بابەتژینگە

سەرەڕای قەدەخەکرانی سی-ئێف-سی، ئەو ماکە لەناوبەرەی ئۆزۆن دیسانەوە لە زیادبووندایه

بەرهەمهێنانی سی-ئێف-سی لە ساڵی ٢٠١٠ لە ئاستی جیهاندا قەدەخە کرا، بەڵام توێژەران بەرزبوونەوەی ڕێژەی پێنج جۆر ماکی کیمیایی لە بنەماڵەی سی-ئێف-سییان لە سەرچاوەی نادیارەوە دەستنیشان کردووە.

سی-ئێف-سی بە شێوەیەکی باو لە ساردکەرەوە و پڕژێن (سپرەی) و توێنەرەکاندا بە کار دەهات تا ئەو کاتەی زانرا ماکێکی دژ به چینی ئۆزۆنە. بەپێی ڕێکەوتنامەی مۆنتریال، بەرهەمهێنانی سی-ئێف-سی لە ساڵی ١٩٨٩ تا ٢٠١٠ قۆناغ بە قۆناغ کۆتایی پێهێنرا. بەڵام لوک وێستێڕن، لە زانکۆی بریستۆڵ لە بەریتانیا، و هاوکارەکانی ئاشکرایان کردووە کە چڕیی پێنج ماکی بنەماڵەی سی-ئێف-سی لە بەرگەهەوادا لەنێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠٢٠دا بەرز بووەتەوە، ئەمەش وا دەگەیەنێت کە هێشتا بە شێوەیەکی نایاسایی لە هەندێک کارگەکاندا بەرهەم دێت. لەبەر ڕووناکیی زانیارییەکانی ١٤ شوێنی پێوانەکردن لە سەرانسەری جیهان، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە چڕیی ماکی CFC-112a، CFC-113، CFC-113a، CFC-114a و CFC-115 لە ساڵی ٢٠١٠ەوە زیادی کردووە و لە ساڵی ٢٠٢٠دا گەیشتووەتە لووتکەی خۆی.

وێستێڕن ڕای گەیاند “پێشبینی دەکرێت تا دەیەی ٢٠٦٠ چینی ئۆزۆن بە تەواوی ببووژێتەوە و چاک ببێتەوە. هەرچەند هەڵدانی ڕێژەی ئەم گازه ژەهراوییانه لەو ئاستەدا ڕێگرییەکی بەرچاو لەو چاکبوونەوەیەدا ناکات، بەڵام گەرمکردنی زەوی خەسارێکی دیکەی گازەکانی سی-ئێف-سییه کە لەوێدا نیگەرانی چێ دەکات.” پێویستە ئەو دۆزینەوەیە وەک “هۆشدارییەکی پێشوەختە” سەرنجی بدرێتێ تا وڵاتەکان بەرهەمهێنانی نایاسایی و کەمتەرخەمانەی ئەو ماکە کیمیاییانە سەرکوت بکەن.

(chlorofluorocarbons (CFCs

refrigerant ساردکەرەوە

solvents توێنەر

Montreal Protocol

Luke  Western

University of  Bristol UK

Atmosphere  بەرگەهەوا

وەرگێڕ: کەریم بایرامی

چاودێری زمانی: هاوڕێ حسەینی

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button