ئایا مۆبایلەکان بەدزییەوە گوێ لە دەنگمان ڕادەگرن؟
لە حەفتەی ڕابردوودا، دادگایەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کۆمپانیای ئەپڵی تاوانبار کرد کە یاریدەدەری دیجیتاڵیی ئەم کۆمپانیا یان Siri بەدزییەوە گوێی لە دەنگی بەکارهێنەرانی بووە و ئەو داتایانەی کە Siri کۆی کردووەتەوە، دراوە بە کۆمپانیاکانی دیکە و ئەوانیش بۆ فرۆش و بانگەشە کەڵکیان لێی وەرگرتووە. لەم دادگایە کۆمپانیای ئەپڵ تاوانبار کرا بە هۆی ئەوەی بە بەکارهێنەرانی ڕانەگەیاندووە کە Siri بەردەوام گوێیان لێ دەگرێت.
ئەم داواکارییە بە بۆنەی کۆمەڵێک سکاڵای دیکە کە لە ساڵی ٢٠١٩وە، دوای ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی گاردییەن دەستی پێ کردووە، ئەنجام دراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامە، کۆمپانیای ئەپڵ لە ساڵی ٢٠١٩، پەیمانێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی دیکە بەستبوو کە لەسەر داتاکانی Siri کار بکات. ئەم هەواڵە کاتێک گرنگ دەبێت کە کۆمپانیای ئەپڵ ڕایگەیاند، داتاکانی Siri دەتوانن دووبارە گوێ بدرێنەوە. دوای ئەم ڕاپۆرتە، کۆمپانیای ئەپڵ هاوکاریی خۆی لەگەڵ هاوپەیمانەکەی بڕییەوە و تەنیا داتاکانی ئەو بەکارهێنەرانە کۆ دەکاتەوە کە خۆیان بە شێوازی opt-in ڕێگەیان بە Siri داوە تاکوو لە داتاکانیان بۆ پەرەپێدانی نەرمامێرەکە کەڵک وەربگیرێت.
کۆمپانیای ئەپڵ لەگەڵ دادگا ڕێک کەوتوون کە ٩۵ ملیۆن دۆلار بۆ سەرپێچی لە پاراستنی سنوورە کەسییەکانی خەڵک بدات. ئەم ٩۵ ملیۆن دۆلارە، بڕیارە لە نێوانی ئەو کەسانەی لە ساڵی ٢٠١۴ تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢۴، یەک دانە لە ئامێرەکانی ئەپڵیان بووە، دابەش بکرێت بە شێوازێک کە بە هەر ئامێرێک ٢٠ دۆلار دەدرێت. بڕیاری کۆتایی دادگا لە ڕۆژی ١۴ی شوباتدا دەدرێت و دوای ئەوە بەکارهێنەرانی ئامێرەکانی ئەپڵ دەتوانن بۆ وەرگرتنی ئەو خەسارە، لە بەستەرێک کە بۆ ئەم کارە دروست کراوە، خۆیان تۆمار بکەن.
کۆمپانیای ئەپڵ ڕایگەیاند ئەو ٩۵ ملیۆن دۆلارە تەنیا بۆ ئەوە دەدا کە کۆتایی بە دادگاییەکە بهێنێت و بە هیچ شێوازێک سنوورە کەسییەکانی بەکارهێنەرانی نەشکاندووە. ئەم کۆمپانیا تەنانەت ڕایگەیاند کە داتایەکی زۆر کەم لەو بەکارهێنەرانە وەردەگرێت کە خۆیان ڕێگەیان بەوە داوە کە داتاکانیان بۆ پەرەپێدانی Siri بەکار ببرێت. داتاکانی ئەو کەسانە کە ڕێگەیان بەم کارە نەداوە تەنیا لەسەر ئەو ئامێرە کە هەیانە پێواژۆ دەکرێت و بۆ هیچ شوێنێکی دیکە نانێردرێت.
بەکارهێنەرانی ئامێرەکانی ئەپڵ دەتوانن بۆ پاراستنی زیاتر، دەسەڵاتی Siri لەسەر ئامێرەکانیان کەم بکەنەوە.
ئەم کێشەیە تەنیا بۆ کۆمپانیای ئەپڵ نییە و کۆمپانیای گووگڵ لە دادگاییەکی دیکە هەر بەم شێوازە تاوانبار کراوە و هێشتا بڕیاری کۆتایی بۆ نەدراوە.
ئێوەش هەستتان بەوە کردووە کە ئامێرەکانتان بە دزییەوە گوێیان لە قسەکانتان بووە؟
وەرگێڕ: سوهەیب شوکری
هەڵەگر: تەرانە فەتحینیا
گڕافیک: سەعیدە دەیهیم