گواستنەوەی شین و مەترسیی پەشێویی ئابووریی جیهانی وەک ۱۹۷۰کان
بەپێی وتارێک که لەلایەن ئاکادێمیای ئابووریی نێونەتەوەیی پێتێرسۆن بڵاو بووەتەوە، گواستنەوەی جیهان بەرەو ئابوورییەکی بێ کاربۆن، دەبێته هۆی پەشێوییەک لە ئابووریی جیهانیدا که قەیرانی وزەی ساڵانی ۱۹۷۰ دێنێتەوە بیر. بەپێی وتەی ژان پیسانی فری، ئابووریزانی زانکۆی واشینگتۆن، تەنانەت ئەگەر هەموو هەوڵ و تەقالاکان بۆ کەم کردنی بڵاوبوونەوەی گازگەلی گوڵخانەیی لە ماوەیەکی درێژخایەندا گونجاو بێت، چاوەڕوانیی کاریگەرییەکی خێرا لەم گۆڕانکارییه قورسە، زۆر لەو ماوە دەچێت کە بە هۆی شۆکی نرخی نەوت، گەشەیەکی کەم و ئاوسانێکی زۆر هاتە دی. ئەو لە وتارەکەی خۆیدا وتوویەتی: “گەشبینیی گونجاو سەبارەت بە کاریگەریی درێژخایەنی ئابوورییەکی بێ کاربۆن، نابێتە هۆی ئەوەی کە تێچووی ئەم گواستنەوەیە پشت گوێ بخرێت”. ڕاسته دەکرێت ئەم تێچوویە جێبەجێ بکرێت بەڵام ڕەنگە زۆر بەرچاو بێت. ئیتر لەبری ئەوەی گرینگیی پێ نەدەین، ئەرکی بەرپرسانی ڕامیارییە کە خۆیانی لێ نەخڵافێنن و پلانگەلێک بۆ ئەم گواستنەوەیە داڕێژن.
پیسانی فری ڕای وایه یەکێک له هۆکارەکانی ئەم پەشێوییە کەمتەرخەمیی حکوومەتەکان بووە، کە ئەم گواستنەوەیان ماوەیەکی زۆر دوا خستووە و ئێستاکه پێویستیی گواستنەوەیەکی لەناکاویان بەدی هێناوە. ئەمساڵ لێژنەی ئەورووپی لە بروکسل چەند یاسایەکیان بۆ بووژاندنەوەی ئابووری پەسەند کرد و مەبەستیان کەم کردنەوەی پیسییەکان تا ڕادەی ٥٥% لە ساڵی ۱۹۹۰ تا ساڵی ۲۰۳۰ بوو. ئەو نووسیویەتی: “ئاکامی ئابووریی ئەم گواستنەوەیە، لە بنەڕەتدا دابین کردنی نرخه بۆ ئەو سەرچاوانەی کە پێشتر بەلاش بوون”. بە گوێرەی ئەم لێکۆڵینەوەیە لە حاڵێکدا که بەکارهێنەران وەکوو جاران لە کەشوهەوا کەڵک وەردەگرن، لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کورت ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی کەم ببێتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە بە بۆنەی ئەوەی حکوومەتەکان حەز دەکەن زووتر ئەم پەشێوییە چاک بکەنەوە، ڕەنگه بوودجەی گشتی تووشی کێشە ببێت. پیسانی فری دەڵێت:” زۆر پێویسته لێدوانێکی باشتر و وردتر سەبارەت بە کەڵەئابووریی کاریگەریی کەشوهەوا ڕێک بخرێت کە ئەمەش نەک هەر ئەوە بێت که ئاگاداریی دەسەڵاتداران و لێکۆڵەران و مرۆڤ بۆ کەمکردنەوەی کاربۆن زۆر بکات، بەڵکوو هەوڵێکی ڕاستەقینەش بدرێت”.
نووسەر : ئەلێکساندێر وێبێر
وەرگێڕ: ئێحسان ئیزەدی
چاودێری زمانی: ئەستێرە چابوک