بابەتژینگە

چارەسەری میکرۆبی، چارەسەرێکە بۆ پیسبوون؟

چارەسەری میکرۆبی، چارەسەرێکە بۆ پیسبوون؟

ژمارەی دانیشتوانی جیهان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و مەزەندە دەکرێت تا ساڵی ۲۰٥۰ سنووری ۹ ملیاریش تێپەڕ بکات. بە بۆنەی پشتگیری لەو ژمارە زۆرەی خەڵک، کەڵکوەرگرتنی زۆرتر لە سیستمە کشتوکاڵی و پیشەسازییەکان دەبێتە هۆی پیسبوونی زۆرتری خاک و ئاو و هەوا. بەراورد کراوە کە پیسبوون هۆی ٦۲ ملیۆن تیاچوون لە هەر ساڵدایە کە ٤۰ لەسەدی کۆی گشتیی مردنەکانی جیهانە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوەی تەندروستیی جیهانیش ڕایگەیاندووە ساڵانە نزیکەی ۷ ملیۆن کەس بە هۆی هەناسەکێشان لە هەوای پیسدا دەمرن. جیهان ساڵانە ۱.۳ ملیار تۆن زبڵ و خاشاک بەرهەم دەهێنێت کە زۆرینەیان لە شوێنی ژێر خاک خستنی زبڵەکان هەڵگیراون یان فڕێدەدرێن بۆ ناو زەریاکان. کەوایە زۆر پێویستە پیسبوونی ژینگە کۆنتڕۆڵ بکرێت و میکرۆبەکان یەک لەو ڕێگەچارانەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پیسبوون. توانایی میکرۆئۆرگانیزمەکان بەباشی بۆ شکاندنی ڕادەیەکی زۆر لە پێکهاتە ئۆرگانیکەکان و هەڵمژینی مادە نائۆرگانیکەکان ناسراون. لە ئێستاکەدا لە میکرۆب بۆ پڕۆسەیەک بە ناوی “چارەسەری میکرۆبی” کەڵک وەردەگیرێت بۆ لەناوبردنی پیسبوون. چارەسەری میکرۆبی، میکرۆئۆرگانیزمەکان بەکار دێنێت بۆ کەمکردنەوەی پیسبوون لە ڕێگەی لێکهەڵوەشاندنەوەی بایۆلۆژیکیی پیسکەرەکان بە مادەگەلی ناژەهراوی. میکرۆئۆرگانیزمەکان دەتوانن هەواژی و بێهەواژی بن و زۆر جار لەو لێکهەڵوەشاندنەوە وەک سەرچاوەی وزە کەڵک وەردەگرن.

سێ جۆر تەکنیکی چارەسەری میکرۆبی بوونی هەیە کە بریتین لە پاڤژکردن لە شوێنی خۆیدا بۆ خاوێنکردنەوەی خاک و ئاوی ژێرزەوی، بایۆپاڵاوتنی هەوا و بایۆریاکتۆر کە زۆرتر بۆ پاقژکردنی ئاو بەکار دێت. چارەسەری میکرۆبی تەکنیکێکی نوێ نییە بەڵام هەر چەندە زانیاریی ئێمە سەبارەت بە کاردانەوەی میکرۆئۆرگانیزمەکان زۆرتر ببێت زۆرتر دەتوانین لە قازانجی خۆمان کەڵکیان لێ وەربگرین. چارەسەری میکرۆبی زۆر جار بە بەراورد لەگەڵ تەکنەلۆجیا باوەکان پێویستی بە سەرچاوە و وزەی کەمتر هەیە و بەرهەمی لاوەکیی مەترسیداری لێ ناکەوێتەوە. پیسبوون هەڕەشەیەکە بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤەکان و زیانگەیاندن بە ژینگە. چارەسەری میکرۆبی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوە و لەناوبردنی ئەو پیسکەرانە کە مرۆڤ بەرهەمی دەهێنێت کە لە ئاکامدا دەبێتە هۆی دابینبوونی ئاوی خاوێن، هەوا و خاکی تەندروست بۆ نەوەکانی داهاتوو.

 

وشەکان:

Bioremediation چارەسەری میکرۆبی: پڕۆسەی کەڵکوەرگرتن لە میکرۆئۆرگانیزمەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ژینگەییەکان وەک پیسبوونی ئاو و هەوا و خاک.

pollution پیسبوون

landfill شوێنی ژێر خاک خستنی زبڵەکان

biological degradation لێکهەڵوەشاندنەوەی بایۆلۆژیکی

aerobic هەواژی

anaerobic بێهەواژی

treatment پاقژکردن

in situ لە شوێنی خۆیدا

biofiltration بایۆپاڵاوتن

bioreactor بایۆڕیەکتۆر

 

وەرگێڕ: هانا جاری

چاودێری زمانی: سروە ئەمین ساڵەحی

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button