بابەتتەندروستی

سەرچاوە نەگۆڕەکانی نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمک کە مەترسیی تووشبوون زیاد دەکەن

سەرچاوەى نەگۆڕ، فاکتەرێکە کە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەک زیاد دەکا و بەگشتی لە چوارچێوەی ئیرادە و ئیختیاری مرۆڤدا نییە؛ وەکوو شێرپەنجەی مەمک. بەڵام هەبوونی یەک یا چەند سەرچاوەی نەگۆڕ، بەو واتایە نییە کە دەکرێ کەسێک بەدڵنیایی تووشی نەخۆشییەکە بێت. 

هەندێک سەرچاوە و فاکتەر بۆ شێرپەنجەی مەمک هەن کە ناگۆڕدرێن و ئەگەری تووشبوون زیاد دەکەن؛
وەکوو هەڵکشانی تەمەن یان هەبوونی گۆڕانکاریی جینەتیکیی تایبەت کە لە درێژەدا بەوردی باس دەکرێن:

 ١. ژنبوون
ئەم فاکتەرە سەرەکییەیە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاد دەکات، ھەڵبەت ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لە پیاوانیشدا هەیە، بەڵام ئەو ئەگەرە لە ژناندا زۆرترە.

٢. هەڵکشانی تەمەن
هەڵکشانی تەمەن مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاد دەکات. زۆرینەی ئەو کەسانەی  تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن، ژنانێکن کە تەمەنیان ۵۵ ساڵ یان زیاترە.

٣. گۆڕانکاریی جینەتیکی
چەندین گۆڕانکاریی جینی ھەیە کە دەتوانن مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاد بکەن، بەتایبەتی جینی بی ئار سی ئەی یەک و دوو: ئەوانەی کە ئەم گۆڕانکارییانە دەبینن، مەترسییان زۆرتر لەسەرە و زووتر تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبن. جینەکانی تر: ئەمانە کەمتر لە بی ئار سی ئەی باون و بە ڕادەی ئەوان  مەترسی زیاد ناکەن.

۴. هەبوونی پێشینەی شێرپەنجەی مەمک لە خێزاندا
ئەوانەی کە دایک، خوشک، یان کچیان شێرپەنجەی مەمکی هەبووە، مەترسیی تووشبوونیان زیاترە. هەبوونی پیاوێک لە خێزاندا(باوک یان برا) کە شێرپەنجەی مەمکی هەبووە، مەترسیی تووشبوون زیاد دەکات.

۵. ئەو کەسانەی پێشتر تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون
ئەو ژنانەی کە پێشتر شێرپەنجەی مەمکیان هەبووە، بە ئەگەری زیاتر دووبارە تووشی ئەم نەخۆشییە دەبنەوە.

۶. ڕەگەز و نەتەوە
ژنانی سپی‌ پێست بەگشتی و ژنانی ئەفریقی-ئەمریکایی ژێر ۴٠ ساڵ زۆرتر تووشی دەبن. ژنانی ئاسیایی، ھەسپانیکی و ئەمریکای ناوەندی مەترسییەکی کەمتریان لەسەرە. ژنانی ڕەش‌ پێست بۆ تووشبوون بە جۆری سیانە نێگەتیڤ مەترسییەکی زیاتریان لەسەرە.

 

٧. باڵا بەرزبوون
مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لە ژنانی باڵابەرزدا زیاترە کە لەوانەیە بۆ فاکتەری جینەتیکی و هۆرمۆنی بگەڕێتەوە بەڵام هۆکارەکەی بەجوانی ڕوون نییە.

٨. هەبوونی شانەی مەمکی چڕ:
ئەو ژنانەی کە مەمکیان زۆر چڕە، مەترسیی تووشبوونیان زۆرترە.

٩. نەخۆشییەکانی تری مەمک جگە لە شێرپەنجە:
ئەوانەی کە گەشەی نائاسایی لۆبەری یان گەشەی نائاسایی کەناڵەکانیان ھەیە، مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمکیان ۴ تا ۵ هێندەی کەسانی دیکەیە.

١٠. دەستپێکردنی سووڕی مانگانە لە تەمەن ی ژێر ١٢ ساڵەوە
ئەم کەسانە مەترسیی تووشبوونیان زیاترە  چونکە ماوەیەکی زۆرتر لەژێر کاریگەریی هۆرمۆنی ئەستروجین و پرۆجەسترۆندان.

