بابەتتەکنەلۆجیا

دروستکردنی پارچەکانی چاو بە چاپکەری سێ ڕەهەندی

دروستکردنی پارچەکانی چاو بە چاپکەری سێ ڕەهەندی

توێژەران لە زانکۆی نیوکەسڵی بریتانیا دەڵێن کە توانیویانە بە چاپکەری سێ ڕەهەندی و بە زیندە-مەرەکەبێک کە لە خانە بنەڕەتییەکانی بەخشێنەری کۆرنییەی چاو، ئەڵگینەیت (ماددەیەک کە لەناو قەوزەدا هەیە) و پڕۆتینی کۆلەجین دروست کراوە، کۆرنییەی چاو کۆپی بکەن. ئەوان خانەکانیان لە بازنەگەلی هاوناوەنددا و لە شێوەی کۆرنییەدا چاپ کرد، پاشان چاوەڕێ بوون تا گەورە ببێت.

چی کۆنۆن پڕۆفیسۆری ئەندازیاریی شانەکان دەڵێت: “ئەو ژێلە تایبەتەی لە تێکەڵەیەکی ئەڵگینەیت و کۆلەجین چاکمان کردووە، خانە بنەڕەتییەکان زیندوو دەهێڵێتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەو ماددەیە ئەوەندە پتەوە کە بتوانێت شێوەی خۆی ڕابگرێت و هاوکاتیش ئەوەندە نەرمە کە لە لوولەی چاپکەرەوە بێتە دەر”.

کۆرنییە یەکێک لە توێیەکانی دەرەوەی چاوە کە هەم کاری چڕکردنەوەی ڕووناکی دەکات و هەمیش لە ناوەوەی چاو پارێزگاری دەکات. کاتێک کۆرنییەی کەسێک زیانی پێ دەگات بینایی لێڵ دەبێت یان شتەکان بریقەدار دەبینێت.

هەرچەند کە کۆرنییە یەکێک لەو ئەندامانەی لەشە کە بە سادەیی دەچێنرێت بەڵام ژمارەی بەخشێنەران زۆر کەمترە لە داخوازییەکان. بەپێی وتارێک کە ساڵی ٢٠١٦ بڵاو بووەتەوە بۆ هەر ٧٠ کەس کە پێویستییان بە چاندنی کۆرنییە هەبووە تەنیا یەک دانە دەست کەوتووە. چاپکردنی سێ ڕەهەندیی کۆرنییە دەتوانێت ئەو کەمییە قەرەبوو بکاتەوە.

لە وتارێکدا کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر ئەم توێژینەوەی تێدا بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە هێشتا ئەو کۆرنییە چاپکراوە ئامادەی چاندن لەسەر چاوی مرۆڤ نییە و هێشتا ڕوون نییە کە لەشی مرۆڤ وەریبگرێت یان نا. بەپێی وتەی توێژەران تا ئامادەبوونی بۆ یەکەم نەشتەرگەری چەندین ساڵی پێدەچێت.

وشەکان:

3D Printer چاپکەری سێ ڕەهەندی

Bio-ink زیندە-مەرەکەب

Tissue engineering ئەندازیاریی شانەکان

Cornea کۆرنیە

Alginate ئەڵگینەیت

Stem cell خانەی بنەڕەتی

Collagen کۆلەجین

سەرچاوە:

https://www.livescience.com/62694-3d-print-cornea.html ​

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button