بابەتژینگە

زێراو چییە و بۆ دەبێت بپاڵێورێت؟

 

زێراو ئاوێکی بەکارهێنراوە کە هەندێک مادەی زیانبخەشی جۆراوجۆری تێدایە و پێش ئەوەی بچێتە نێو ژینگە و تێکەڵ ببێت لەگەڵ سەرچاوەکانی دیکە دەبێت لە پرۆسەی پاڵاوتندا ڕادەی پیسبوونی کەم ببێتەوە.

زێراو لە سەرچاوەگەلی جیاوازەوە وەک ماڵەکان، پیشەسازی و بازرگانی بەرهەم دێت و هەروەها باران و لافاوێکیش کە زەوی دەشواتەوە دەگرێتەوە.

زێراو بۆ دەبێت پێش بڵاوبوونەوەی لەنێو ژینگەدا بپاڵێورێت؟
سروشت خۆی توانایەکی سەرسووڕهێنەری هەیە لە پاڵاوتنی ئاوەکەی ناویدا، بەڵام ئەمە بۆ کاتێکە کە ڕادەی تێکەڵبوونی ئاوی پیس لەگەڵ ئاوی خاوێنی سروشت زۆر زیاد نەبێت چونکه بەدڵنیاییەوە پاڵاوتنی ملیارەها گاڵۆن زێراو لە ئاستی توانای سروشتدا نییە و بە هەندێک هۆکار کە لە درێژەدا باس دەکرێت دەبێت پێش ئازادبوونی لەنێو ژینگە پرۆسەی پاڵاوتن تێپەڕ بکات:

۱. شوێنی ژیانی بوونەوەرەکانی دیکە: ڕووبار و زەریاکانی سروشت شوێنی ژیانی سەدان جۆری ماسی و گیانلەبەرە ئاوییەکانی دیکەیە و هەروەها پەلەوەرە ئاوییە کۆچەرییەکان بۆ پشوودان و خۆراک لەم ئاوانە کەڵک وەردەگرن.

۲. شوێنی سەیران:
لە شوێنێک کە ئاو بوونی هەبێت مەلەکردن، ڕاوەماسی، بەلەمەوانی و هتدیش بوونی دەبێت بۆیە ئاو یاریگەیەکی گەورەیە بۆ هەموان.

۳. نیگەرانیی تەندروستی:
ئەگەر ئاوی پیس بە شێوەیەکی گونجاو خاوێن نەکرێتەوە دەتوانێت لە ڕێگەی گواستنەوەی مایکرۆبە زیانبەخشەکانەوە ببێتە هۆی نەخوشی.

هەندێک لە مادە زیانبەخشەکانی نێو زێراو:
– مادەگەلی ئۆرگانیک و گەنیو دەبنە هۆی کەمبوونەوەی ئۆکسجینی ئاو و ئەمەش خۆی دەبێتە هۆی مردنی بوونەوەرەکانی نێو ئاو.

– نووتریێنت (مادەی خۆراکی)ی لەڕادەبەدەر وەک فسفۆڕ و نایترۆجین دەبێتە هۆی هەڵهێنانی قەوزەی ژەهراوی

– پێکهاتەگەلی کلۆر و کلۆرامینە نائۆرگانیکەکان دەتوانن بۆ بوونەوەرەکانی نێو ئاو ژەهراوی بن.

– مایکرۆبەکان (بەکتریا، ڤایرۆس و هتد) دەتوانن ئاو و لێوارەکانی شوێنی سەیرانی مرۆڤەکان پیس بکەن.

– کانزاکان وەک جیوە، سورب (قوڕقوشم)، کادمیۆم، کرۆم و ئارسنیک دەتوانن کاریگەریی ژەهراویی درێژخایەنیان لەسەر تەندورستیی گیانلەبەران هەبێت.

– لە ژیانی ئەمڕۆکەشدا هەندێک مادەی تر وەک بەرهەمی دەرمانسازی کە لە ڕێگەی زێراوەوە لەنێو ژینگە بڵاو بوونەتەوە هەڕەشەی بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤەکان و بوونەوەرەکانی دیکە هەیە.
_____________________
پیسبوونی ئاو
پرۆسەی باوی ئاوپاڵاوتن

وەرگێڕ: هانا جاری
پێداچوونەوەی زمانی: سروە ئەمین ساڵەحی
سەرچاوە: (usgs)

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button