١١. گەیشتن بە تەمەنی نائومێدی (لەزگوەستان)، لە دوای ۵٠ ساڵییەوە
ئەوانەی کە زۆرتر  لە کەسێکی ئاسایی سووڕی مانگانە دەبینن (کاتێکی زیاتر لە تەمەنیان لە سووڕی مانگانەدان)، هەر بەم هۆکارەی پێشتر باسمان کرد، مەترسییەکی زیاتریان لەسەرە.

١٢. وەرگرتنی تیشکی ڕادیۆیی بۆ سنگ
ئەوانەی کە پێشتر لە خزمەتگوزارییەکانی ڕادیۆتراپی بەهرەیان وەرگرتووە، بەتایبەتی لە تەمەنی گەنجیدا، بە ئەگەری زیاتر تووشی دەبن.

١٣. بەکارهێنانی دەوای دایئێتایلستیلبێسترۆڵ لە نێوان ساڵانی ۱۹۴۰ـ۱۹۷۰:
نێوان ساڵانی ١٩۴٠-١٩٧٠: ئەو کەسانەی دایکیان ئەم دەوایەی لە کاتی دووگیانیدا خواردووە، بە ئەگەر زیاتر ڕووبەڕووی مەترسیی تووشبوون بەو نەخۆشییە دەبنەوە.

پەیوەندیی نێوان شێوازی ژیان و مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک

 


خواردنەوە کحوولییەکان
ئەو کەسانەی شێوازی ژیانیان ئاوێتەی خواردنەوە کحولییەکانە، بە شێوەیەکی بەرچاو، مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لەواندا زیاترە. هەرچەندە ڕێژەی خواردنەوەی ئەو جۆرە خواردنەوانە زۆرتر بێت، مەترسیی تووشبوونیش زیاتر دەبێت.

ئەو ژنانەی ڕۆژێ جارێک خواردنەوەی کحوولی دەخۆنەوە، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە لەواندا  سەتا ۷ تا ۱۰، زیاتر لەو کەسانەیە کە نایخۆنەوە و ئەوانەش کە ڕۆژانە دوو یان سێ جار دەیخۆنەوە، ئەگەری تووشبوونیان، بۆ سەتا ۲۰ بەرز دەبێتەوە.
باشترین ڕێکار بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بەم هۆکارە ئەوەیە کە ئەو خواردنەوانە لە ڕۆژدا یەک جار زیاتر نەخورێنەوە یان بەتەواوی واز لە خواردنەوەیان بهێندرێ.

 بەرزبوونەوەی کێش و قەڵەوبوون
بەرزبوونەوەی کێش یان قەڵەوبوون دوای تەمەنی لەزگوەستان، مەترسیی شێرپەنجەی مەمک زیاد دەکات. پێش تەمەنی لەزگوەستان، زۆرترین ئیسترۆجین لە لایەن هێلکەدانەوە دروست دەبێت، بەڵام دوای تەمەنی لەزگوەستان، چەوریی جەستە ئیسترۆجین دروست دەکات کە دەتوانێت مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زۆر بکات. هەروەها، زۆر جار ئەو کەسانەی کێشیان زۆرە، ئەنسۆلینیان بەرزترە، ئەمە دەتوانێ پەیوەندی بە شێرپەنجە، بەتایبەتی شێرپەنجەی مەمکەوە هەبێت.

کەمبوونی چالاکیی جەستەیی
جێی ئاماژەیە چالاکیی بەردەوام، مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک، بەتایبەت لەو ژنانەدا کە تەمەنی لەزگوەستانیان تێپەڕاندووە، کەم دەکاتەوە.  گەرچی بەپێی سەرچاوەکان، چالاکیی بەردەوام بەسوودە، بەڵام ئەوەی کە ئەم چالاکییە چەند کاتژمێر بێت، هێشتا ڕوون نییە و دیارە هەرچی زۆرتر بێت، باشترە.

