بابەتگەردوونناسی

تەلەسکۆپی جەیمز وێب، چاوی مرۆڤ بەرەو سەرەتای گەردوون

ئەگەر هەموو شتێک بەپێی پلان بڕواتە پێش، تەلەسکۆپی جەیمز وێب بە بینینی دیاردە گەردوونییەکان، وەک دوورترین گەلەئەستێرەکان کە تا ئێستا بینراون، بەرگەهەوای هەسارە دوورەکان و ناو دڵی ناوچە ئەستێرەسازکەرەکان کە لە تۆزدا پێچراون، گەردوونناسی لە نوێوە ئەنجام دەداتەوە.
وێب کە نزیکەی ١٠٠ هێندە لە تەلەسکۆپی سپاشیی پێش خۆی، واتە هابل، بەهێزترە تێگەیشتنی ئێمەی لە گەردوون لە ٣١ ساڵی ڕابردوودا گۆڕی و زۆر لە لایەنە شاراوەکانی گەردوون ئاشکرا دەکات.
تەلەسکۆپی وێب بۆ خاڵێک لە بۆشایی ئاسمان ناردراوە کە یەک و نیو ملیۆن کیلۆمەتر لە زەوی دوورە، واتە هێندە دوورە کە سپاشوانەکان ناتوانن سەردانی بکەن و تەلەسکۆپەکە چاک بکەنەوە، ئەگەر شتێک بە هەڵەدا بچێت.
بۆ نموونە، هابل لە ساڵی ١٩٩٣ پێویستی بە چاککردنەوە هەبوو و سپاشوانەکان کەشتییەکی ئاسمانی (سپاشگەڕ)یان بەکار هێنا بۆ ئەوەی کە بگەنە تەلەسکۆپەکە لە خولگەی زەویدا و ئاوێنە سەرەکییەکەی چاک بکەنەوە، کە بە هەڵە بەسترابووەوە.
ئەگەر هەموو شتێک بە سەرکەوتوویی بڕواتە پێش، وێب لە درێژیی شەپۆلی نزیک یان نیوەی شەپۆلی خوارووسوور لێکۆڵینەوە لەسەر گەردوون دەکات، کە زۆربەی ئەم شەپۆلانە درێژترن لەوەی کە هابل دەتوانێت بیانبینێت. واتە وێب دەتوانێت لێکۆڵینەوە لەو ڕووناکییانە بکات کە لە گەلەئەستێرە دوورەکانەوە گەشتیان کردووە و بە هۆی بەرفراوانبوونەوەی گەردوونەوە درێژایی شەپۆلەکانیان بەرەو شەپۆلە سوورترەکانەوە چووە.
هەروەها وێب دەتوانێت لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو تۆزە بکات کە ناوچە ئەستێرەسازکەرەکان لە خۆ دەگرێت، و هەروەها لەسەر گازی نێوان ئەستێرەکان کە لە درێژیی شەپۆلی کورتتردا دیار نییە. وەک هابل، وێب دەتوانێت شەبەنگێک لە تەنەکانی گەردوون وەربگرێت، واتە دەتوانێت ڕووناکییەکان بەسەر پێکهاتەکانیاندا بشکێنێت تاکوو بزانێت لە چی دروست کراون.
هەموو ئامێرەکانی جەیمز وێب ڕووناکی خوارووسوور دەبینن کە بۆ تێگەیشتن لە گەردوون زۆر گرنگە. دوورترین تەنەکان کە دەتوانین دەستنیشانیان بکەین بە تیشکی خوارووسوور دەبینرێن، چونکە تیشکی خوارووسوور دەتوانێت لە تۆزی نێوان ئەستێرەکانەوە، کە ڕێگری لە ڕووناکیی دیار دەکات، تێ بپەڕێت. هەروەها ڕووناکیی دیار کە لە ئەستێرەیەکی دوورەوە گەشت دەکات، لە گەشتەکەیدا بەرەو ئێمە دەشێوێت و درێژیی شەپۆلەکەی زیاتر دەبێت. واتە ئەو ڕووناکییە کە لەو مەودای بینینی مرۆڤدا بووە، بەرەو تیشکی خوارووسوور لە شەبەنگی کارۆمەگنێتیک دەچێت (کە بە چاوی ئاسایی نابینرێت).
ئەمەش کاریگەرییەکە کە پێی دەگوترێت “گۆڕینی سوور” و بەو مانایەیە کە ئەگەر بمانەوێت سەیری خاڵە دوورترەکانی ڕابردوو بکەین، دەبێت سەیری ئەو شتانە بکەین کە بۆ ئێمە نادیارن. بەڵام ئەو شتە “نادیارانە” بۆ جەیمز وێب نادیار نابن.
جەیمز وێب، بەهۆی ئەوەی کە دەتوانێت تەنە سوورە کزەکان دەستنیشان بکات، دەتوانێت هەندێک لە یەکەم ئەستێرە و گەلەئەستێرەکان ببینێت کە دوای تەقینەوەی مەزن دروست بوون. تەقینەوەی مەزن ١٣ هەزار و ٨٠٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر ڕووی داوە و گەردوونی لێ ساز بووە.

Cosmic Phenomena دیاردە گەردوونییەکان
Galaxy گەلەئەستێرە
Atmosphere بەرگەهەوا
Space سپاش
Near-and-a-half infrared wavelengths شەپۆلی نزیک یان نیوەی شەپۆلی خوارووسوور
the expansion of the Universe بەرفراوانبوونەوەی گەردوون
Star-forming regions ناوچە ئەستێرەسازکەرەکان
Spectrums of astronomical objects شەبەنگێک لە تەنەکانی گەردوون
Visible light ڕووناکیی دیار
Red shift گۆڕینی سوور

نووسەر: تیەن گوێن Tien Nguyen
سەرۆکی ئەندازیار لە تاقیگەی ناسا بۆ پێشبەری جێتەکان
وەرگێڕ: سیروان موحەممەدی
خوێندکاری دکتۆرای ئەندازیاریی میکانیک

سەرچاوە:

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button