بابەتمێشک

ژیریی مرۆڤەکان سرووشتییە یان ئاکامی پەروەردەیە؟

زۆرتر لە سێ سەدەیە کە زانستوانانی بواری دەروونناسی بە دوای ئەو پرسیارە سەرەکییەدا دەگەڕێن کە جینەکان چەندە لە ئێمەدا کاریگەرن؟ ئەگەر جینەکان کاریگەرن، ڕێژەی ئەو کاریگەرییە چەندەیە؟ هەروەها پەروەردە چ ڕۆڵێکی هەیە؟

هۆکاری تووشبوونی هەندێک مرۆڤ بە لەدەسنەهاتنی فکری چ بووە؟ ئاخۆ دەتوانین ئومێدەوار بین کە ژیرییان باشتر بێت؟ هەروەها، ئاخۆ نەخۆشییە دەروونییەکانی وەکوو خەمۆکی، دڵەڕاوکێ یان تەنانەت نەخۆشیی کەسایەتی لە ڕێگەی جینەکانەوە دەگوازرێنەوە بۆ نەوەی داهاتوو یان کۆمەڵگا بەدیهێنی ئەوانەن؟ ئەگەر جینەکان بەرپرسن لە نەخۆشییە دەروونییەکان؛ ئەی بۆچی لە بنەماڵەیەکدا هەموویان تووشی نەخۆشیی دەروونی نابن؟ پرسیارێک کە زۆرتر لە سەدەیەکە زانستوانان لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن ئەوەیە کە جینەکان دەگۆڕدرێن یان وەک خۆیان دەمێننەوە؟ لەم وتارەدا وەڵامی ئەو پرسیارە دەدینەوە کە ژیریی مرۆڤەکان تا چەند ئاکامی پەرورەدەیە و تا چەند سروشتییە؟

مێژووی زانستوانانی پێوانی ژیری

IQ نومرەیەکی ستانداردە کە بە تاقیکردنەوەی ژیرییەوە دەستەبەر دەبێت. زیاتر لە دوو بەشی کۆمەڵگا نومرەکەیان بەینی ٨۵ تا ١١۵یە. بەشێکی زۆر کەم (%٢.۵) لە سەرەوەی ١٣٠ واتە بلیمەت و خوارەوەی ٧٠ واتە لەدەسنەهاتووی فکری ڕادەوەستن کە هەردوو بەش پێویستیان بە ڕاهێنانی تایبەتە.

هۆشی مرۆڤەکان

فرانسیس گاڵتۆن (1822-1911)

فرانسیس گاڵتۆن  لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەگەڕا کە هەڵسوکەوتی ئێمە چەندە پەروەردە کراوە و چەندە سروشتییە (دوانەی پەروەردەکردن یا سرووشت؟) بە باوەڕی گاڵتۆن زۆرینەی هەڵسوکەوتەکانی مرۆڤ سرووشتین و پەروەردە ڕۆڵێکی بەرچاوی نییە. گاڵتۆن بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە لەسەر دوانەکان کاری کرد؛ شێوازێک لەسەر سرووشتیبوونی هەڵسوکەوتەکانی مرۆڤ کە ئەمڕۆ بە زانستی نازاندرێت. دوانە دوو جۆری وێکچوو و وێکنەچووی هەیە. دوانە وێکچووەکان هەر وەک دیارە تەواوی تەختەی جینەکانیان هاوبەشە و لە یەک دەچن؛ بەڵام دوانە وێکنەچووەکان بە لانی زۆرەوە پەنجا لە سەدی جینەکانیان هاوبەشە (١). باوەڕی باو وا بوو کە ئەگەر دوانەکان، یەکیان تووشی نەخۆشی بێ ئەوە ئاکامی شێوازی ژیانە؛ بەڵام گاڵتۆن باوەڕی وا بوو کە نەخۆشی، هەڵسوکەوت و خوو، هەموویان سرووشتین و بۆ منداڵەکان دەگوازرێنەوە (٢).

ئارتوور جێنسن (1923-2012)

جێنسن، لە زانکۆی برێکلیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکادا، مامۆستای بەشی دەروونناسیی پەروەردە بوو. جێنسن لە تەواوی ژیانیدا بەبەردەوامی دەیهەویست بزانێت کە ئاخۆ ژیریی مرۆڤ زیاد دەکات یان وەکوو خۆی دەمێنێتەوە؟ بەکورتی، توێژینەوەکانی ئەو مامۆستایە لەسەر سێ بیرۆکەی زۆر قسەهەڵگر وەستاون:

 ◦ لە ڕێگەی پەروەردەوە ژیریی مرۆڤ ناگۆڕدرێت.

 ◦ ژیری لە ڕێگەی جینەکانەوە دەگوازرێتەوە (٨٠% هۆشی ئێمە سرووشتییە). 