بەڕێوەبەرایەتیی شێرپەنجەی ئەمریکا پێشنیار دەکات کە گەورەساڵان لە مەودای کاتیی حەوتوویەکدا  ١۵٠ بۆ ٣٠٠ خولەک بەنەرمی، یان ٧۵ بۆ ١۵٠ خولەک چالاکیی قورس یان تێکەڵاوێک لە هەردووکیان، ئەنجام بدەن. لە هەمووان باشتر، چالاکییەکە کە لە حەوتوویەکدا ٣٠٠ خولەک یان زیاتر بخایێنێت.

نەبوونی منداڵ
مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک، لەو ژنانەی کە منداڵیان نییە یان یەکەم منداڵیان لە پاش تەمەنی ٣٠ ساڵییەوە هێناوەتە دنیا، زیاترە. بەپێچەوانە، بوونی منداڵ لە تەمەنی کەمتردا، ئەو مەترسییەش کەم دەکاتەوە.

 شیرنەدان بە منداڵ
بەپێی هەندێک توێژینەوە، دەرکەوتووە کە شیردان بە منداڵ مەترسیی شێرپەنجەی مەمک کەم دەکاتەوە، بەتایبەتی ئەگەر زیاتر لە ساڵێک بەردەوام بێت.

 ڕێگری لە دووگیانبوون
ئەو ژنانەی حەبی ڕێگری لە دووگیانبوون بەکار دەهێنن، هەرچەند بە بەراورد لەگەڵ ژنانی تر، تا ڕادەیەکی کەم مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لەواندا بەرز دەبێتەوە، بەڵام بە بەکارنەهێنانی، ئاستی مەترسیی تووشبوون، دوای ١٠ ساڵ وەک دۆخی ئاسایی لێ دێتەوە.

 دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی شێرپەنجەی مەمک

شێرپەنجەی مەمک یەکێک لە شێرپەنجە باوەکانی سەرانسەری جیهانە کە ژنان و پیاوان تووشی دەبن، هەرچەندە زۆر زیاتر لە ژناندا باوە. بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی شێرپەنجەی مەمک شێوازێکی گشتگیر پێویستە کە پشکنین، ڕێکار و ستراتیژیی چارەسەریی جۆراوجۆر لەخۆ بگرێت.

دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک
زۆرجار دەستنیشانکردن کاتێک دەست پێ دەکات کە نەخۆش یان پزیشک هەست بە گرێ یان بوونی دۆخێکی نائاسایی دیکە لە مەمکدا بکات. 


شێوازە باوەکانی دەستنیشانکردن


پشکنینی کلینیکیی مەمک:
پزیشک بۆ دۆزینەوەی گرێ، دیتنی گۆڕانی پێست، یان هەر شتێکی نائاسایی تر، بە دەست مەمک دەپشکنێ.

مامۆگرام:
بە کەڵکوەرگرتن لە تیشکی ئیکس، تومۆر یان گەشەی نائاسایی شانەکان، دیاری دەکرێت. ئەمە یەکێک لە ئامرازە کاریگەرەکانی دەستنیشانکردنی شێرپەنجەیە.

سۆنەر:
شەپۆلی دەنگی بۆ دروستکردنی وێنەی شانەکانی مەمک بەکار دەهێنرێت و دەتوانێت لە جیاکردنەوەی کیسی پڕ لە شلە و بارستە ڕەقەکاندا یارمەتیدەر بێت.

وێنەگرتنی دەنگدانەوە موگناتیسییەکان :
وێنەی مەمک بەوردی دەخاتە بەر دەست، ئەم شێوازە بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانە بەسوودە کە شانەکانی مەمکیان چڕە یان مەترسییەکی زۆرتریان بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لەسەرە.

 

بایۆپسی:
نموونەیەک لە شانەکانی مەمک دەردەهێنرێت و لە تاقیگەیەکدا پشکنینی بۆ دەکرێت تاکوو بزانرێت کە ئایا خانە شێرپەنجەییەکان ئامادەن یان نا.  ئەمە تاکە ڕێگە بۆ یەکلاکردنەوە و دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمکە.

جۆرەکانی شێرپەنجەی مەمک

 شێرپەنجەی بۆری لەجێدا:
فۆرمێکی جێگیر یان وەستاوە کە خانە شێرپەنجەییەکان لە بۆرییەکاندا قەتیس دەبن و بڵاو نابنەوە.

