بابەتمێشک

یەکەم بیرەوەریی ژیانت چییە؟!

لە هەرکاممان بپرسن یەکەم بیرەوەریی ژیانمان چییە، باس لە ڕوودواێکی زۆر ڕوون دەکەین و پێمان وایە کە بیرەوەرییەکەمان تەواو ڕاستە. توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە ئەو بیرەوەرییە ڕەنگە تەنیا خەیاڵێک بێت و قەت ڕووی نەدابێت.

شازیا ئەختەر، توێژەر لە زانکۆی برادفۆردی ئینگلیس، دەڵێت کە توێژینەوە زانستییەکان دەریانخستووە کە ناشێت مرۆڤ بەر لە تەمەنی دوو ساڵان بیرەوەری هەبێت. سەرەڕای ئەمە، لە توێژینەوەیەکی نوێدا، نزیکەی ٤٠ لە سەدی بەشداربووان وتوویانە کە یەکەم بیرەوەرییان دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی دوو ساڵان یان کەمتر و یەکەم بیرەوەیی زۆربەیان لە تەمەنی ٩ تا ١٢ مانگاندا بووە.

ئەختەر دەڵێت کە ئەم تەمەنە بەشێکە لە”قۆناغی پێش دوان” لە ژیانی مرۆڤ، و توانایی دروستبوونی بیرەوەری لەو تەمەنەدا هێشتا گەشەی نەکردووە و ئەوەی کە باس لە بیرەوەری لەو تەمەنەدا بکات، شتێکی خەیاڵییە.

لە توێژینەوەیەکی نوێدا کە لە جورناڵی زانستە دەروونناسییەکاندا بڵاو بووتەوە، زیاتر لە ٦٦٠٠ بەشداربوو لە تەمەنی ١١ بۆ ١٠٠ ساڵان داوایان لێ کرا کە یەکەمین بیرەوەرییان بە وردەکارییەوە بگێڕنەوە و بڵێن کە لە چ تەمەنێکدا ڕووی داوە. توێژەران پێداگربوون لەسەر ئەوەی کە بیرەوەرییەکە ئی خودی ئەو کەسە بێت نەک لە ڕێگەی گێڕانەوە یان وێنەوە بۆی دروست بووبێت.

لە پرسیارنامەی سەرهێڵدا، نزیکەی ٢٥٠٠ کەس یەکەم بیرەوەرییان لە خۆڕا و بە هەڵە دروست کردبوو. سەرەڕای ئەوەی کە زانست سەلماندوویەتی کە بیرگەی مرۆڤ لە چ تەمەنێکەوە پێکدێت، دیسانەوە ئەو بیرەوەرییە خەیاڵییانە هێندە نەگۆڕ و سەقامگیر بوون کە کەسەکان باوەڕ ناکەن، بیرەوەرییەکەیان هەڵە بێت.

توێژەران دەڵێن ئەو بیرەوەرییە خەیاڵییانە لە کەسانی بەتەمەن و تەمەنی مامناوەندیدا زۆر باون بەڵام هێشتا دڵنیان نین کە ئەم هەڵەیە لە کام تەمەنەدا باوترە.

وشەکان:

Preverbal stage قۆناغی پێش دوان

سەرچاوە:

https://www.livescience.com/63109-first-memory-fictional.html

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button