بابەتتەندروستی

بۆچی لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا، دەنگیش دەگۆڕێت؟

دیارە پیری، شوێن لەسەر هەموو بەشێکی لەش و قوڕگ و دەنگ دادەنێت، بەڵام بەو شێوەیە نییه کە  پیربوون تاکە هۆکاری گۆڕینی دەنگ بە درێژایی تەمەنمان بێت.

ئەوانەی هۆگری دەنگی گۆرانیبێژێکن، چاک دەزانن لەگەڵ بەساڵاچوونی گۆرانیبێژ، دەنگی دەگۆڕێت و کێش و زوڵاڵی و هێز و بڕکردنەکەی جارانی نامێنێت؛ تەنانەت ئەگەر گۆرانبێژێک لە ژیاندا نەمابێت، کاتێک کە گوێ لە گۆرانییەکانی دەگرینەوە، کاریگەریی هەڵکشانی تەمەن و تێپەڕینی ساڵانی تێدا بەدی دەکەین.

قوڕگی مرۆڤ، کۆمەڵە ژێیەکی تێدایە کە بە زرینگانەوەیان دەنگ بەرهەم دێت؛ ژێدەنگدان بەشێکە لە قوڕگ کە هەوا لێیەوە دەڕوات بەرەو سیپەلاک؛ هەوای ناو سیپەلاک بە ڕێگەی قوڕگدا دێتەوە دەر کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی زرینگانەوەی ژێدەنگەکان و بەرهەمهێنانی دەنگ.

ژێدەنگ لە سێ بەشی سەرەکی پێک هاتووە: ماسوولکەی دەنگ، بەستەری دەنگ و پەردەیەکی بەڵغەم کە ڕژێنەکانی تێدایە؛ هەم ژێدەنگەکان لە زەبر دەپارێزێت و هەم تەڕ و شێداریان دەکات.

لە قوڕگدا ١٧ ماسوولکەی دیکەش هەیە کە ژێدەنگەکان گرژ و خاو دەکەنەوە و کێش و هێز و هەوای دەنگ دەگۆڕن.

پێش قۆناخی پێگەیشتن، قوڕگی کچ و کوڕ، جیاوازییەکی وای نییە، بەڵام لە کاتی پێگەیشتندا، هۆرمۆن پێکهاتەی قوڕگ دەگۆڕێت؛ “سێوکەی قوڕگ“ی پیاو لەچاو ژن گەورەتر و ژێدەنگیشی درێژتر دەبێت؛ دوای پێگەیشتن، درێژایی ژێدەنگ لە پیاواندا دەگاتە ١٦ میلیمەتر و لە ژناندا تا ١٠ میلیمەتر درێژ دەبێتەوە .

لە ژناندا ژێدەنگ دوای پێگەیشتن بە ڕێژەی ٢٠-٣٠٪ تەنکتر دەبێتەوە. ژێدەنگی کورت و تەنک، دەنگی ناسکی لێوە دێت، هەر بۆیە ژن دەنگی ناسکترە لە پیاو. 

تەنانەت دوای تەمەنی پێگەیشتنیش ڕەنگە دەنگ بکەوێتە بەر کاریگەریی هۆرمۆنەکان؛ بۆ نموونە: لەوانەیە دەنگی ژن بە گوێرەی قۆناخی سووڕی مانگانەی جیاواز بێت؛ دەنگ لە قۆناخی هێلکەترووکاندا خۆشتر دەبێت، چونکە لەو قۆناخەدا ڕژێنەکان بەڵغەمێکی زۆر دەردەدەن و ژێدەنگەکان جوان دەخووسێن و بە ئیسراحەت دەزرنگێنەوە.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەک، ئەو خانمانەی حەبی بەرگیری (دژەدووگیانبوون) دەخۆن، شێوازی دەنگیان زۆر ناگۆڕێت، چونکە ئەو حەبە هێلکەدان ڕادەگرێت.

لەگەڵ هەڵکشان و داکشانی هۆرمۆنی ژنانە لە پێش سووڕی مانگانەدا ژێدەنگ ڕەق دادەگەڕێت؛ لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، کەسانی ئۆپێراچڕ لەو ڕۆژانەدا پشوویان پێ دەدرا کە پێی دەگوترا “جەژنۆکە“، بۆ ئەوەی قوڕگیان ماندوو نەبێت و دەنگیان نەکەوێت؛ جگە لەوەش، لەبەر ئەوەی ژێدەنگی ژن تەنکترە، لە ژێدەنگی پیاوان ناسکترە و زووتر دەکەوێت، هەر بۆیە پاراستنێکی زیاتری دەوێت. 

هەموو شتێک پیر دەبێت

زۆربەی هەرە زۆری بەشەکانی جەستە پیر دەبن، ژێدەنگیش هەر وا. 

لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا، هەتا دێت ڕێژەی کانزای قوڕگ زیاد دەکات و دەبێتە هۆی ڕەقداگەڕانی کڕکڕاگەی قوڕگ؛ واتە کرۆژەکەی جاران وەکوو ئێسکی لێ دێ؛ ئەم گۆڕانکارییە لەوانەیە هەر لە ٣٠ ساڵانەوە دەست پێ بکات، بەتایبەت لە پیاواندا کە وای لێهات، ژێدەنگ وەکوو جاران نەشنێتەوە و لەرینەوەکەی جارانی پێ نەمێنێت. 

ئەو ماسوولکانەی بەرپرسی زرینگانەوە و جووڵاندنەوەی ژێدەنگن، وەک هەموو ماسوولکەیەکی دیکەی لەش، وردەوردە لاواز دەبنەوە؛ ئەو بەستەر و شانانەش وا ژێدەنگەکان دەپارێزن، نەرمۆڵەییەکەی جارانیان نامێنێت و ڕەق هەڵدەگەڕێن.

