١٧ وڵات کە نزیک بە یەک لەسه‌ر چواری دانیشتوانی گۆی زه‌وی پێکدێنن، لەگەڵ گرفتی گەورەی که‌مئاوی ڕووبەڕوون
“کوردستانیش بەشێکە لەو ناوچە بەرینە کە لە داهاتوودا گرفتی ئاوی دەبێت”
فاڕووق ئەحمەدی، ماستەری ئەندازیاری کیمیا، زانکۆی پیشەیی نووشیروانی بابول، ئێران
Faruq (Farogh) Ahmadi, MSC. Of Chemical Engineering, NIT, Iran
- دەستپێک
ده‌توانین بڵێین خه‌زێنه ئاوییه‌کانی (کانیاو و سەرچاوەکان) ناوچەی چێنای کە شەشەم ناوچەی گەورەی وڵاتی هیندوستانە هەر ئێستاکەش وشک بووه. پارەکە، دانیشتوانی کەیپ تاون، لە ئەفریقای باشوور، زۆر بە سەختی لە ” ڕۆژی سفری” – واته ڕۆژی کۆتایی هاتنی ئاو- تێپەڕ بوون. ساڵێک پێش ئەو ڕووداوە، ڕۆم به مه‌به‌ستی پاراستنی سەرچاوەکانی ژێرمه‌ترسیی که‌مئاوی، ئەو سەرچاوەیەی کەرتبەندی کرد.
هۆکارەکانی ئەم قەیرانانە زۆر قووڵتر لە وشکەساڵییە. ناوەندی سەرچاوەکانی جیهان (WRI) لە ڕێگەی مۆدێلە هیدرۆلۆژییە نوێیەکانەوە ئەوەی دەرخستووە کە هەڵێنجانی سەرچاوە ئاوییەکانی جیهان لە ساڵی 1960ەوە ڕووی لە زیاد بوونە و تاکوو ئێستاش هیچ نیشانەیەکی کەمبوونەوەی پێوە دیار نییە.
دراوە نوێیەکان کە لە ڕێگەی کەرەستەی ئاوبارەی ناوەندی WRI کۆکراوەتەوە، نیشان دەدات کە ١٧ وڵات کە شوێنی نیشتەجێبوونی نزیک به یەک لەسه‌ر چواری مرۆڤی جیهانن، گیرۆدەی گرفتی ئاو لە ئاستی زۆر بەرزدان. ئەو وڵاتانە هەموو ساڵێک، لە کەرتەکانی جوتیاری، پیشەسازی و ناوچە شارستانییەکانیان زۆرتر لە ٨٠٪ی ئاوی بەردەستی خۆیان به‌کار ده‌هێنن.
هەروەها 44 وڵات، کە شوێنی نیشتەجێبوونی یەک لەسه‌ر سێی مرۆڤی جیهانه، ڕووبه‌ڕووی گرفتی که‌مئاوی له ئاستی بەرزدان و هەر ساڵێک نزیک بە ٤٠٪ی ئاوی بەردەستی خۆیان به‌کار ده‌هێنن. (لە وێنەکاندا ئەو ناوچە و وڵاتانەی تووشی گرفتی ئاو دەبنەوە دەستنیشان کراون). درزێکی ئەوها لە نێوان ئاوی کەڵکوەرگیراو و ئاوی پێویست، وڵاتەکان زۆرتر بەرەو وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی هەڵێنجانی سەرچاوەکان پاڵ دەنێت و بەم پێیەش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، ژمارەی ئەو وڵاتانەی لە “ڕۆژی سفر”ی خۆیان و قەیرانی تر نزیک دەبنەوە، به‌ره‌و به‌رزبوونه‌وه ده‌چێت. هه‌ر به‌پێی ئه‌م وێنه هه‌ندێک له به‌شه‌کانی کوردستانیش ڕووبه‌ڕووی کێشه‌ی که‌مئاوی ده‌بێته‌وه و پێویسته کاربه‌ده‌ستان و خه‌ڵکیش ڕه‌چاوی ئه‌م قه‌یرانه بکه‌ن که ڕه‌نگه له داهاتوویه‌کی نزیکدا تووشی بین.
سەرچاوە:
ناوەندی سەرچاوەکانی جیهان: