بابەتتەندروستی

چۆن دەتوانین زیانەکانی ئینستاگرام کەم بکەینەوە؟

چەندیەتی و چۆنیەتیی بەکارهێنانی ئینستاگرام دەتوانێت لێکەوتەی باش و خراپی هەبێ.
زۆرتر لە یەک ملیار کەس ئینستاگرام بەکار دەهێنن بەڵام توێژەرەکان بەجوانی لە ئاکامە دەروونییەکانی ئەو پلاتفۆرمەیان نەکۆڵیوەتەوە.
لە بەکارهێنانی ئەو پلاتفۆرمە زۆر شتی جێگای باس هەیە وەکوو: پەیوەندیی نێوان خەمۆکی و بەکارهێنانی ئینستاگرام، ئاڵۆزبوونی متمانەبەخۆیی، دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی و هتد. گەڵاڵەی ئەو پلاتفۆرمە لەسەر گرتنی سەرنجی بایۆلۆژیک و ئیشتیای حەزێکی نەپساوەی چاولێگەرییە.

چۆن ئینستاگرام لەسەر بواری دەروونی کار دەکات؟

پڕۆفیسۆری دەروونی، ئادام ئاڵتێر، لە زانکۆی نیۆیۆرکەوە دەڵێت: “ئینستاگرام بە پێچەوانەی گۆڤارەکان و یارییە ڤیدیۆییەکان شوێنێکی ڕاوەستان دیاری ناکات؛ واتە بەردەوام ناوەرۆکی بەڕۆژ دەکاتەوە و بۆ لای خۆی ڕاماندەکێشێت کە دەتوانێت زیانمان پێ بگەیەنێت. بە واتایەکی تر ناوەرۆکی ئینستاگرام هیچ کات کۆتایی پێ نایەت”. ئەگەر بە شێوەی کاتی ئەو پلاتفۆرمە بەکار بهێنرێت (واتە ڕۆژانە یەک کاتژمێر بەپێی ڕێژەیی) هیچ زیانێکی نییە و دەتوانێت سوودبەخش بێت. بەڵام ئەو بەکارهێنەرانەی دەیانهەوێ شوێنێکی تایبەت بۆ خۆیان دیاری بکەن و فاڵۆوێریان زۆر بێت و هەروەها دەیانهەوێ خۆیان لەگەڵ کەسانی تر بەراورد بکەن تووشی زۆرترین کارەساتی نالەباریی دەروونی دەبن. ئەگەری ئەوە هەیە بەپێی هەڵسەنگاندنە خراپەکان تووشی نیشانەکانی خەمۆکیی شاراوە ببن و متمانەبەخۆییان بەزۆری دابەزێت.
ئەو بەراوردکارییە لەنێوان چینی گەنجان و تازەلاوان و هەروەها ژناندا زۆرتر دەبینرێت و ئەوان زۆرتر تووشی کێشە دەبن.
بەڵام لێرەدا کێشە ئەوەیە ئەو پلاتفۆرمە زۆر جار بۆ کاری پێویست کەڵکی لێ وەردەگیرێت. واتە نزیکبوونەوەی هاوڕێکان لە یەکتر و ئاگاداری یەکتر‌بوون، پێویستییەکە کە نابێ چاوی لێ بپۆشین. بەڵام چۆن دەتوانین بەباشی ئینستاگرام بەکار بهێنین؟
بە پێچەوانەی دەرمان یان سیگار پلاتفۆرمە سەرهێڵەکان بروشووری کاریگەریی لاوەکی (side effects ) لەخۆ ناگرن و ئێمە نازانین چۆن بەکاریان بهێنین تا ئازارمان پێ نەگەیەنن. بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی توێژینەوەکان لە مانگی خەرماناندا، بەڕوونی دەرکەوت کە دەبێ لە بەکارهێنانی پلاتفۆرمی ئینستاگرامدا بە وریاییەوە هەڵسوکەوت بکەین. بۆ ئەو کارە دەتوانین مۆبایلەکەمان بۆ چەند کاتژمێرێک لە ژوورێکی چۆڵدا بەجێ بهێڵین یان نۆتیفەکانی دی‌ئەکتیڤ بکەین تا بۆ لای ڕانەکێشرێین.
وا باشترە دایک و باوکەکان بۆ بەکارهێنانی ئینستاگرام لەلایەن منداڵەکانەوە نەبنە ڕێگر بەڵکوو دەتوانن لە بارەی خراپییەکانی ئەو پلاتفۆرمە لەگەڵیاندا ڕاوێژ بکەن، دەتوانن لێیان بپرسن بۆچوونیان لە بارەی ئەو پلاتفۆرمە چییە؟ یان پێکەوە سەرنجی وێنەکان بدەن و وێنە زۆر دەستکاریکراوەکان دیاری بکەن. ئەو کارانە بیری ڕەخنەگرانە لە منداڵان و تازەلاواندا گەشە پێ دەدات.
لە کۆتاییدا ئەنجومەنی دەروونناسانیی ئەمریکا پێداگرە لەسەر ئەوەی کە ئینستاگرام بە شێوەی جیاواز کار دەکاتە سەر کەسایەتی و بواری دەروونیی مرۆڤەکان و لە هەموویاندا بە یەک شێوە دەرناکەوێت، واتە ئەوەی کە بۆ ناسینی چ فاکتۆرگەلێک وامان لێ دەکات ئینستاگرام بەباشی بەکار نەهێنن پێویستی بە توێژینەوەی زیاترە.

 

Instagram: ئینستاگرام
Self-esteem: متمانەبەخۆیی
Side effects: کاریگەریی لاوەکی
Survey: توێژینەوە، لێکۆڵینەوە
Mental health: تەندروستیی دەروونی
Personality: کەسایەتی

 

وەرگێڕ: ئەمیر عەبدوڵڵاپوور
چاودێری زمانی: ئەستێرە چابوک

سەرچاوه

 

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button