بابەتزانستە بنەماییەکان

جینی ″داهێنەری″ هۆکاری سەرکەوتنی هۆمۆ ساپیێنسەکان

“داهێنەری” دەتوانێت هۆکاری زاڵبوونی هۆمۆ ساپیێنس بەسەر چەشنەکانی دیکەدا (وەکوو نیاندرتاڵەکان و شامپانزەکان) بێت.

بیرۆکەی ″داهێنەری″ ماوەیەکی زۆرە کە باسی لێ دەکرێت بەڵام تاکوو ئێستا ئێمە نازانین کە نیاندرتاڵەکان چەندە داهێنەر بوونە، هەر بۆیە سەلماندنی ئەو بیرۆکەیە ئەستەمە.
دکتۆر کلۆنینگەر دەڵێت: ئێوە ناتوانن لەگەڵ ئەو چەشنانە قسە بکەن کە لەناو چوونە بۆیە تێگەیشتن لە داهێنەریی ئەو چەشنانە کارێکی ئەستەمە. لەبەر ئەوە کۆڕێکی نێونەتەوەیی بە ڕێبەرایەتیی زانکۆی گرانادا و واشینگتۆن، تیشکی خستووەتە سەر جینەکان تاکوو ئەو شتانەی کە مرۆڤ لە خزمە دوورەکانی جیا دەکاتەوە (وەک توانایی داهێنەربوون) تاوتوێ بکات.

توێژەران پێشتر ۹۷۲ جینی نوێیان دۆزیوەتەوە کە سێ سیستەمی پەیوەندیدار بە ″فێربوون″ و ″بیرەوەری″ لە هۆمۆ ساپیێنسدا ڕێک دەخەن: کاردانەوەی ئیمۆشناڵ، خۆکۆنتڕۆڵی و خۆوشیاری. تۆڕی کاردانەوەی ئیمۆشناڵ بریتییە لە توانای پێکهێنانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و فێربوونی کردەوەکان، لە کاتێکدا کە سیستەمی خۆکۆنتڕۆڵی بریتییە لە توانای دیاریکردنی ئامانجەکان، هاوکاری لەگەڵ کەسانی دیکە و دروستکردنی کەرەستە.

لە لایەکی دیکەوە تۆڕی خۆوشیاری بریتییە لە فێربوونی پچڕپچڕ یان وەبیرهێنانەوە و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی فێربوون و بیرەوەریی خۆژیننامەیی کە لەوێدا مرۆڤ دەتوانێت بە کەڵکوەرگرتن لە تێگەیشتنی شهوودی و بیری داهێنەرانە، ڕوانگە جێگرەوەکان بدۆزێتەوە.

توێژەران لە توێژینەوە نوێیەکەدا، دی.ئێن.ئەیگەلێکیان تاوتوێ کردووە کە لە فۆسیلی نیاندرتاڵەکان، شامپانزەکان و هۆمۆ ساپیێنسەکانەوە وەریان گرتووە. لە تاوتوێکردنی ئەم دی.ئێن.ئەیگەلە دەرکەوتووە کە جینە پەیوەندیدارەکان بە سیستەمی کاردانەوەی ئیمۆشناڵ لە هەموویاندا لەیەک دەچێت. بەڵام ئەو جینانەی کە لە مرۆڤەکاندا خۆکۆنتڕۆڵی و خۆوشیاری ڕێک دەخەن لە شامپانزەکاندا بوونیان نەبوو. هەندێک لەم جینانە، نەک هەموویان، لە نیاندرتاڵەکاندا بوونیان هەبوو. هەروەها ۲۷٦ جین لەو ۹۷۲ جینە کە پێشتر باسمان لێ کرد، تایبەتن بە هۆمۆ ساپیێنسەکان. هەموو ئەم جینانە، جینە ڕێکخەرەکان بوون، واتە چالاکیی جینەکانی دیکە خوار و ژوور دەکەن. ئەم جینانە کە لە نیاندرتاڵەکان و شامپانزەکاندا بوونیان نەبوو، تۆڕەکانی مێشک ڕێک دەخەن کە بریتین لە خۆوشیاری و داهێنەری.
تایبەتمەندیگەلێک وەک داهێنەری و خۆوشیاری ئاڵۆزن و تێگەیشتن لەم تایبەتمەندییانە لە نیاندرتاڵەکاندا کە لەناو چوونە، تەنیا بەپێی هەڵسەنگاندنی جینەکانیان کارێکی ئەستەمە. بۆ نموونە ژینگە و دەوروبەری کەسەکانیش دەتوانێت کاریگەریی لەسەر کردەوە و کەسایەتییان دابنێت. لە ڕاستیدا توێژەران دڵنیا نین کە هەڵسەنگاندنی جینۆمی نوێی مرۆڤ لەگەڵ چەشنێکی لەناوچوو وەک نیاندرتاڵەکان بە دەرەنجامێکی بەهێز بگات.

Autobiographical memory
(بیرەوەریی ئاوتۆبایۆگرافیکاڵ، بیرەوەریی خۆژیننامەیی)
emotional reactivity
(کاردانەوەی ئیمۆشناڵ، کاردانەوەی عاتفی)
self-control خۆکۆنتڕۆڵی
self-awareness خۆوشیاری

وەرگێڕ: هێمن موحەمەدیان
سەرچاوە:
https://www.nature.com/articles/s41380-021-01097-y

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button