بابەتتەندروستی

بەرنامەکانی دۆزینەوەی هاوڕێ، لەوانەیە هەستی خۆبەکەمزانی و بێهیوایی لە بەکارهێنەراندا زیاد بکەن!

 

بەرنامەکانی دۆزینەوەی هاوڕێ، لەوانەیە هەستی خۆبەکەمزانی و بێهیوایی لە بەکارهێنەراندا زیاد بکەن!

تیندەر (Tinder) دەتوانێت ئامرازێکی پڕ لە ئەزموون بێت بۆ پەیوەندی گرتن، بەڵام لە ڕاستیدا وا دیارە هەندێک لە بەکارهێنەران هیچ ئارەزووی پەیوەندی خۆشەویستیان نییە.

ئەپەکانی پەیوەندی گرتن نائومێدت دەکەن؟

لێکۆڵینەوەکان ئاشکرای دەکەن کە بۆچی بەکارهێنەرانی تیندەر ڕەنگە هەست بە ناڕەزایەتی بکەن؟! بەپێی ڕاپرسییەک لە بەکارهێنەران، دەرکەوتووە کە نیوەیان لە ڕاستیدا هەرگیز نەیانویستووە لە سەرەتادا یەکتر ببینن. تیندەر تا ئێستا بەناوبانگترین ئەپی دۆزینەوەی پەیوەندییه لە جیهاندا کە مانگانه ٧٥ ملیۆن کەس کەڵکی لێ وەردەگرن، لە کاتێکدا دەرفەتێکی زۆری بۆ ناسینی کەسانی نوێ و دەستپێکردنی پێوەندییەکی سۆزدارانه رەخساندووە، بۆ هەندێکی تر سەرچاوەی نائومێدی و سەرلێشێواوی بووە.

ئەزموونی “ونبوون” کە سەرەتا گفتوگۆیەکی سەرنجڕاکێش دەست پێدەکات، لەناکاو و بە شێوەیەکی نادیار دەگۆڕدرێت بۆ بێدەنگییەکی یەکجارەکی، کە ئەمە پێدەچێت زۆر باو بێت.

ئێستا، لێکۆڵینەوە نوێیەکان ڕەنگە یارمەتیدەر بن بو ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە بۆچی ئەمە وا ڕوو دەدات؛ دەردەکەوێت کە زۆربەی بەکارهێنەران هەرگیز بە تەمای دەسپێکردنی پەیوەندییەکی جیددی نەبوونە.

بەپێی ڕاپرسییەک لە ١٣٨٧ بەکارهێنەری تیندەر، نیوەیان ڕایانگەیاندووە کە لە ڕاستیدا ئارەزووی ناسینی کەسێکیان لە ڕێگەی دوورەوە نییە، ئەگەرچی دەرکەوت که نزیکەی دوو لەسەر سێیان یان هاوسەرگیریان کردووە یان هەر ئێستا له پەیوەندییەکی خۆشەویستیدان. وادیارە، لانیکەم بۆ زۆربەی خەڵک، پەیوەندیی خۆشەویستیی ئۆنلاین تەنیا فورمێکی جیاوازتر لە کۆمەڵایەتیبوونه کە خۆیانی پێوە سەرقاڵ دەکەن، ڕادەبوێرن و یان ئاستی متمانەبەخۆیی خۆیان دەبەنە سەر.

ئەمە بەو مانایە نییە کە هیچ تاکێک بە دوای پەیوەندیی خۆشەویستی نییە، بەڵکو تەنیا ئەوەیە کە پاڵنەرە دەروونییەکان بۆ بەشداری کردن لەگەڵ تیندەر زۆر جیاوازترن لەوەی پێشتر گریمانە کرابوون و ئەم پاڵنەرانە لەسەر ئاستی ڕەزامەندیی کەسەکان لەگەڵ ئەپەکە و ئەو ژوانانەی کە بووەتە هەوێنیان، کاریگەرییان هەیە. زیاتر لە ئەپێکی پەیوەندیی خۆشەویستی تا ئێستا لێکۆڵینەوەی زۆر لەسەر بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیی خۆشەویستیی ئۆنلاین کراوە بەڵام کەم کەس سەرنجی تایبەتیی داوە بە ڕازیبوونی بەکارهێنەران لەگەڵ ئەپەکانی پەیوەندیی خۆشەویستی و هەلی ئەو ژوانانەی کە بۆ ئەوانی دەڕەخسێنن.

