بابەتژینگە

جینکۆ بیلۆبا، دارێکی سوودبەخش و جوانە کە دەتوانێت لە کوردستانیش بڕوێت

لە بەشی یەکەمی ئەم بابەتە باسی تایبەتمەندییەکانی ئەم دارە و سوودەکانی کرا، لەم بەشەدا باسی دۆخی پێویست بۆ پەروەردەکردنی ئەم دارە دەکەین؛

ڕووناکی: داری جینکۆ پێویستی بە خۆری ڕاستەوخۆیە. ئەگەرچی لە سێبەریشدا دەڕوێت بەڵام لە شوێنێک کە ڕاستەوخۆ خۆری لێ بدات باشترە.

پلەی گەرمی: ٣- تا ٢١ پلە باشترین پلەی گەرمایە بۆ گەشەی ئەم دارە هەرچەند بەرگەی ٢٨- تا ۴٠ پلەش دەگرێت.

خۆڵ: داری جینکۆ لە زۆربەی خۆڵەکان -چ خۆڵی ترش* یان ئەلکالیدا*- گەشە دەکات بەڵام ئەو خۆڵە دەبێت ئاوەڕۆیەکی* باشی هەبێت و هەروەها باشتره لمی زۆر بێت.  باشتر وایە PHی خۆڵەکە لە نێوان ۵ بۆ ۵.۵ بێت.
لێکۆڵینەوەکان دەڵێن ڕواندنی ئەو دارە دەکرێت وەکوو پلانێکی ئابووری-جوانکاری سەیر بکرێت  کە سوودی زۆری هەیە و ئاکامی باشی لێ دەبێتەوە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی ku.964media.com ماوەیەک لەمەوبەر تیمێکی توێژینەوە ئەم دارەیان لە شاری هەولێر چاندووە و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن. بەڕێز عه‌بدولسه‌مه‌د مه‌حموود ساڵح به‌ڕێوه‌به‌رى توێژینه‌وه‌ى کشتوکاڵى هه‌ولێر لەو بارەوە گوتی: “وه‌کوو قۆناغى یه‌که‌م له‌ قه‌زاى مێرگه‌سۆر ئه‌و داره‌مان چاند و له‌ قۆناغه‌کانى داهاتووش هه‌ندێک ناوچه‌ى هاوشێوه‌ى مێرگه‌سۆر بۆ چاندنى دیاری ده‌که‌ین” و لە درێژەی باسەکە سێ ئامانجی بۆ چاندنی ئەم دارە دیاری کردووە:

یەکەم: جینکۆ دارێکی پزیشکییە و گه‌ڵاکەی بۆ چاره‌سه‌ریی زۆر نه‌خۆشی به‌کار دێت کە یەکیان گەڕانەوەی یادەوەرییە.

دووهه‌م: زیادکردنی جۆرێکی تازه‌ی داره‌ که‌ سوودی بۆ پاککردنه‌وه‌ی ژینگه‌ی کوردستان هەیە، چونکه‌ دارەکە توانایه‌کی باشی بۆ هه‌ڵمژینی گازه‌ زیانبه‌خشه‌کان هه‌یه‌.

سێهه‌م: زێدەکردنی جوانییه‌کی دیکه‌ به سروشتی هەرێمی کوردستانە، چونکه‌ کاتێک له‌ وه‌رزی پایز گه‌ڵاکانی ده‌وه‌رێت جوانییه‌کی ئه‌فسووناوی به‌ شوێنه‌که‌ ده‌به‌خشێت و ده‌بێته‌ هۆی راکێشانی سەرنجی گەشتیاران.

خاکی ترش: Acid Soil
خاکی ئەلکالی: Alkaline Soil
ئاوەڕۆکردن: Drainage

ئامادەکردن: ئیحسان ئیزەدی
هەڵەگر: ئیدریس قادری

سەرچاوەی یەکەم

سەرچاوەی دووهەم

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

Back to top button