 شێرپەنجەی بۆریی داگیرکەر:
باوترین جۆرە کە لەودا خانە شێرپەنجەییەکان لە دەرەوەی بۆرییەکانەوە بۆ ناو شانەکانی مەمک بڵاو دەبنەوە.

شێرپەنجەی لوولەیی:
دەتوانێت  لەجێدا بێت، واتە بەتەواوی بڵاو نەبێتەوە و کاریگەری لەسەر ڕژێنەکانی  بەرهەمهێنەری شیر هەبێت.

شێرپەنجەی مەمکی سێ جار نەرێنی:
وەرگری هۆرمۆن و پرۆتینی ڕێسێپتۆری فاکتەری گەشەی چینی دەرەکیی مرۆڤی جۆری دووی نییە کە وا دەکات چارەسەرکردن بە چارەسەرە ستانداردەکان قورستر بێت.

شێرپەنجەی مەمکی وەرگری فاکتەری گەشەی چینی دەرەکیی مرۆڤی جۆری دوو -ئەرێنی:
بە بەرهەمهاتنی لە ڕادەبەدەری پرۆتینی فاکتەری گەشەی چینی دەرەکیی مرۆڤی جۆری دوو تایبەتمەندە، کە گەشەی شەڕانگێزیی تومۆر بەرەو پێش دەبات بەڵام بۆ چارەسەرە ئامانجدارەکان باش وڵام دەداتەوە.

بژاردەکانی چارەسەرکردن:

شێوازی چارەسەریی شێرپەنجەی مەمک، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر، گەلێک جیاوازە.

 بە پشتبەستن بە جۆر، قۆناغ و تایبەتمەندییە بایۆلۆژیکییەکانی شێرپەنجەکە، هەروەها تەندروستیی گشتی و ئارەزووەکانی کەسی نەخۆشەکە، ڕێگە باوەکانی چارەسەری بریتین لە:

۱. نەشتەرگەری

لومپێکتۆمی: تەنها وەرەمەکە و بەشێکی بچووکی شانە تەندروستەکانی دەوروبەری لا دەبات و زۆربەی مەمکەکە دەپارێزێت.

مەمکبڕین بریتییە لە دەرهێنانی تەواوی مەمک بۆ نەهێشتنی خانە شێرپەنجەییەکان؛ هەندێکجار بۆ ئەو نەخۆشانەی مەترسیی زۆریان لەسەرە، لەسەر هەردوو مەمکەکە ئەنجام دەدرێت (بڕینی هەردووکیان).

۲. چارەسەریی تیشکی

بەکارهێنانی تیشک بە وزەی بەرز بۆ لەناوبردنی هەر خانەیەکی شێرپەنجەیی کە دوای نەشتەرگەری مابێتەوە بەکار دەهێنرێت کە مەترسیی دووبارەبوونەوەی کەم دەکاتەوە. زۆر جار لەگەڵ  لومپێکتۆمی بۆ پاراستنی شانەکانی مەمک بەکار دێت.

 

۳. چارەسەریی کیمیایی 

بریتییە لە بەکارهێنانی دەرمانە بەهێزەکان بۆ کوشتنی خانە شێرپەنجەییەکان یان بچووککردنەوەی تومۆرەکان پێش نەشتەرگەری. هەروەها دوای نەشتەرگەریش بۆ نەهێشتنی خانە شێرپەنجەییەکانی درێژخایەن و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان بەکار دێت.

۴. چارەسەریی هۆرمۆنی

بۆ شێرپەنجەکانی مەمک کە وەرگری هۆرمۆن ئەرێنین (ئیسترۆجین ئەرێنی یان پرۆجیسترۆن ئەرێنی) بەکار دێت. دەرمانەکانی وەک تامۆکسەفێن یان ڕێگرەکانی ئارۆماتۆز ڕێگری لە کاریگەریی ئیسترۆجین لەسەر خانە شێرپەنجەییەکان دەکەن، گەشەی تومۆر خاو دەکەنەوە یان دەیانوەستێنن.

۵. چارەسەریی ئامانجدار:

بۆ هێرشکردنە سەر تایبەتمەندییە تایبەتەکانی خانە شێرپەنجەییەکان، وەکوو تومۆرەکانی وەرگری فاکتەری گەشەی چینی دەرەکیی مرۆڤی جۆری دوو -ئەرێنی دیزاین کراوە. دەرمانەکانی وەک تراستوزوماب (هێرسێپتین) و پێرتوزوماب یارمەتیی خاوکردنەوە یان وەستاندنی گەشەی تومۆر لە نەخۆشانی وەرگری فاکتەری گەشەی چینی دەرەکیی مرۆڤی جۆری دوو ئەرێنی دەدەن.

۶. چارەسەریی بەرگری:

سیستەمی بەرگریی لەش بۆ ناسینەوە و لەناوبردنی خانە شێرپەنجەییەکان بەرز دەکاتەوە.
بە شێوەی سەرەکی بۆ شێرپەنجەی مەمکی سێ جار نەرێنی لەگەڵ دەرمانگەلێک وەک ئاتێزۆلیزوماب بەکار دێت کە ئەنجامەکانی ئومێدبەخشن.

پێشکەوتن لە دۆزینەوەی زووتر و چارەسەرکردندا ڕێژەی مانەوەی شێرپەنجەی مەمکی بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر کردووە.  بەڵام پشتگیریی عاتفی و دەروونی بۆ نەخۆشەکان زۆر گرینگە. زۆر کەس لە گرووپەکانی پشتیوانی، ڕاوێژکاری و بەرنامەکانی ڕزگاربوون سوود دەبەن.

هەر حاڵەتێکی شێرپەنجەی مەمک تایبەتە و چارەسەرکردنەکە بۆ بەدەستهێنانی باشترین دەرەنجام بۆ نەخۆشەکە داڕێژراوە.  توێژینەوەکان بۆ پەرەپێدانی چارەسەریی نوێ، باشینەکردنی ڕێژەی مانەوەی دەرمان، لەپێناو باشترکردنی گوزەرانی ژیان بۆ ئەو کەسانەی کە تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون، هەر وا بەردەوامن.

 

وەرگێڕ: سۆنیا حەسەنی، ئەوین حەمزەپوور

هەڵەگر: ئەستێرە چابوک

دیزاین: ئەڤین ڕەشیدی ڕۆستەمی

سەرچاوەکان:

1.سەرچاوە

2.سەرچاوە

3.سەرچاوە

وشەکان:

١. BRCA1 and BRCA2 : جینی بی ئار سی ئەی یەک و دوو

٢. ATM, PALB2, TP53, CHEK2, PTEN, CDH1, STK11

٣.Triple-negative breast cancer: شێرپەنجەی سیانە نێگەتیڤ

۴. Dense Breasts: شانەی مەمکی چڕ

۵. Atypical lobular hyperplasia: گەشەی نائاسایی لۆبەری

۶. Atypical ductal Hyperplasia: گەشەی نائاسایی کەناڵەکان

٧. DES (Diethylstilbestrol): دایئێتایلستیلبێسترۆڵ
٨. MRI (Magnetic Resonance Imaging: وێنەگرتنی دەنگدانەوە موگناتیسییەکان

٩. DCIS (Ductal Carcinoma in Situ): شێرپەنجەی بۆری لەجێدا
١٠. IDC (Invasive Ductal Carcinoma): شێرپەنجەی بۆریی داگیرکەر

١١. ILC (Invasive lobular Carcinoma): شێرپەنجەی لوولەیی

١٢. TNBC (triple-negative breast cancer): شێرپەنجەی مەمکی سێ جار نەرێنی

١٣. HER2 (human epidermal growth factor receptor 2):هۆرمۆن و پرۆتینی ڕێسێپتۆری فاکتەری گەشەی چینی دەرەکیی مرۆڤی جۆری دوو

١۴. Lumpectomy: لومپێکتۆمی

١۵. Neoadjuvant therapy: چووککردنەوەی تومۆرەکان پێش نەشتەرگەری

١۶. Adjuvant therapy: چووککردنەوەی تومۆرەکان دوای نەشتەرگەری

١٧. Tamoxifen: تامۆکسەفێن

١٨. Aromatase Inhibitors: ڕێگرەکانی ئارۆماتۆز

١٩. Herceptin and Pertuzumab: راستوزوماب (هێرسێپتین) و پێرتوزوماب

٢٠. Immunotherapy: چارەسەریی بەرگری

٢١. Atezolizumab: ئاتێزۆلیزوماب

 

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button