دوکتور ئیلیاس ئەبوجاود پرۆفیسوری کلینیکی پزیشکی دەروونی و زانستی هەڵسوکەوت و نووسەری لێکۆڵینەوەکە لە بەیاننامەکەدا دەڵێ “من زۆر سەرسام بووم بەوەی کە چەندە زانیاری کەم هەیە کاتێک باس لەوە دەکرێت کە خەڵک چەندە لە پەیوەندیی خۆشەویستیی ئۆنلاین و لەو ژوانانەی کە دەتوانێت لە ئەنجامی بەکارهێنانی ئەو ئەپانەدا هەڵکەوێت، بەگشتی، ڕازین.” ئەبوجاود و هاوکارەکانی لە فەڕەنسا و سویسرا پرسیاریان بۆ بەکارهێنەره ئینگلیزی زمانەکانی تیندەر سەبارەت بە پاڵنەرەکانیان بۆ بەکارهێنانی ئەپەکە داڕشت، ژمارەی ئەو ژوان و پەیوەندییانەی کە پێشتر بوویانه، دۆخی پەیوەندییەکانیان و هەروەها ئامانج و هەلومەرجەکانیان بۆ هەڵبژاردنی هاوبەشەکانیان.

هەروەها بۆ هەڵسەنگاندنی هەندێک فاکتەری دەروونی پرسیاریان کرد، وەک ئاستی زوو هەڵچوون، خەمۆکی، تەنیایی و ئاستی متمانەبەخۆیی.

لە کۆتاییدا داوا لە بەشداربووان کرا کە ڕەزامەندیی گشتیی خۆیان لە ئەپەکە و هەر ژوانێکی دونیای ڕاستەقینه کە توانیویانە هەیانبێت هەڵسەنگێنن. “بەشە سەرسووڕهێنەرەکە ئەوەیە کە ڕێژەیەکی زۆر، نزیکەی نیوەیان، بۆ دۆزینەوەی پەیوەندیی خۆشەویستی نەچوونەتە سەر هێڵ.” ئەمە دەبێتە پرسیارێکی سەرنجڕاکێش کە بۆچی کەسێک هەموو کاتی لە سەر ئەپی پەیوەندی خۆشەویستیدا تەرخان دەکات بەڵام ئارەزووی دۆزینەوەی پەیوەندی خۆشەویستییان لەم ڕێگەوە نییە.

جگە لە گەڕان بە دوای ژوانێکی ئامانجدار یان هاوبەشی سێکسی، پێدەچێت زۆرێک لە بەکارهێنەران ڕوو لە تیندەر بکەن بۆ ڕابواردن و سەرقاڵکردن و هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی هەستە ئەرێنییەکان وەک ڕێگەیەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەستە نەرێنییەکان. ‌

ئەبوجاود دەڵێت: “ئێمە پێیان دەڵێین ئەپی پەیوەندیکردن، بەڵام بە ڕوونی جگە لە پەیوەندیکردن خزمەت بە ئەرکەکانی دیکەش دەکەن.

” لە ئاکامی لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوت کە ڕەزامەندیی گشتی لە تیندەر لە پێوەرێکی ٤ خاڵی، ٢.٣٩ی وەرگرت، لە کاتێکدا ڕەزامەندیی لەو ژوانانەی کەوا به هۆی بەکارهێنانی ئەو ئەپەوە بۆیان هەڵکەوتووە، ٥ ٣.٠٥ی وەرگرت. لە ڕێگەی مۆدێلێکی فێربوونی ماشینەوە کە بە شێوەیەکی تایبەت پەرەی پێ دراوە، تیمەکە توانیان پێشبینی بکەن کە چ کەسانێک لە بەکارهێنانی ئەو ئەپانه ڕازین.

کەسانێک کە زۆرترین ڕەزامەندییان لە ئەپەکە هەبووە، به مەبەستێکی دیاریکراو وەک دۆزینەوەی هاوڕێ، قسەکردن و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی هاتوونەتە ناو ئەپەکەوە.

بەڵام ئەوانەی ڕەزامەندیی کەمتریان لە ئەپەکە هەبووە، پێیان خۆش بووە وەک میکانیزمێکی ڕووبەڕووبوونەوە بەکاری بهێنن بۆ شاردنەوەی هەست و سۆزە نەرێنییەکان یان دۆخە دەروونییەکان، وەکوو زووهەڵچوون یان خەفەت و خەمۆکی. لە کۆتاییدا وا دیارە کە پەیوەندیی ئۆنلاین میکانیزمێکی کاریگەر نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگییەکانی تەندروستیی دەروونی. بە وتەی ئەبوجاود، بەکارهێنانی ئەم چەشنە ئەپانە بۆ ئەم مەبەستە دەتوانێت ئەم بارودۆخانە بۆ بەکارهێنەر خراپتر بکات.

وەرگێڕ: فەریبا موسلیمی – ماستەری پەروەردەی جەستەیی و مامۆستای زانکۆ

هەڵەگر: موعین ئەحمەدی سەرچاوە

 

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button