بابەتتەکنەلۆجیا

لە تاقیگەوە بۆ یاریگە: کام وڵات جامی جیهانی ۲۰۲۶ دەباتەوە؟

گەشەی زانست لەم سەردەمەدا وای کردووە کە پێشبینییەکانی پاڵەوانێتیی جیهانیی تۆپیپێ(تۆپێن)، لەوانەیە چیدی پشت بە ڕا و بۆچوونگەلی کەسی یان فاڵ و خەیاڵپڵاو نەبەستن، بەڵکوو وەک بابەتێکی زانستی سەیر بکرێن و لەو ڕەهەندە لێک بدرێنەوە. لەم دواییانەدا گرووپێکی توێژەر بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆر ئەخیم زێیلێس¹، بە بەکارهێنانی ئەلگۆریتمی «فێربوونی ماشین» و شیکردنەوەی ئاماری، نزیکەی ١٠٠ هەزار هاوشێوەسازییان² بۆ دیاریکردنی براوەی مۆندیالی ٢٠٢۶ ئەنجام داوە.
ئەم سیستەمە زانستییە دوو قۆناغی لەخۆ گرتووە:
یەکەم؛ هەڵسەنگاندنی ئاستی تیمەکان و یاریزانان بە پشتبەستن بە داتاکانی هەشت ساڵی ڕابردوو، هەروەها زانیارییەکانی دامەزراوەگەلی پێشبینیی یاری.
دووهەم؛ بەکارهێنانی ئەو داتایانە لە چوارچێوەی یاساکانی فیفا و ڕێساکانی ململانێکان بۆ شیکردنەوەی ئەگەری ئەنجامی یارییەکان.
لە کۆتاییدا دەرەنجامی هاوشێوەسازییەکان دەڵێ: ئیسپانیا بە ١۴.۵٪، ئینگلتەرا و فەرەنسا بە ١٢.۴٪ و ئەڵمانیا بە ١١.٢٪، بەهێزترین کاندیدن بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە. ئەم توێژینەوەیە دەیسەلمێنێت کە چۆن زانستی داتا دەتوانێت وێنەیەکی ڕوونی پێشبینیکراو لە ڕووداوە وەرزشییە گەورەکان بخاتە ڕوو. گەرچی هەمیشە ئەگەری ڕوودانی سیناریۆی چاوەڕواننەکراو لە یاریگاکاندا کراوەیە و ئەنجامی ڕاستەقینە لە مەیداندا دیاری دەکرێت و هەر ئەوەش بەدواداچوونی بۆ هۆگران و تەماشاوانان چێژبەخش و جیاواز کردووە.
دەسا «ئەوە گەز و ئەوە ئەرز!» و هۆگرانی زانست و وەرزش چاوەرێین تا بزانێن لە ئەنجامدا کام وڵات دەبێتە پاڵەوان و دەییباتەوە.

ئامادەکردن: ناسر خەلیلی
هەڵەگر: د. ئاران ئەمینی

……..……………………………………………

1) Achim Zeileis
2) simulation

🔗

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

Back to top button