بابەتتەندروستی

حەبەکانی دژەخەمۆکی، بۆچی چەند هەفته دوای دەستپێکردن ئاسەواری خۆیان نیشان دەدەن؟

زۆربەی ئەو کەسانەی تووشی خەمۆکی دەبن، بۆ ئەوەی نیشانەکانی ئەو نەخۆشییە کەم بکەنەوە، پشت بە دەرمانەکانی دژەخەمۆکی دەبەستن، بەڵام کاریگەریی ئەو دەرمانانە خێرا نین و چەند هەفتەیەکی پێ دەچێت تا باری دەروونی بە شێوەیەکی بەرچاو، بەرەو باشتربوون بچێت. هۆکاری ئەمەش بۆ ماوەیەکی زۆر لە پزیشک و توێژەران شاراوە بووە و بووەتە پرسیارێک بۆ توێژەرانی ئەم بوارە؛ کە هۆکار چییە کە ئاوا هێدی و خاو شوێن دادەنێت؟

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریدەخات کە دەرمانی دژەخەمۆکی، دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی جەستەیی لە مێشکدا و وردە وردە توانایی پێکهاتن و فێربوونی مێشک زیاتر دەکات.

توێژینەوەیەکی نوێ لەسەر دەرمانی دژەخەمۆکی

توێژینەوەکە بریتی بوو لەو کەسانەی کە بە ڕەزامەندیی خۆیان بەشداریان کردبوو و لە بواری تەندروستییەوە سەلامەت بوون. ئەو کەسانە لە دوو گرووپدا دابەش کران: بۆ ماوەی پێنج هەفتە ١٧ کەس لە وان ڕۆژانە بڕی ٢٠ میلیگرام لە دەرمانی دژەخەمۆکیی ئێسیتالۆپرام و ١۵ کەسیش پلاسیبۆیان بەکار هێناوە.

توێژەران لە کۆپنهاگن و ئینسبروک و کامبریج سکانەرێکی PET یان بۆ پێوانەکردنی بڕی پرۆتینێک بە ناوی «گلایکۆپڕۆتینی 2A» لە مێشکدا بەکار هێنا. ئەم پرۆتینە نیشاندەری ژمارەی سیناپسەکان لە نێوان خانەکانی مێشکدایە. ئەمەش پێوەرێکە بۆ توانایی خۆگونجاندنی مێشک لە بەرامبەر گۆڕانکاری و فێربوون.

ئەنجامەکان دەریانخستووە ئەو کەسانەی کە دەرمانی دژەخەمۆکییان خواردووە، وردە وردە سیناپسەکانیان لە دوو ناوچەی سەرەکی مێشکدا واتا «نیوکۆرتێکس و هیپۆکامپوس» زیاد بووە. نیوکۆرتێکس بەرپرسی ئەرکە مەعریفییە گرنگەکانە وەک تێگەیشتن، هەستکردن و شیکردن. لە کاتێکدا، هیپۆکامپوس لە بیرەوەری و فێربووندا بەشدارە. لەو توێژینەوەیەدا، ئەو بەشداربووانەی کە پلاسیبۆیان خواردووە هیچ گۆڕانکارییەکیان لە سیناپسەکانیان دەرنەخستووە.

توێژەران دەریانخست، لەو ناوچانەی مێشک کە لە خەمۆکیدا ڕۆڵێکی گرنگتریان هەیە، دەرمانی دژەخەمۆکی سیناپسەکان زیاد دەکات. ڕەنگە ئەو سیناپسانە لە چۆنیەتیی کارکردنی دەرمانی دژەخەمۆکی ڕۆڵیان هەبێت و ڕەنگە بتوانن دەرمانێکی نوێ کە ڕاستەوخۆ سیناپسەکان بکاتە ئامانج، دروست بکەن.

هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە کە بۆ دروستبوون و گەشەی سیناپسەکان، ماوەیەکی پێ دەچیت. ئەمەش دەتوانێت ئەوە ڕوون بکاتەوە کە بۆچی چەند هەفتەیەک دەخایەنێت تا دەرمانەکانی دژەخەمۆکی کاریگەرییان هەبێت.

٭پلاسیبۆ (کوردی: گەندەچارە/ لاتین: placebō /عەرەبی: دواء وهمی/فارسی: دارونما)

بریتییە لە هەر شتێک کە وەک چارەسەرێکی پزیشکیی ڕاستەقینە دەردەکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ ماددەیەکی چالاکی تێدا نییە کە کاریگەری لەسەر تەندروستی هەبێت.

escitalopram: ئێسیتالۆپرام
Placebo: پلاسیبۆ
Copenhagen
Innsbruck
Cambridge
Synapses
Neocortex
Hippocampus

وەرگێڕ: سۆما تووتنچی، کارناسی باڵای دەروونناسی

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button