی منداڵان پڕ بکەینەوە یان نا؟

بەپێی ئاگاداربوونەوەی خەڵک لەسەر گرنگبوونی تەندروستیی ددانی منداڵەکان، بە پێچەوانەی جاران کە زۆربەی ددانە ڕزیوەکانی منداڵان دەکێشران، وردە وردە پڕکردنەوەی ددانی منداڵانیش باو بووە. بەڵام تا دوو ساڵ لەمەوبەر وەڵامی ئەم پرسیارە ڕوون نەبوو کە ئایا باشترین کار ئەوەیە ددانە ڕزیوەکان پڕ بکرێنەوە یان کاری باشتریش هەیە. زانینی ئەمە بەم هۆکارانە گرنگە: پڕکردنەوەی ددانی منداڵان پارە و وزەیەکی زۆری دەوێت، هەروەها کاتێکی زۆریش دەخایێنێت.

هەوڵی هەڕەمەکی-کۆنترۆڵکراوی FiCTION لە ساڵی ٢٠١٠ی زایینی لە بەریتانیا بە مووچەی نزیکەی ٣ ملیۆن پۆندەوە بۆ دۆزینەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە دەستی پێ کرد . لەم هەوڵەدا ٣ دەرمانیان بۆ ددانی ڕزیوی منداڵان (کە نەگەیشتبێت بە کاناڵی ددان) هەڵسەنگاند:
▪️پاککردنەوەی بەشی ڕزیوی ددان و پڕکردنەوەی ددان + ئەو کارانەی کە بۆ پێشگرتن لە ڕزینی ددانەکان دەکرێت؛
▪️پڕکردنەوە بەبێ ئەوەی کە بەشی ڕزیوی ددان لاببرێت + ئەو کارانەی کە بۆ پێشگرتن لە ڕزینی ددانەکان دەکرێت؛
▪️تەنیا ئەو کارانەی کە بۆ پێشگرتن لە ڕزینی ددانەکان دەکرێت.

لەم هەوڵەدا زۆرتر لە هەزار منداڵی ٣ تا ٧ ساڵان بەشدار بوون. لە ئاکامدا وا دەرکەوت کە هیچ کام لەم ٣ دەرمانە دوای ٣ ساڵ بۆ ئێش و هەوکردن لەوەی دیکە باشتر نییە . واتە لەجیاتیی پڕکردنەوەی ددان دەتوانین تەنیا ئەو کارانەی کە بۆ پێشگرتن لە ڕزینی ددانەکان دەکرێت (پارێز، پاککردنەوەی پلاک لەسەر ددان، بەکارهێنانی فلۆراید و فیشور سیلانت) بەکار بهێنین.

بەپێی ئەم توێژینەوە و توێژینەوەکانی دیکە، وا دەرکەوتووە کە باشتر وایە دەرمانەکانی ئێستای ددانپزیشکیی منداڵان لەگەڵ ئەو دەرمانانەی کە بەکارهێنانیان ئاسانتر و هەرزانترە و ئازاریشی بۆ منداڵان کەمترە، بگۆڕدرێت (وەک Hall technique ).

هەوڵی هەڕەمەکی-کۆنترۆڵکراو: Randomised Controlled Trial or RCT

پارێز: diet

ئامادەکردن: ئەحمەد سۆفی مەحموودی

Vice-chair, Early Career Professionals Group, Cochrane, UK.

پێداچوونەوەی زمانی: حەسەن مووسازادە

National Institute for Health Research (NIHR). “FiCTION – Filling Children’s Teeth: Indicated Or Not?”. Website: https://www.journalslibrary.nihr.ac.uk/programmes/hta/074403.

Innes NP, Clarkson JE, Douglas GV, Ryan V, Wilson N, Homer T, Marshman Z, McColl E, Vale L, Robertson M, Abouhajar A. Child Caries Management: A Randomized Controlled Trial in Dental Practice. J Dent Res. 2020 Jan;99(1):36-43.

Elamin F, Abdelazeem N, Salah I, Mirghani Y, Wong F. A randomized clinical trial comparing Hall vs conventional technique in placing preformed metal crowns from Sudan. PLoS One. 2019 Jun 3;14(6):e0217740.

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button