 ◦ ڕەشپێستەکان ژیرییان لە مرۆڤەکانی دیکە کەمترە. 

کۆی توێژینەوەکانی ئارتوور جێنسن ئەوە بوو کە ژیری زۆر گرنگە و بۆ پێشکەوتن لە کاری ئەکادێمیدا پێویستە؛ هەروەها ئەو دەرەنجامەی توێژینەوەی جێنسن کە دەریخست ڕێژەی ژیری لەنێو کەمینەکان، ڕەگەزی جیا و نەتەوەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و تەواوی دونیادا جیاوازە، ئاکامی نالەباری سیاسیی دژەڕەشپێستەکان و نەتەوەپەرەستەکانی لێ کەوتەوە و خەڵکێکی زۆر ڕقیان لێ هەڵگرت و ناخۆشیان ویست (٣).

لە مێژووی زانستی پێوانی ژیریدا هەرکات لەنێو دوانەکاندا، تایبەتمەندییەک وێکچووییەکەی زۆر بوو، ئەوە دەڵێن ئەو تایبەتمەندییە سرووشتییە. ئەو گریمانە هەڵەیە وای لە زانستوانان کرد کە تەنانەت چوون بۆ کەلیسا یان هەستانی بەیانی بە شتێکی سرووشتی دابنێن؛ واتە زۆرێک لە هەڵسوکەوتەکانی ئێمە سرووشتین و جینێکی تایبەتیان هەیە. بەڵام زانستوانان دواتر زانییان ئەوەی کە ئەو شتانە زۆرتر دەبیندرێن نابێتە هۆکار بۆ سرووشتیبوونی ئەو هەڵسوکەوتانە. یەکێک لە هەوڵە گرنگەکان کە بنەماکانی ئەو بیچمی هزرییەیەی گۆڕی، توێژینەوەی دوانە جیا لەیەک گەورەبووەکان (twins rare apart) بوو. واتە کاتێک ئێمە دێین ژیانی ئەو دوانە وێکچوویانە لێک دەدەینەوە کە جیا لە یەک گەورە بوون؛ ئەگەر هەردووکیان زوو هەڵچن و تووڕە بن، ئەوە تووڕەبوون بە سرووشتی دادەندرێت. بەڵام ئەگەر یەکیان زۆرتر تووڕە بێت، ئەوە ئاکامی شێوەی پەروەردەیە؛ بەڵام ئەو دوانە وێکچوو یان وێکنەچوویانەی جیا لە یەک گەورە بوون، ئەوەندە زۆر نین کە بتوانین ئاکامێکی زانستییان لێ وەربگرین.

بۆ وێنە هاوژینەکان زۆرترین وێکچووییان پێکەوە هەیە بەڵام بایۆلۆژی و نەخشەی جینەکانیان لێک ناچێت. بە پێی وتارێکی زانستی ڕێژەی پاشوەچوونی هاوژینەکان بۆ ژن و پیاو دیاری کراوە:

 ◦ ئاستی خوێندەواری، تەمەن و ڕەگەزی نەتەوەیی (R=۶٠)

 ◦ بیروبۆچوون (R=۵٠)

 ◦ ژیری و توانا فکرییەکان (R=۴٠)

 ◦ تایبەتمەندیی کەسایەتی (R=٢٠)

 ◦ دەموچاو و جوانی (R=٢٠)

  • تێبینی: هەرچی R لێک نەزدیک تر بن کارتێکەریی زۆرترە. بۆ وێنە تایبەمندیی کەسایەتی زۆرتر لە جوانی، لە هەڵبژاردنی هاوژیندا کاریگەرە. (۴)

 

Intellectual disability: لەدەسنەهاتنی فکری (ئەو وشەیە لە فارسی بە “عقب ماندگی ذهنی” وەرگێڕدراوە کە لە ڕووی دەروونییەوە لاوازە، هەر بۆیە بەتازەیی کراوە بە “نیازمند توجه ویژه”)

Mood: خوو

Psychometric: دەروونناسی پێوانی ژیری

Regression: پاشەکشە شێوازێکی ئامارییە کە هەوڵ دەدات بەهێزی و کاراکتەری پەیوەندیی نێوان گۆڕاوەکان (X یا Y) دیاری بکات. پاشوەچوون

نووسەر: ئەمیر عەبدوڵاپوور
چاودێری زمانی: فەرشاد نەبیزادە

سەرچاوەکان

  1. Bulmer, M. G. (2003). Francis Galton: pioneer of heredity and biometry. JHU Press.
  2. Willerman, L., Broman, S. H., & Fiedler, M. (1970). Infant development, preschool IQ, and social class. Child Development, 69-77.
  3. Segal, N. L., Montoya, Y. S., & Becker, E. N. (2018). Twins reared apart and twins in families: The findings behind the fascination. Twin Research and Human Genetics, 21(4), 295-301.

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button