بوونەوەرانی دەریایی ئوسترالیا بوونەتە قوربانیانی نەبینراوی ئاگرکەوتنەوەی ئەو وڵاتە
خۆڵەمێش و قوڕ و جڵیتاو بۆ ناو ڕووبارەکان ڕاماڵدراوە و ناوچەکانی کەناری دەریا و ئێکۆسیستێمی ژێرئاو دەخنکێنێت.
ئاگرە گەورەکەی ئوسترالیا زەوی و دارستانەکانی ئەو وڵاتەی وێران کردووە و تا ئێستا مەزەندەکراوە یەک ملیار ئاژەڵی سەر زەویی کوژراون. بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە لێکۆڵەران لە بابەت قوربانیبوونی بوونەوەرانی دەریایی نیگەرانن.
بە پێی ڕاپۆرتی دێپارتمانی ژینگە و وزەی ئوسترالیا (DEE) زۆرتر لە ۱۷/۱ ملیۆن هیکتار زەوی لە سەرانسەری ئوسترالیادا سووتاوە. ئادریان مدر، هەڵمەتبەری دەریایی لە کۆمەڵی پاراستنی دەریایی ئوسترالیا (AMCS) دەڵێ: ئەم ئاگرە بەشێکی زۆری گیای سووتاو و خۆڵەمێش بەجێ دەهێڵێت.
قوڕ و جڵیتاو دەچێتە ناو کۆئەندامی ههناسهکێشانی ماسی و پێش لە تیشکی هەتاو دەگرێت. گیا و قەوزەی دەریایی بۆ پێویستیان بە تیشکی هەتاوە و نەبوونی تیشکی هەتاو دەیانخنکێنێت.
ئاگرەکەی ئوسترالیا دارستانێکی زۆری لە نزیک کەناری دەریا سووتاندووە و بۆتە هۆی لەناوچوونی ئەو جۆرە گیایەی کە دەبنە هۆی پاڵاوتنی قوڕ و جڵیتاو و خۆراکی زیادە.
زۆربەی ئەو بوونەوەرانەی بە مەبەستی بازرگانیی سەیر دەکرێن وەک ماسی سەرپان، ڕۆبیان و جۆراوجۆری گوێچکە ماسی ژیانی خۆیان لە دەریاچەکانی کەناری دەریا و قەوزەی دەریایی دابین دەکەن. ئەم ژینگانەی کەناری دەریا بۆ هێلکەکردنی بوونەوەران وەک ئەسبی دەریایی باشن. وێرانکردنیان دەتوانێت شەپۆلێکی نەرێنی بێت بۆ سەرانسەری ئێکۆسیستێمی گەورەتر.
بە پێی DEE هەرئێستا بڕێک لەم کاریگەریانە هەستی پێدەکرێت. ئەم ئاگرکەوتنانە لە باشووری نیوساوت ولز و ویکتۆریا و لە دوورگەی کانگورۆ، کێشەی بۆ ڕاوگەی ماسی و پەروەردەکردنی بوونەوەری ئاوی دروست کردووە.
کاتێک بارینی باران لە نیوساوت ولز دەستی پێکرد، ئەندامانی Darkinjung، کە ئەنجوومەنێکی ناوخۆیی ژینگەییە، بەربەستیان بۆ ڕاگرتنی لافاوی قوڕ و جڵیتاو و ئاوی پڕ لە خۆڵەمێش بۆ ناو ڕووبارەکان و دەریاچەکان و ڕێژگەکان ئامادە کرد. بە پێی ڕاپۆرتی کلوین جانسون ئەفسەری پایەبەرزی بەڕێوەبەرایەتی خاک، هەرئێستا بڕێک ماسی مردوو لە ڕووبارەکانی دەوروبەر بینراوە.
جانسون دەڵێ: ئاگرکەوتنەوە و ئاسەوارەکانی بووەتە هۆی ئەم کێشانە و دەتوانێت ببێتە هۆی زیانی کەلتووری.
هەرچەندە بۆ زانینی ئاستی زیانەکە زۆر زووە، بەڵام ئەگەر ئاگرکەوتنەکە، ئازاری بە گوێچکە ماسییەکان و گیاندارانی ئاوی قاوغدار، ماسی سەرپان و ماسی بوری گەیاندبێت، دەبێتە نیشانەی خەسارێکی کەلتووری گەورە.
مانگی ڕابردوو، دەوڵەتی فێدرالی ئوسترالیا ئابوونەیەکی چاککردنەوی ۵۰ ملیۆن دۆلاری بۆ گەڕاندنەوە و پاراستی ئێکۆسیستمی زیانپێگەیشتوو ڕاگەیاند. بەڵام بۆ ناوچەی دەریایی و ئاوی هیچ پلانێکی تایبەتی پێشبینی نەکراوە. DEE ئاشکرای کرد دا کە بڕێک لەم ئابوونەیە لەوانەیە بۆ دەستێوەردانی خێرا وەک کۆنترۆڵی ڕاماڵین بۆ تێڕژانی لیته لەناو ئێکۆسیستمی ئاوی بەکار بهێنرێت.
ئۆقیانووس و کەناری دەریا یارمەتیی تایبەتیان دەوێت. هەرچەندە وێرانبوون لەسەر زەوی زیاتر دیارە، سروشتی ئۆقیانووس و زەوی بەیەکەوە گرێ دراوە.
نووسەر: Doug Johnson, Hakai Magazine
ئامادەکردن: ئەژین جەلالی
وشەکان:
ئادریان مدر Adrian Meder
هەڵمەتبەر campaigner
خۆراکی زیادە excess nutrients
ماسی سەرپان flathead
ڕۆبیان prawns
گوێچکە ماسی shellfish
نیو ساوت ولز New South Wales
ویکتۆریا Victoria
دوورگه کانگورو Kangaroo Island
ڕاوگەی ماسی fisheries
ڕێژگە estuary
کلوین جانسون Kelvin Johnson
گیاندارانی ئاوی قاوغدار crustaceans
ماسی بوری mullet
ئابوونەی چاککردنەوە recovery fund
ڕاماڵین erosion
تێڕژانی لیته sediment flows
سەرچاوە: