گازی فرمێسکڕێژ
گازی فرمێسکڕێژ چییە؟
گازی فرمێسکڕێژ بەپێی ڕێکەوتننامەی جنێڤ*، ماددەیەکی کیمیاوییە و کەڵک لێوەرگرتنی لە شەڕدا قەدەغەیە و زۆربەی وڵاتان پێملی ئەم یاسایەن. بەکارهێنانی ئەم ماددەیە لە لایەن پۆلیسەوە بۆ سەرکوتکردنی ئاژاوە جێی مشتومڕە.
بۆ زیاتر تێگەیشتن لە مەترسییەکانی گازی فرمێسکڕێژ، گۆڤاری نەشناڵ جیۆگرافیک، وتووێژێکی لەگەڵ سڤێن-ئێریک یۆرد*، پڕۆفیسۆری فارماکۆلۆژی لە زانستگای یەیلی ئەمریکا، ئەنجام داوە. لە ساڵی ٢٠٠٠دا بوو کە ئەم پڕۆفیسۆرە بۆ یەکەم جار دۆزییەوە کە گازی فرمێسکڕێژ بە کاریگەری لەسەر دەمارە ئێشەکان لەسەر جەستە کار دەکات.
کاناڵی زانستیی هۆژین، بەشێکی لەم وتووێژە هێناوە.
? پرسیاری ١: گازی فرمێسکڕێژ چییە؟
◀️ لە ڕاستیدا، گازی فرمێسکڕێژ گاز نییە بەڵکوو خۆگر یان تراوێکە کە دەبێت بە وردەگەرد*. دەستەیەک ماددەی کیمیاوی هەن کە پێیان دەوترێت گازی فرمێسکڕێژ.
هەنووکە لە دنیادا تەنیا دوو گاز بە ناوی CS* و OC* لە گازی فرمێسکڕێژدا بەکار دەهێنرێن. یەکەمیان ماددەیەکی کیمیاوی لەگەڵدایە کە وەرگرە ئێش*ییەکان چالاک دەکات. دووهەمیان ڕۆنی بیبەرە، کە کەرەستەی سەرەکیی لە سپرەی بیبەردایە و ماددەیەکی سروشتی زۆر تیژە.
بڕێک لە ماددەکانی تر کە لە گازی فرمێسکڕێژ بەکار هاتوون، ئەمڕۆ بەکارهێنانیان بە تەواوەتی لەبەر ژاراویبوونیان ڕێگەپێنەدراوە.
گازە فرمێسکڕێژەکان، گازی دەمارین کە بە تایبەتی دەمارە ئێش-هەستپێکەرەکان چالاک دەکەن. ئەمە دۆزینەوەی سەرەکیی ئێمە بووە کە ئەم گازانە، تەنیا ورووژێنەر نین، بەڵکوو گازی دەمارین!
گازە فرمێسکڕێژەکان لە شەڕی جیهانی یەکەمدا ناسران و بەبێ ئەوەی کە زانیاریی زانستی هەبێت لەسەر چۆنیەتیی کاریگەرییەکەیان بە کار هێنران.
? پرسیاری دوو: ئایا دەکرێت ئەنجامی تاقیکردنەوەکانتان لەسەر ئەم گازانە باس بکەن؟
◀️ لە ساڵی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٩ ئێمە چەند وتارێکمان بڵاوکردەوە کە تێیدا وەرگرێکی ئێشمان پەیا کرد کە بە گازی فرمێسکڕێژ چالاک دەبێت و دەبێتە هۆی ئەم کاردانەوە جەستەییانە: بەسترانی چاو، تەوژمی ئێش و ژان، هەناسەسواریی کتوپڕی کە هەناسەکێشان ئەستەم دەکات و هتد. لەو کاتەوە ئێمە خەریکی کار لەسەر دۆزینەوەی ڕێکار بۆ دژایەتی کردنی کاریگەرییەکانی ئەم گازانەین.
