
نالی دەڵێت:
گەرد و بادی هیجری تۆ وا عالەمی لێ کردمە تۆز
نەک دوو چاوم، بەڵکە حەتتا دڵ غوباری گرتووە

بەڵام، پیشاندەری کواڵێتیی هەوا (AQI¹) چیمان پێ دەڵێت؟!
ئەم پیشاندەرە ئامرازێکی گرینگ بۆ خزمەت بە پاراستنی تەندروستیی کۆمەڵگەیە. بە تێگەیشتن و پەیڕەوکردنی ئامۆژگارییەکانی ئەم سیستەمە، دەکرێت مەترسییەکانی پەیوەست بە پیسبوونی هەوا لەسەر مرۆڤ، بەتایبەت کەسانی هەستیار کەم بکرێتەوە.
هەروەها پێوانەیەکی ژمارەیی ڕەنگامەیە تاکوو کواڵێتیی هەوای ناوچەیەک بنوێنێت و پێمان بڵێت هەوا چەندە پاکە یان لە چ ئاستێکدا پیسە. AQI وەک پەنێلێکی ڕاوێژکاری، تەندروستیی هەوا پێوانە دەکات؛ لەگەڵ ئەوەشدا زانیاریی پێویست و خێرامان سەبارەت بە مەترسییەکانی پیسبوونی هەوا دەداتێ.

پێکهاتە سەرەکییەکانی AQI:
بەگشتی ئەم پیشاندەرە سەبارەت بە پێنج جۆر بێخەوشی کە هەوا پیس دەکەن و تەندروستیی مرۆڤ دەخەنە مەترسییەوە، ئاگادارمان دەکاتەوە.
ئەم پێنجه بریتین لە:
۱. گەردی ورد ²(PM2.5 و PM10):
وردترین و مەترسیدارترین بێخەوشییە. PM2.5 دەتوانێت بچێتە ناو سییەکان، تێکەڵاوی خوێن بێت و بەتەواوی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ کاریگەر بێت.
۲. ئۆزۆنی نزیک زەوی (O3):
بێخەوشیی سەرەکیی دووهەمە کە لە ئاکامی کارلێکیی کیمیایی لەنێوان گازە جیاوازەکان و تیشکی خۆر دروست دەبێت. زۆرترین مەترسیی ئەو بێخەوشییە لە مانگە گەرمەکانی هاویندا دەبینرێت.
۳. دوانەئۆکسایدی نیترۆجین (NO2):
لە بڵاوبوونەوەی دووکەڵی ئۆتۆمبێلەکان، کارخانەکان و کارگەکان سەرچاوە دەگرێت.
۴. دوانەئۆکسایدی گۆگرد (SO2):
سەرچاوەی ئەم گازە، زۆرتر بۆ سووتانی سووتەمەنییە فۆسیلییەکان وەک نەوت و خەڵووز دەگەڕێتەوە.
۵. مۆنۆکسایدی کاربۆن (CO):
گازێکی بێڕەنگە کە بۆنی نییە و بە هۆی سووتانی ناتەواوی سووتەمەنی دروست دەبێت.

چۆنیەتیی خوێندنەوەی AQI و ڕەنگەکان:
سیستەمی AQI بەسەر شەش پلەی دیاریکراودا دابەش دەبێت کە هەر کامێکیان ڕەنگێکی جیاوازی هەیە و ئاماژەیەکی تەندروستیی تێدایە:
۵۰ – ۰ (سەوز/ باش):
کوالێتیی هەوای خاوێن و پاکە. هیچ مەترسییەکی بۆ تەندروستی نییە و هەموو چالاکییەکانی دەرەوە ڕێپێدراو و ئاسایین.
۱۰۰ – ۵۱ (زەرد / مامناوەند):
کوالێتیی هەوا پەسندە. لەوانەیە کاریگەریی لەسەر کەسانی هەستیار (وەک نەخۆشانی دڵ و هەناسە) هەبێت.
۱۵۰ – ۱۰۱ (نارنجی / ناتەندروست بۆ گرووپە هەستیارەکان):
دەستپێکی کاریگەری لەسەر گرووپە هەستیارەکانە. ئەم گرووپە دەبێت چالاکییە دوورودرێژەکانی دەرەوە کەم بکەنەوە.
۲۰۰ – ۱۵۱ (سوور / ناتەندروست):
کاریگەریی لەسەر زۆر کەس هەیە. جگە لە گرووپە هەستیارەکان، خەڵکی تریش دەگرێتەوە و دەبێت چالاکییە قورسەکانی دەرەوە سنووردار بکرێن.
۳۰۰ – ۲۰۱ (بنەوش / زۆر ناتەندروست):
زەنگی ئاگاداربوونەوە و هوشیاری. هەموو کەس لە مەترسیدایە و بەگشتی لەسەر هەموو گرووپێک کاریگەرە. پێشنیار دەکرێت چالاکییەکانی دەرەوە کەم بکرێنەوە و خەڵک لە ژوورەوە بمێننەوە.
۵۰۰ – ۳۰۱ (خورمایی / مەترسیدار):
ئاگاداری سەبارەت بە تەندروستی لە ئاستی فریاکەوتنە و هەموو کەس لە مەترسیدایە. پێشنیار دەکرێت هاووڵاتییان لە ژوورەوە بمێننەوە و چالاکییەکانی دەرەوە ڕابگیرێن.
ئامادەکردن: هێمن عەبدوڵاپوور
پێداچوونەوە: هێرش مووسازادە
گڕافیک: جەهانگیر ساغەرنیا
1. AIR QULITY INDEX
2. Particulate Matter
سەرچاوەکان:

AQI Basics | AirNow.gov

https://www.airnow.gov/aqi/aqi-basics




