وێنەی مایکرۆسکۆپیی ڤایرۆسی کۆڤید-19 ببینین
ئەم ڤایرۆسە بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر و مردنی زیاتر لە 4000 کەس لە سەرانسەری دنیادا. ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ (لە ناو خەڵکدا بە کۆرۆنا فایرۆسی نوێی ٢٠١٩ ناسراوە) لە مانگی دێسامبری ساڵی 2019ەوە تا ئێستا زۆربەی وڵاتانی گرتووەتەوە و بووەتە باسی سەرەکی زۆربەی میدیاکانی جیهان.
ئەگەرچی زۆربەی مایکرۆبایۆلۆژیستەکان لە سەرانسەری دنیا خەریکی کار کردنن لەسەر بەرهەمهێنانی پێکوتە (ڤەکسین) بۆ ئەم نەخۆشییە و شێوەی ڤایرۆسەکەیان دۆزیوەتەوە بەڵام زۆربەی ئێمە شێوەی ڕاستەقینەی ئەم ڤایرۆسەمان نەبینیەوە .
تاقیگەی ڕاکی مۆنتاین (RML) سەر بە ئەنستیتۆی نەتەوەیی ئالێرژی و نەخۆشییە هەودارەکان (NIAID)ی ئەمریکا وێنەی مایکرۆسکۆپیی ئەلەکترۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بڵاو کردووەتەوە کە بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر سەرنجڕاکێشن.
وێنەی سەرەوە وێنەی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ەیە لە لەشی نەخۆشێکدا لە ئامریکا کە بە مایکرۆسکۆپی ئەلەکترۆنی تۆمار کراوە. ئەو تەنۆلکە زەردانەی سەر وێنەکە بەشێکن لە ڤایرۆسەکان کە لە ڕووبەری خانەی مرۆڤەوە (ڕەنگی شین و مۆر) هاتوونەتە دەر.
وێنەی سەرەوە بە مایکرۆسکۆپی ئەلەکترۆنی تێپەڕیی (transmission electron microscope) تۆمار کراوە. ئەم وێنەیە وەک وێنەکەی پێشوو ڕوون نییە بەڵام دەتوانین چوکڵەکانی دەوری ڤایرۆسەکە ببینین (ئەو چوکڵانەی بووەتە هۆکاری ناولێنانی ئەم ڤایرۆسە کە بە مانای تاجە).
ڕواڵەتی ڤایرۆسەکانی بنەماڵەی کۆرۆنا وەک سارس (SARS) و مێرس (MERS) و کۆڤید-١٩ لەیەک دەچن و هەموویان خڕن و ڕووبەریان بە چوکڵەوە داپۆشراوە.
ڤایرۆسەکانی بنەماڵەی کۆرۆنا تەنیا جیاوازییەکی بچوکیان لە جینۆمدا هەیە. لە ڕاستیدا تەنیا پێنج نیوکلیۆتاید(nucleotide) لە نێوان هەر سێ ڤایرۆسەکەدا جیاوازە! لەگەڵ ئەمەدا ڤایرۆسەکان لە کاتی تووشکردنی مرۆڤ دەتوانن جیاوازییەکی بەرچاو بنوێنن.
ئەم وێنەیەی دەیبینن لە ئاکامی کارێکی هاوبەشی تیمیدا تۆمار کراوە. لێکۆڵەری تاقیگەی ڕاکی مۆنتاین Emmie de Wit ڤایرۆسەکەی ئامادە کردووە، مایکرۆسکۆپیست ئێلیزابێت فیشێر وێنەکانی بەرهەم هێناوە و لەگەڵ بنکەی هونەریی ڤیژواڵی پزیشکی وێنەکانیان ڕەنگ کردووە.
لە خوارەوە دەتوانن چەند وێنەی تر لە فایرۆسی کۆڤید-١٩ ببینن کە لەلایەن تاقیگەی ڕاکی مۆنتاین (RML) سەر بە ئەنستیتۆی نەتەوەیی ئالێرژی و نەخۆشییە هەودارەکان (NIAID)ی ئەمریکا تۆمار کراون.