بابەتگەردوونناسی

بۆچی تا ئێستا هیچ کەس لەسەر زوحەل دانەبەزیوە؟

هۆکاری ژمارە یەک

هەسارەی زوحەل بە زەبەلاحی گازی ناسراوە. ئەگەر لە مانای ئەم وشەیە تێ بگەین هەر ئێستا بە وەڵامی پرسیارەکەمان دەگەین. تۆ هیچ کات ناتوانیت لەسەر گاز پیادە بیت! زوحەل، هەر وەک هاوتای زەبەلاحی گازیی خۆی، موشتەری، زۆربەی هەرە زۆری لە هایدرۆجین و هیلیۆم پێک هاتووە، هەروەها شتی سەهۆڵینی تێدایە کە لە ئاو و ئامۆنیا و میتان پێک هاتووە.

لە قووڵایی خوارەوەدا هایدرۆجین لەژێر پەستاندا دەبێتە شلە و لە خوارتریشەوە، هیلیۆم کە توخمێکی قورسترە بە هەمان شێوە. قووڵتر بڕۆین، لەژێر پەستانی زیاتردا، هایدرۆجینەکە دەبێتە هایدرۆجینی کانزایی (بۆیە پێی دەڵێن کانزایی چون لەم دۆخەدا هایدرۆجین هاوشێوەی کانزا، دەبێتە گەیەنەری ئەلەکتریک).

لە ناوەندی هەموو ئەمانەدا ناوکێکی بەردین هەیە کە مەزەندە دەکرێت نزیکەی ١٠ هێندەی کێشی زەوی قورس بێت، ناوکێکی چڕوپڕ لە کانزاگەلی وەک ئاسن و نیکل. کەواتە، لە ڕووی تیۆرییەوە، ئەگەر ئەوەندە بەرەو ناوکی زوحەل بڕۆین، دەکرێت شتێک هەبێت تاکوو لەسەری بوەستین.

هۆکاری ژمارە دوو

پەستان و پلەی گەرمیی لەڕادەبەدەری ناو زوحەل 

پەستانی بەرگەهەوا لەسەر زەوی تۆزێک زیاترە لە ١ بار، لە کاتێکدا لەناو زوحەل لە یەک ملیۆن بار تێدەپەڕێت.

ئەگەر بتوانین لە وردبوون ڕزگارمان بێت (کە نابێت) ئەوا لەناو گەرمایەکدا کە دەگاتە هەزاران پلە، دەسووتێین. کەواتە ئەگەر کەسێک بیەوێت لەسەر زوحەل یەکەم جار ببێتە هەویر و پاشان ببێتە هەڵم، هیچ پلان و بودجەیەک بۆ ناردنی ئەو کەسە نییە.

Gas giant زەبەلاحی گازی

Pressure پەستان

Metallic کانزایی

Element توخم

Conductor گەیەنەر

Bar بار (یەکەی پێوانی پەستان)

وەرگێڕ: کەریم بایرامی

چاودێری زمانی: فەرشاد نەبیزادە

سەرچاوە

 

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button