ماسوولکە پەیوەندیدارەکانی سییەکانیش لاواز دەبن؛ لاوازداگەڕانی هێزی ئەو ماسوولکانە، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئەو هەوایەی لە سیپەلاکەوە دێت و دەنگی پێ دروست دەبێت. جگە لەوەش، ژمارەی ئەو ڕژێنانەی بەڵغەمی پارێزەر بەرهەم دەهێنن کەم دەبنەوە؛ سەرەڕای ئەوانەش، هێزی کۆنترۆڵکردنی قوڕگ کەم دەبێتەوە و کەسەکە وەکو جاران دەسەڵاتی بەسەر قوڕگیدا نامێنێت.

کاریگەریی شێوازی ژیان لەسەر دەنگ

ئەگەرچی ڕەوتی پیربوونی ژێدەنگ لە زۆربەی خەڵکدا وەکوو یەکە، بەڵام هەندێک خدەوخوو، ڕەوتەکە خێراتر دەکات و دەنگ زووتر لە کاتی خۆی دەگۆڕێت؛ بۆ نموونە جگەرەکێشان دەبێتە هۆی هەوکردنی شوێنەکە و دەردانی بەڵغەمی زیاتر و بەڵغەمی زیادە دەبێتە هۆی وشکهەڵگەڕانی ژێدەنگەکان؛ ئەلکۆلیش کاریگەرییەکی هاوشێوەی هەیە. بە تێپەڕینی کات، هۆکاری لەو چەشنە، کار دەکاتە سەر ژێدەنگ و شێوازی دەنگ دەگۆڕێت.

هەندێک دەرمانیش لەوانەیە ببنە هۆی گۆڕانی دەنگ؛ وەکو ئامێری هەڵمژینی ستیرۆید کە بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی قوڕگ بەکار دێت. دەرمانی خوێنشلکەرەوەش ڕەنگە زیان بگەیەنێتە ژێدەنگ و ببێتە هۆی دەرکەوتنی لک (پۆلیپ) و ئەمەش وا دەکات ژێدەنگەکە ڕەق و زبر هەڵگەڕێت.

هەروەها دەرمانی خاوکەرەوەی ماسوولکەش لەوانەیە ببێتە هۆی ورووژان و تێکچوونی ژێدەنگ، چونکە ئەو دەرمانە دەبێتە هۆی دڵەکزە و گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە بەرەو قوڕگ و قوڕگ دەخاتە خوران؛ هەڵبەت دوای وەلانانی ئەو دەرمانانە، خورانەکە نامێنێت. 

قیڕەقیڕ و چەنەلێدان و بانگەوازی زۆر و هاوار و زێدەچڕین، دەنگ دەکەوێنێت؛ بۆ نموونە مامۆستا و فرۆشیار و پارێزەر و ئەوانەی وا ناچارن بەردەوام بدوێن، دەنگیان تووش دەبێت و ئەگەر لێیانی توند بکات لەوانەیە ببێتە هۆی حاڵەتێکی نائاسایی کە پێی دەڵێن “هەڵاوسانی ڕینکە“؛ ئەو جۆرە هەڵاوسانە، رەنگە بە جگەرەکێشانیش سەرهەڵبدات. لە هەڵاوسانی ڕینکەدا، ژێدەنگ ئاودز دەکات و شلەی تێ دەزێت و ئاکامەکەیشی ئەوەیە دەنگی کەسەکە گڕتر لە دەنگەکەی جارانی دەنوێنێت.

زۆربەی جار، هەڵاوسانی ڕینکە بە پشوودان و دەمپارێزی لە ماکی ورووژێنەری وەک جگەرە و ئەلکۆل چاک دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر زۆر لێی پیر کردبێت، ناچار بە نەشتەرگەری شلەکەی لێ دەکرێتەوە.

پاراستنی کوالێتیی دەنگ

ڕێگری لە هەموو گۆڕانێکی ژێدەنگمان پێ ناکرێت، بەڵام دەکرێت بە هەندێک دەمپارێزی و خۆپارێزی، کوالێتی و توانستی قوڕگ و دەنگ بپارێزین؛ وەک چۆن هەندێک گۆرانیبێژ دەیکەن و لێ ناگەڕێن هەڵکشانی تەمەن زۆر زەفەریان پێ ببا و خەوش بخاتە دەنگیانەوە. 

گۆرانیچڕین و دەنگهەڵبڕین لە کاتی خوێندنەوەدا، ژێدەنگ دەبووژێنێتەوە و لێ ناگەڕێ زوو تێک بچێت و کز داگەڕێت. خواردنەوەی ئاو بەتایبەت ئاوی شلەتین بۆ ژێدەنگ باشە و نەرمی دەکاتەوە؛ بەپێچەوانەوە، خواردنەوەی ئەلکۆل و جگەرەکێشان بۆ ژێدەنگ خراپە. 

ژێدەنگ : vocal cords

کۆمەڵە ژێیەکی: cords

ماسوولکەی دەنگ: vocalis muscle

بەستەری دەنگ: vocal ligament

پەردەیەکی بەڵغەم: mucous membrane

کە ڕژێنەکانی: glands

سێوکەی قوڕگ: Adam’s apple

سووڕی مانگانەدا: premenstrual

جەژنۆکە:  grace days

 ستیرۆید: steroid

پۆلیپ:polyp

هەڵاوسانی ڕینکە:  Reinke’s oedema

 

 

 

وەرگێڕ: کەریم بایرامی

چاودێری زمانی: د. ڕزگار ئازەوانی

سەرچاوە:

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button