بەربوونەوەی وێستگەی فەزایی تیانگۆنگ- ۱
“زانایانی فەزایی چاوەڕوانی بەربوونەوەی وێستگەیەکی ئاسمانین کە لە ئاسمان گۆی ئاگرین (وەک بەردئەستێرە) ساز دەکات”
چاوەڕوان دەکرێت ۱۰ تا ۱۳ی خاکەلێوەی ۲۷۱٨ کوردی (واتا ۳۰ مارس تا ۲ی ئاوریلی ۲۰۱٨ زایینی) یەکەمین وێستگەی ئاسمانیی چینی، هاوقەبارەی یەک ئوتوبووس، بە ناوی تیانگۆنگ-۱ کاتی تێپەڕبوون بە تەوشکی زەویدا، بە شێوەیەکی کۆنترۆڵنەکراو بە داکەوتنێکی ئاگرین بەربێتەوە سەر زەوی. لەڕاستیدا لەکاتی داکەوتن، ئاییساو وپڕشنگدار دەبێت. زانستمەندان پێیان وایە هاوکات لەگەڵ سووتانی وێستگەکە ڕادەیەکی زۆر گۆی ئاگرین)وەک بەردئەستێرە( بەدی دێنێت کە لە گۆی زەوییەوە دەبینرێت.
وێستگەی تیانگۆنگ-۱ کە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابڕدوو، پێش تێکشکانی سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، لە ساڵی ۲۰۱۱ دا نێردرایە ئاسمان و بەر لەوەی کە لە ساڵی ۲۰۱٦ دا پەیوەندییەکەی لەگەڵ سەفینە بپچڕێت، میوانداری دوو کەشوان بوو. لەو کاتەوە تیانگۆنگ بێ ئەوەی لە لایان زانایانی فەزایی چینی کۆنتڕۆڵ بکرێت، بەرەو گۆی زەوی دێتە خوار.
ئەستێرەناسی زانستگای هاروارد، جاناتان مەکداول دەڵێت: “ئێمە لە بەدیهاتنی گۆی ئاگرین تا ڕادەیەکی زۆر ئەرخەیانین.” مەکداول لەسەر تیانگۆنگ-۱ شرۆڤەکارێکی ڕاگەیاندنی بەناوبانگە و هەروەها لە ناوەندی بینینگەی تیشکی-x ی چاندرا سەر بە ناسا کار دەکات.
مەکداوڵ بۆ شیکاریی سەرچاوەی گۆی ئاگرین دەڵێت: “ئەوەی ڕوو دەدات بریتییە لەوەی چەند بەشی تۆکمەی تاقیگە بە پێکهاتەی تا ڕادەیەک تەسک پێکەوە لکاون؛ سەرەتا ئەو پێکهاتە تەسکە دەتوێتەوە و تاقیگە بە چەند دانە تا دەیان گۆی ئاگرین دابەش دەبێت. ”
مەکداوڵ دەڵێ تیانگۆنگ-۱ نزیکەی ۹/۴ تۆنە کە تا ڕادەیەک هاوقەبارەی دەورەی مووشەک (هاژەک)ی زێنیتی ئۆکڕاینییە کە مانگی ڕێبەندان گەڕایەوە ناو تەوشک لە سەر سنووری برازیل- پێڕۆ. بۆیه گەڕانەوەکەی بۆ ناو تەوشک دەتوانێت تا ڕادەیەک ڕوانگە و تێگەیشتنمان بداتێ کە لەو تاقیگە ئاسمانییەی چین چاوەڕوان دەکرێت.
بە پێی هەواڵی سایتی SpaceFlight101.com ، تاقمێک لە بەشەکانی دەورەی مووشەکی زەینت لە تەنیشت دێهاتی وڵاتی پێڕۆ کەوتنە خوار و گوندنشینانی نیشتەجێی ئەو شوێنە ڕایانگەیاند شتی خڕ – کە ڕەنگە کۆگاکانی خڕی مووشەک بن- لە گەڕانەوە بۆناو تەوشکدا پارێزرابوون و ساغ مابوونەوە.
هەروەها ئامێرەکانی دەستکردی مرۆڤ، هاوشێوە لەگەڵ چەند تۆن بەردئەستێرە هەموو ساڵێک و زۆرتر بە شێوەی گەرد و تۆز بەر گۆی زەوی دەکەون.
جارجارە بەردئەستێرەی بەردینەی گەورەتر لە تەوشکدا وردوخاش دەبن، دوایە بەر گۆی گەڕۆکەکان دەکەون. کۆلێکسیونوانەکان بەردئەستێرە بەدیهاتووەکان زۆر بەرز دەنرخێنن.
لە مانگی ڕێبەنداندا بەردئەستێرەیەکی بچووک لەسەر شاری میشیگان وردوخاش بوو و کۆلێکسیونوانەکان چەند لەتیان لە ماوەی ڕۆژێک پاش داکەوتنی لەسەر سەهۆڵ دۆزییەوە.
نموونەیەکی بەرچاو و سرنجڕاکێشتر لە ساڵی ۲۰۱۳ بەردئەستێرەیەکی ۱۷ مەتری لەسەر چلیابینسکی ڕووسیا لەتوپەت بوو و بە هێز و وزەکەی شیشەکان وردوخاش بوون و بووە هۆی زیانگەیشتن و برینداربوونی دانیشتووانی ژێرەوەی.
مەکداول دەڵێ:” ئەو تاقیگەیە لە بەرامبەر بەردئەستێرە هێواشتر دێت و بە گۆشەیەکی بچووکتر نزیک دەبێتەوە.”
پاشماوەکە لەسەر سەدان کیلۆمەتری هێڵی جووڵە بڵاو دەبێتەوە. گۆی ئاگرین کاتێک دەبینرێت کە لە نێوان km۲۰ تاkm ٥۰ سەر زەویدا بێت و هەر پاشماوەیەکی کە لە گشت ڕێچکەی داکەوتندا نەتۆێتەوە، لەوانەیە لە شوێنێک زۆر دوورتر لە شوێنی هاویشترانی بکەوێت.
تاقمێک لە بینەران شێوەی تیانگۆنگ لەگەڵ پێشهاتەی وێستگەی ئاسمانی سەد تۆنی ناسا لە ساڵی ۱۹۷۹ هەڵدەسەنگێنن، کە پاشماوەکان لە ناوچەی گوندنشینی ئۆستڕاڵیا پەرژوبڵاو بوونەوە. بەڵام مەکداوڵ پێی وایە تەنیا بەشێکی چکۆڵەی تیانگۆنگ -۱ دەمێنێتەوە و دەگاتە سەر زەوی.
بەو هۆکارەی وێستگەی ئاسمانی نزیکەی ٨٥۰۰ کیلۆگرام کێشی هەیە؛ مەکداوڵ بەراورد دەکات نزیکەی ۱۰۰ تا ۲۰۰ کیلۆگرامی پاشماوە لێ دەمێنێتەوە.
ئامادەکردنی: سولەیمان ڕەسووڵی
سەرچاوە:
https://www.livescience.com/62163-crashing-chinese-space-station-fireballs.html?utm_source=notification
دەستتان خۆش. ئەم بابەت زۆر جوان نووسراوە