بابەتژینگە

زەنگی ئاگاداری بۆ کارەساتێکی ژینگەیی؛ پلاستیک لە چ مەودایەکی کاتیدا شی دەبێتەوە؟

ئێستا لە سەردەمێکدا دەژین کە لە هەموو شوێنێکی ژیاندا پلاستیک دەبیندرێ و زۆر شتی پێ دروست دەکرێ، لە پاکەت و کەرەستە و کەلوپەلە ئاساییەکانی ژیانەوە بگرە تا ئامێرە پزیشکییە سەرەکی و پێشکەوتووەکان.
ڕەنگە زۆربەمان وا بزانین پاشماوەی پلاستیکەکان تەنیا روخسار و دیمەنی ژینگە ناشیرین دەکەن بەڵام بە وردبوونەوەیەکی چڕتر و لە ڕەهەندێکی دیکەوە تێدەگەین کە کاتێک بەرهەمەکانی پلاستیک لە ژینگە فڕێ دەدرێن، بەسانایی لەناو ناچن و زۆرینەیان بۆ دەیان ساڵ یان تەنانەت سەدەیەک و چەندها سەدە دەمێننەوە و مەترسیی درێژخایەن لەسەر ژینگە دروست دەکەن و کاریگەرییە نەرێنییەکانیان بەردەوام دەمێنێتەوە.
لە کاتێکدا کە تەنیا سەتا ۹ی پلاستیکەکان لە ئاستی جیهانیدا ڕیسایکل دەکرێن، دەکرێ ئەم دیاردەیە وەک کارەساتێکی ژینگەیی بێتە ئەژمار.
پلاستیک لە نەوت وەرگیراوە و بە شێوەیەکی  سروشتی نایەتە بەرهەم،  هەر بۆیە پێکهاتە کاربۆنییەکانی لەوانەی وا لە سروشتدان جیاوازن. ئەمە وا دەکات شیبوونەوەی کات و وزەیەکی زیاتری بوێت.
شیبوونەوەی پلاستیک بە پڕۆسە و چۆنیەتی پێکهات و پێکهاتنەکەی بەستراوەتەوە، جا بۆیەش بەپێی جۆری پلاستیک بەگشتی ٢٠ بۆ ۵٠٠ ساڵ دەخایەنێت تا شی بێتەوە.
خێراترین شیبوونەوە هی جۆرە پلاستیکێکی بەکارهاتوو لە پاشماوەی جگەرەیە کە ۵ ساڵ دەخایەنێت.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای چاریۆت ئێنێرجی، ماوەی ۲۰ ساڵ بۆ کیسەی پلاستیکی و ۳۰ ساڵیش بۆ کووپەکانی قاوە -کە لە بەرهەمهێنایان پلاستیک بەکار هاتووە- پێویستە تا پڕۆسەی شیبوونەوە بەتەواوی ڕوو بدات.
هەندێک لە کەڕەستەکان درەنگتر لەناو دەچن. پەڕۆی پلاستیکی ٢٠٠ ساڵ دەخایەنێت تا شی بێتەوە، ئەڵقەی دفەرەکانی خواردنەوە ۴٠٠ ساڵ و بوتڵی پلاستیکی ۴۵٠ ساڵ دەخایەنێت. کەلوپەلی خاوێنکردنەوە کە بەردەوام بەکار دەهێنرێن وەک فڵچەی ددان و دایبی نزیکەی ۵٠٠ ساڵ دەخایێنێت، هەروەها دەفری ستایرۆفۆمیش ۵۰۰ ساڵی بۆ شیبوونەوە پێویستە.
لە سەرەوەی هەموویان دامووسکی ماسیگرتن(ڕاوەماسی) دەتوانێت بۆ ماوەی ۶٠٠ ساڵ لە ژینگەدا بمێنێتەوە، ئەمەیان دەتوانێ خەسارێکی بەرچاو بە ژینگەی ڕووبار و دەریاکان بگەیێنێت، چونکە زۆر جار لە ئاژەڵ و بوونەوەرە ئاوییەکان دەهاڵێ یان دەبێتە خۆراکیان و لە دەرەنجامدا بۆیان کوشندە دەبێت.
جێگەی ئاماژەیە کە پلاستیک بەر لە شیبوونەوە تەنیا یەک یان دوو جار دەکرێ  دیسان بەکار بهێنرێتەوە و چی دیکە شیاوی بەکارهێنانەوە نییە. ئەمەش بەو مانایەیە کە تەنانەت پلاستیکە ڕیسایکلکراوەکانیش لە کۆتاییدا دەخرێنە ژێر خاکەوە، دەسووتێنرێن، یان ڕێگەی دەریا دەگرن و سەر لەوێ دەردێنن.
پاشماوەی جگەرە فلتەرێکە کە لە سێلولۆز ئەسیتات دروست دەکرێت، جۆرێک لە پلاستیکە کە چەندها ساڵ بۆ شیبوونەوە دەخایێنێت.
بەگشتی شیبوونەوەی پلاستیک بەستراوەتەوە بە ڕێژەی بەرکەوتنی تیشکی خۆر بەتایبەت تیشکی سەروبنەوش.
کیسەی پلاستیکی کە یەک جار بۆ ڕاگرتن یا ڕاگواستنی خواردن بەکار دێت نزیکەی ٢٠ ساڵ دەخایەنێت تا شی بێتەوە. بوتڵی ئاوی پلاستیکی (کە لە پۆلی ئیتیلێن تێرێفتالات – PET دروست کراوە) نزیکەی ۴۵٠ ساڵ دەخایەنێت تا بەتەواوی شی بێتەوە.
ئەو زانیاری و داتایانە پێمان دەڵێن کە پێویستە زیاتر لە هەمیشە ئاگاداری بەکارهێنانی بەرهەمەکانی پلاستیک لە ژیانی ئاساییدا بین و بەرپرسانەتر هەڵوێست بگرین.

ئامادەکردن: ئەسرین هاشمی

هەڵەگر: هێمن عەبدوڵاپوور

گڕافیک: جەهانگیر ساغەرنیا

Decompose:  شیبوونەوە

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button