بابەتژینگە

هەموو پلاستیکی جیهان

ئەگەر بتوانین بە قووڵایی ١٣ سەنتیمەتر لە سەرجەم زەوییە کشتوکاڵییەکانی جیهان هەڵکەنین و کۆی بکەینەوە، ئەوە تۆپێک بە تیرەی ٩٠ کیلۆمەترەوە دروست دەبێت. ئەوە کۆی گشتیی ئەو خۆڵە بەهێزەیە کە خۆراکی هەموو دونیای لێ بەرهەم دێت. بەداخەوە زۆربەی ئەو خۆڵە بە مایکرۆپلاستیک پیس بووە و ئەوەش کاریگەری دادەنێت لەسەر تەندروستیی مرۆڤ.

کەڵکوەرگرتنی لەڕادەبەدەری مرۆڤ لە بەرهەمەکانی پێترۆشیمی بووەتە هۆی ئەوەی کە لە ساڵدا ١٠ هەزار تۆن پلاستیک بڕژێتە نێو دەریاچەکانی نێوان ئەمریکا و کەنەدا. ئەوەش ئاسەوارێکی لەسەر ناوچەکە داناوە کە گەڕانەوەی نییە و بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە.

ئەگەر بتوانین ئاوی هەموو دەریاچەکانی جیهان -وەک دەریاچەی ئەمریکا، ڤیکتۆریا، بایکاڵ و هتد- کۆ بکەینەوە، گۆیەکی لێ دروست دەبێت بە تیرەی ٥٥ کیلۆمەترەوە.
تا ساڵی ٢٠١٧ مرۆڤ ٦.٣ ملیار تۆن پلاستیکی فڕێ داوەتە نێو چەمەکان، دەریاکان و زەوییە کشتوکاڵییەکانەوە. پلاستیک وەک کاغەز و کانزا بۆ سروشت ناگەڕێتەوە، بەڵکوو بە چەشنی مایکرۆپلاستیک ورد دەبێت و دەچێتە نێو سووڕی ئاو و لەگەڵ بەفر و باران و خۆڵ و ئاوی خواردنەوەی سەر زەوی تێکەڵ دەبێت.

ئەگەر بتوانین هەموو پلاستیکی دونیا کۆ بکەینەوە، تۆپێکی لێ دروست دەبێت بە تیرەی ٥٠ کیلۆمەترەوە. واتا دەتوانین سەرانسەری وڵاتی ئیسپانیا لەبن بستێک پلاستیک نوقم کەین!

قەبارەی ئەو هێندە پلاستیکەی فڕێمان داوەتە نێو سروشت، لە سەرجەم ئاوی ڕووبارەکانی جیهان ٣٠ جار زیاترە، قورسایی ئەو هێندە زبڵە پلاستیکە لە قورسایی دیواری مەزنی چین ١٢٠ جار زۆرترە!
ئەگەر بمانهەوێت بۆ نەوەی داهاتوو جیهانێک بەجێ بهێڵین کە شایانی ژیوار بێ، ئەوە دەبێت لە پیسکردنی زەوی دەست هەڵگرین و چیتر سروشتی ناسک و لاوازی ژیانمان ئازار نەدەین. بەو مانایە کە دەبێت هەرچی زووتر شێوازی دروست کردن و بەکارهێنانی کەرەستەکانی ژیانمان بگۆڕین، هەرچی زووتر!

ئامادەکردن: کەریم بایرامی

سەرچاوە :
https://landartgenerator.org/blagi/archives/77066

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button