″تا دەمی مردن ئەمن مەمنوونی فرمێسکی گەشم″
(مامۆستا هێمن، تاریک و ڕوون، فرمێسکی گەش)
مرۆڤەکان بۆ دەگرین؟
گریان چ کەڵکێکی هەیە؟
گریان، وەڵامدانەوەی سروشتیی مرۆڤەکانە لە بەرامبەر زنجیرەیەک لە هەستەکان؛ وەکوو خەم و پەژارە، دڵخۆشی و ناهومێدی.
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ژنان بە شێوەی مامناوەندی، ٣.٥ جار لە مانگدا دەگرین؛ ئەم ڕادەیە بۆ پیاوان بەشێوەی مامناوەندی ١.٩ جارە لە مانگدا.
لەنێو هەموو زیندەوەرەکاندا، تەنیا مرۆڤەکان دەگرین.*
مرۆڤەکان سێ جۆر فرمێسک دەڕژێنن:
١. بنەڕەتی: تێپەڕگەکانی فرمێسک بەردەوام ″فرمێسکی بنەڕەتی″ دەردەدەن چونکە دژی بەکترییە و پڕاوپڕ لە پڕۆتینە.
هەروەها یارمەتی چاوی مرۆڤ دەدات کە لەکاتی ترووکاندندا شێدار بمێنێتەوە.
٢. دژکردەوە:
ئەم فرمێسکانە بەهۆی شتێکی هاندەر وەکوو با و دووکەڵ یان پیاز دەڕژێن.
فرمێسکی دژکردەوە چاو دەپارێزێت لەبەرامبەر ئەم مادە هاندەرانە.
٣. سۆزدارانە:
مرۆڤ بۆ وەڵامدانەوەی زنجیرەیەک لە هەستەکان فرمێسک دەڕژێنێت.
ئاستی هۆرمۆنەکانی سترێس لەم فەرمێسکانەدا بەرزترە لە چاو فرمێسکەکانی دیکە.
هەندێک کەس ڕەنگە پێش بە گریانی خۆیان بگرن لەبەر ئەوەی وەکوو نیشانەیەکی لاواز بوون لێی دەڕوانن.
بەڵام هیوادارم بە خوێندنی ۸ سوودی گریان ڕایان بگۆڕدرێت.
۸ سوودەکانی گریان:
١. ئازارکوژە و هەستی خەم و پەشێوی کەم دەکاتەوە.
توێژینەوەیەک لە ساڵی ٢٠١٤دا ئەنجامدرا نیشانی دا کە گریان سیستەمی دەماریی پاراسیمپێدێتیک چالاک دەکاتەوە و ئەمەش یارمەتیدەرە لە هێمن کردنەوەی کەسەکاندا.
٢. گریان دەتوانێ پشتیوانیی کەسانی دەوروبەر ڕابکشێت.
هەروەها یارمەتی دەدات خەڵک خۆیان هێمن بکەنەوە .
توێژینەوەیەک لە ساڵی ٢٠١٦دا ئەنجامدرا نیشانی دا کە لەڕاستیدا گریان کردەوەیەکی لێک گرێدەرە و پشتیوانیی کەسانی دەوروبەر ڕادەکێشێت.
ئەمە وەکوو سوودێکی کۆمەڵایەتی پێناسە دەکرێت.
٣. ئێش و ئازار ساڕێژ دەکات.
فرمێسک ڕژاندن دەبێتە هۆی دەردانی هۆرمۆنی ئۆکسیتۆسین و ئێندۆرفین.
ئەم دوو هۆرمۆنەش دەبنە هۆی ئەوەی کە خەڵک هەستێکی خۆشیان هەبێت و هەروەها ڕەنگە ئێشی جەستەیی و دەروونی کەم بکەنەوە.
٤. گریان ورەبەخشە و لە بەرزکردنەوەی ورەدا کاریگەرە، هەروەها لە چاکبوونی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی کەسەکاندا یارمەتیدەرە.
٥. سترێس کەم دەکاتەوە.
کاتێک مرۆڤەکان دەگرین، فرمێسکەکەیان ژمارەیەک هۆرمۆنی سترێس و ماددەی کیمیایی تێدایە.
توێژەرەکان دەڵێن گریان ئاستی ئەم مادە کیمیاییانە کەم دەکاتەوە لە لەشدا و ئەوەش دەتوانێ سترێس کەم بکاتەوە.
هەرچەندە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم بابەتە پێویستە توێژینەوەی زیاتر بکرێت.
٦. یارمەتی دەدات باشتر بخەون.
توێژینەوەیەک لە ساڵی ٢٠١٥دا ئەنجامدرا نیشانی دا کە گریان دەتوانێت کۆرپەکان یارمەتی بدات بۆ ئەوەی کە باشتر بخەون.
بۆ کاریگەر بوونی ئەم بابەتە لە گەورەساڵاندا، پێویست بە توێژینەوەی زیاترە.
٧. بەکترییەکان لەناو دەبات.
گریان بەکترییەکان لەناو دەبات و چاو خاوێن دەکاتەوە چونکە لە فرمێسکدا ئەنزیمێک هەیە بەنێوی لەیسۆزایم.
لە توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ۲۰۱۱دا ئەنجامدرا دەرکەوت کە ئەم ئەنزیمە تایبەتمەندیی دژەمایکرۆبی هەیە.
٨. بینایی چاک دەکات.
لە هەر چاوترووکاندنێکدا، فرمێسکە بنەڕەتییەکان چاو شێدار دەکەنەوە و لە وشکبوونەوەی لینجەپەردەکان بەرگری دەکەن.
ئەم چەور و شێداربوونە دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵک باشتر ببینن.
کاتێک پەردەکان وشک دەبنەوە دەتوانن بینایی لێڵ بکەن.
تێبینی: گریان بەهۆی هەستی خەم و دڵخۆشی و ناهومێدی، شتێکی ئاساییە بەڵام ئەگەر بەشێوەی بەردەوام درێژەی هەبێت دەتوانێ نیشانەی خەمۆکی بێت.
(*لە ماڵپەڕە بڕواپێکراوەکاندا خوێندمەوە کە هەندێک توێژەر پێیان وایە گریان وەکوو ڕەفتارێکی سۆزدارانە لە ئاژەڵەکانی دیکەشدا بیندراوە. نموونەی بەرچاویان بەچکەی فیلێک بوو کە لە کاتی لەدایکبوونیدا لەلایەن دایکی وەر نەگیردرا و بەم هۆکارەوە بۆ ماوەی ٥ کاتژمێر بەبێ وەستان فرمێسکی ڕژاند.
هەرچەندە توێژەران لە گریانی بەسۆزی ئاژەڵان دڵنیا نین و پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی زیاترە.)
وشەکان:
crying گریان
basal بنەڕەتی
reflex دژکردەوە
emotional سۆزدارانە
parasympathetic nervous system(PNS) سیستەمی دەماریی پاراسیمپێدێتیک
oxytocin ئۆکسیتۆسین
endorphin ئێندۆرفین
stress سترێس
mocous membraine لینجەپەردە
duct تێپەڕگە
Lysozyme لەیسۆزایم
enzyme ئەنزیم
depression خەمۆکی
ئامادەکردن: هێمن موحەممەدیان
سەرچاوە:
https://www.medicalnewstoday.com/articles/319631#benefits-of-crying