بابەتتەندروستی

زانایان دەریانخستووە کە پارێزکردن لە خواردنی کالۆری، ڕێگری دەکات لە پیربوونی خانەکان.

زانایان دەریانخستووە کە پارێزکردن لە خواردنی کالۆری، ڕێگری دەکات لە پیربوونی خانەکان.
ئەگەر دەتانهەوێت هەوکردن لە سەرانسەری جەستەتان کەم بکەنەوە و دەسپێکی نەخۆشییەکانی تایبەت بە هەڵکشان و چوونەسەرەوەی تەمەن دوا بخەن و زۆرتر بژین، کەمتر بخۆن. ئەم توێژەنەوەیە کە تایبەتە بە پارێزی خواردن، لەسەر مشک ئەنجام دراوە.
پیربوون زۆرترین مەترسی دروست دەکات بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی وەک شێرپەنجە، نەخۆشیی مێشک، نەخۆشیی شەکرە و کۆنیشانەی مێتابۆلیک. توێژینەوە لەسەر نموونەی ئاژەڵەکان نیشان دەدات کە بۆ بەرگری لەم نەخۆشیانە، دابەزاندنی کالۆری باشترین ڕێگەیە.
لەم وتارە نوێیەدا جوان کارلۆس بێلمۆنت، نووسەری پایەبەرز و پرۆفیسۆری ساڵک، لەگەڵ هاوکارەکانی، دوو تاقمی جیاوازی مشکیان خستووەتە ژێ چاوەدێری. بۆ ئەم مەبەستە تاقمی یەکەمی مشکەکان، لەسەدا ٣٠ی کالۆری کەمتریان دراوەتێ بەنیسبەت تاقمی دووهەم کە خواردنی ئاسایی خۆیان دراوەتێ. پارێزی خواردنی مشکەکان لە تەمەنی ١٨ مانگییەوە تا ۲۷ مانگی خراوەتە ژێر چاوەدێری. کە لە مڕۆڤدا هاوشێوەیە لەگەڵ کەسێک کە لە تەمەنی ٥۰ تا ۷۰ ساڵییەوە پارێزی کەمکردنی کالۆری ڕەچاو دەکات.
لە هەر دووک کاتی دەستپێکردن و دەرەنجامی پارێزەکە، تیمی بێلمۆنت ۱٦۸۷۰۳ خانەیان لە ٤۰ جۆری خانە لە ٥٦ مشکدا دابڕی و خستیانە ژێر چاوەدێری و لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرد و مشکی پیر و گەنجیان لەگەڵ یەک بەراوردکرد.
بەهۆی هەڵکشان و چوونەسەرەوەی تەمەن گۆڕانکاری زۆر لە مشکە ئاساییەکان ڕوو دەدات، ئەم گۆڕانکارییانە لەو مشکانە نەهاتە دی کە پارێزی خواردنیان هەبوو. ئەو مشکە بەساڵاچووانەی کە پارێزی خواردنیان هەبوو شانە و خانەکانیان وەک مشکە گەنجەکان وابوو.
بە گشتی، لەسەدا ٥۷ی ئەو گۆڕانکارییانەی کە بەهۆی پیربوون لە پێکهاتەی خانەکان ڕوودەدات، لەو مشکانە بەدی نەکرا کە پارێزی خواردنیان هەبوو.
خانەکان و جینەکانی بەرگرى، هەوکردن و مێتابۆلیزمی چەوری کەوتوونەتە ژێر کاریگەری. بە چوونەسەری تەمەن ژمارەی خانەکانی بەرگری لە هەموو شانەکاندا، لە مشکە ئاساییەکان زیادی کردووە. بەڵام لەسەر ئەو مشکانە کە پارێزی کالۆریان هەبوو، کاریگەری نەبووە.
ئاکامی سەرەکیی ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەوەیە کە پارێزی کالۆری دەبێتە هۆی دابەزینی هەوکردن لە ڕەوتی بەساڵاچوون و پیریدا.
ڕۆدڕیگێز ئێستێبان، توێژەرێکی ساڵک، دەڵێت: خەڵک دەڵێن؛ ئێوە ئەو شتەن کە دەیخۆن، ئەمە وتەیەکی ڕاستە. بە هەمان ڕێژە کە تەمەن کاریگەری هەیە لەسەر دۆخی خانەکانی ئێوە، چۆنیەتی هەڵسوکەوتی ئێوەش وەک ئەو شتەی کە دەیخۆن و بڕی ئەو شتەش، کاریگەری هەیە.
ئەم تیمە هەوڵ دەدات ئەم زانیارییانە بۆ دۆزینەوەی دەرمانی پیری و هەروەها بەرزکردنەوەی تەمەن و تەندروستی بەکار بهێنێت.

نووسەر: Salk Institute
ئامادەکردن: ئەژین جەلالی

وشەکان:
کالۆری caloric
خانە cell
نەخۆشیی مێشک dementia
نەخۆشیی شەکر diabetes
کۆنیشانەی مێتابۆلیک metabolic syndrome
شانە tissue
پێکهێنان composition
هەوکردن inflammatory
کۆنسێپسیۆن ڕۆدڕیگێز ئێستێبان Concepcion Rodriguez Esteban
ساڵک Salk
جوان کارلۆس ئیزپیسوا بێلمۆنت Juan Carlos Izpisua Belmonte

سەرچاوە:
https://m.phys.org/news/2020-02-scientists-caloric-restriction-negative-effects.html

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button