? پرسیاری سێهەم: چ شتێک لە بارەی ئەم دژەفرمێسکڕێژانەوە فێر بوون؟
◀️ هێشتا ئاکامی توێژینەوەکانمان بڵاو نەکردووەتەوە و هێشتا لەسەر مرۆڤ تاقیمان نەکردووەتەوە بەڵام تا ئێستا بۆمان دەرکەوتووە کە ئەم دەرمانانە دەتوانن دەمارە ئێشییەکان ناچالاک کەن و بەم شێوە ئێش و ژان و هەروەها هەوکردن لە ئاژەڵاندا کەم بکەنەوە. کاتێک گازی فرمێسکڕێژ لەسەر جەستەی مرۆڤ دەنیشێت، ئەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی برینی سووتاو-ئاسا و هەوکردن، بەتایبەت لە شوێنگەلی تەڕی جەستە وەک چاو یان بن باڵ.
ئەم دەمارە ئێشانە داڕێژراون بۆ ئەوەی کە هۆشداری بدەنە مرۆڤ و ئاژەڵ کە ماددەیەکی کیمیاویی زیانبەخشیان لێدراوە و خۆیان دوور بخەنەوە. ئەم دەمارانە بۆ مانەوەی بوونەوەرەکەیە.
? پرسیاری چوارەم: ئایا ئەم دژە-فرمێسکڕێژانە ڕۆژێک لە لایەن خۆپیشاندەران بە کار دەهێنرێن؟
◀️ ئەمە وتنەکەی سەختە. بەڵام بۆی هەیە وا بێت. بەڵام لە ڕاستیدا بەکارهێنانی ئەم دەرمانە پێش بەرکەوتنی گازی فرمێسکڕێژ، دەکرێت مەتریسدار بێت. ئەگەر تۆ هەستی ئێشی خۆت ناچالاک بکەیت و زۆرتر لە شوێنێک کە گازی فرمێسکڕێژی لێیە بمێنیتەوە، ئەوە دەتوانێت ببێتە هۆی برینی سووتاو-ئاسای جددیتر.
? پرسیاری پێنجەم: ئایا پۆلیس بۆی هەیە گازی فرمێسکڕێژ لەسەر خەڵک بەکار بهێنێت؟
◀️ گازی فرمێسکڕێژ بەپێی ڕێکەوتننامەی جەنەڤرە، وەک گازێکی کیمیاوی ناسێنراوە و کەڵکوەرگرتن لێی لە شەڕدا قەدەغەیە. بەڵام دەبینین کە ئەم گازە لە زۆر شوێنی دنیا، لە لایەن پۆلیسەوە بە بەردەوامی لەسەر خەڵکی سیڤیل بە کار دەڕوات. ئەمە زۆر نامەنتقییە.
ئێمە نموونەی زۆرمان بوو کە خەڵک تووشی برین و سووتاوی سەخت بوون بە تایبەت لە شوێنی داخراودا.
ئەو کەسانەی کە کێشەی هەناسەسواری*یان هەیە دەکرێت تووشی کاردانەوەی زۆر خراپ ببن. گازی فرمێسکڕێژ ماددەیەکی کیمیاویی زۆر مەترسیدارە و بە بڕوای من کەڵک لێوەرگرتنی زۆر کێشەدارە.
https://news.nationalgeographic.com/content/dam/news/photos/000/683/68351.adapt.1190.1.jpg
ئامادەکردن: ئ. ڕەحیمزادەگان
سەرچاوە
https://news.nationalgeographic.com/news/2013/06/130612-tear-gas-history-science-turkey-protests/
* Geneva convention ڕێکەوتنامەی جنێڤ
* Sven-Eric Jordt
* Aerosol وردەگەرد
* CS contains 2-chlorobenzalmalononitrile
* OC = oleum capsicum
* Pain receptor وەرگری ئێش
* Asthma هەناسەسواری