بابەتژینگە

پاشماوە پلاستیکییەکان لەسەر زەوییەوە بۆناو دەریا

لە چەند ساڵی ڕابردوودا دنیا وای لێهاتووە کە گریمانەکردنی ژیان بێ پێکهاتە پۆلیمەرییەکان یاخود هەمان پلاستیکەکان ئەستەمە. پێکهاتەیەکی وەرگیراو لە نەوت کە تەمەنی تەنیا بۆ کەمتر لە سەد ساڵ دەگەڕێتەوە. ئێستاکە بەرهەمهێنانی ئەو ماددە بەكەڵکە تا ئاستێک ڕووی لە زیاد بوونە کە لە چوار قوڕنەی جیهان بەدی دەکرێت. بەم تێبینییانە ئایا پێتان وایە بکرێت پاشماوەگەلی ئەو ماددانە لە ڕووی زەوی بسڕینەوە؟ ئایا دەکرێت پاشماوەکانی ئەو ماددەگەلە کەمتر کەینەوە؟ ئایا دەکرێت بەشێک لەو پاشماوانە دیسان بهێنینەوە سووڕی وەبەرهێنان و کەڵکیان لێ وەرگرین و ئایا بە گشتی پلاستیکەکان یەکێک لە مەترسیدارترین دوژمنانی داهاتووی مرۆڤ و زەوین؟

بە گشتی ئێمەی مرۆڤ ساڵانە پتر لە 320 ملیۆن تۆن پلاستیک بەرهەم دەهێنین و پێشبینی کراوە ئاستی بەرهەمهێنانی ئەو ماددەیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بێت و تا ساڵی 2025 بگات بە پتر لە 400 ملیۆن تۆن. کۆی گشتیی بەرهەمهێنانی ئەو ماددەگەلە لە ساڵی 1950وە تاکوو ئێستا پتر لە 8300 ملیۆن تۆن بووە و سەیرییەکەی لێرەدایە کە نیوەی ئەو ژمارە مەزنە تەنیا لە 13 ساڵی ڕابردوودا بەرهەم هاتووە. ئامارەکان دەریدەخەن کە 6400 ملیۆن تۆن لەو بڕە پلاستیکە بەرهەمهاتووە دەبێت بە پاشماوەی پلاستیکی و 79٪ ئەو پاشماوەگەلە ئێستاش هەر لە سروشتدا ماون، 12٪ دەسووتێن و تەنیا 9٪  ئەو بەرهەمانە گەڕاونەوە ناو سووڕی بەرهەمهێنانەوە.  بەڵام لەناو سروشتدا چی بەسەر ئەو پلاستیکە فڕێدراوانەدا دێت؟ چەند دەخایەنێت تا ئەو پلاستیکانە لەناو بچن؟ بۆ وڵامی ئەو پرسیارانە بۆ وێنە بوتڵێكی پلاستیکیی ئاسایی نزیک بە 450 ساڵ دەخایەنێت تا لەناو بچێت و ئەو ماوەیە بۆ هەندێک پلاستیکی تر نزیک بە 1000 ساڵ و زۆرترە.

هەندێک لە پلاستیکەکان بە چەشنێک لەگەڵ سروشت ئاوێتە دەبن کە تەقریبەن کۆکردنەوە و جیاکردنەوەیان ناڕەخسێت و ناکرێت. بۆ وێنە لە ساڵی 2014دا زانایان لە هۆوایی چەشنێکی نوێی بەردیان دۆزییەوە کە تێکەڵکاوەیەک لە ڕڵم و بەردئاگرینە و پاشماوەی ئۆرگانیک بوو کە بە یارمەتیی پلاستیکێکی تواوە بەیەکەوە نووسابوون.

ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە هەڕمانی ئاوە ئازادەکان بە پۆلیمەرەکان یەکەم جار لە کۆبوونەوەی زانستی لە سەرەتاکانی دەیەی ٧٠ هاتە ئاراوە و لەو کاتەدا تێبینی دەکرا ساڵانە ڕژان و هاتنی پاشماوەکان بۆ ناو ئاوە ئازادەکان  بە پلاستیکەکان و ناپلاستیکەکانەوە  نزیکەی 5.8 ملیۆن تۆن بێت.  توێژەران پاش تێپەڕێنی 3 ساڵ و لە ساڵی 2010دا پاش لێکۆڵێنەوەکان ڕایانگەیاند کە شتێک نزیک بە 4-12 ملیۆن تۆن پاشماوەی پلاستیکی لە ناوچە کەناراوییەکانی گۆی زەوی کۆ کراوەتەوە کە ئەو بڕە تەنیا 1.5 تا 4.5٪ کۆی گشتیی پلاستیکی بەرهەمهاتووەکانی جیهانە. بۆ تێگەیشتنی باشتر لەو ژمارەیە دەتوانین بڵێین تەنیا پێویستە پلاستیکە کۆکراوەکان لەسەر یەک کۆکرێتەوە تا گشت ناوچە کەناراوییەکانی جیهان داپۆشێت.

کارەساتەکە کاتێک باشتر ڕوون دەبێتەوە کە بزانین توێژەران و زانایان ئێستاش نازانن کە 99٪ی ئەو پلاستیکانەی دەچنە ناو ژینگەوە چییان بەسەر دێت و ئەو بڕە پلاستیکە چ کاردانەوەیەکی دەتوانێت لەسەر ژیانی ناو ئاوە ئازادەکان و هەروەها سەرچاوەی خواردمەنیی مرۆڤ هەبێت.

 

ئامادەکردنی:  مەسعوود قەلەندەری

سەرچاوە:

http://csuk.org/clean-seas/great-british-beach-clean-2017-report

http://wedocs.unep.org/bitstream/handle/20.500.11822/17969/Plastic_waste_inputs_from_land_into_the_ocean.pdf?sequence=1

http://www.bbc.co.uk/news/science-environment-42264788

https://www.mcsuk.org/clean-seas/great-british-beach-clean-2017-report

http://bbc.in/2AGUjlS‌

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button