زانستنامە

شێوەزارێکی باشووری خەریکە لە هەندێک ناوچەی ئەمریکا لەناو دەچێت!

بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ لە ویلایەتی جۆرجیا کە سەیری گۆڕانکارییەکانی بێژەکردنیان کردووە،
شێوەزارێکی کلاسیکی تایبەت بە باشوور لە بەشێک لە ئەمریکا بەرەو کاڵبوونەوە و لەنێوچوون دەڕوات.
زمانناسانی زانکۆی جۆرجیا بۆیان دەرکەوتووە کە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە بەکارهێنانی شێوەزاری نەوەی xدا (کەسانێک کە لە ساڵەکانی ١٩۶۵ تا ١٩٨٢ لەدایک بوون) بە بەراورد لەگەڵ کەسانی بەساڵاچوو (کە لە ساڵی ١٩۴٣ تا ١٩۶۴ لەدایک بوون) ڕووی داوە.
لە جۆرجیا، دەنگە درێژە بزوێنەکانی پەیوەست بە شێوەزاری باشوور‌ بەخێرایی لەنێو قسەکەرانی نەوەی ئێکسدا نەماوە و بەرەو سیستمێکی بزوێن کە بە شێوەیەکی فراوانتر لە سەرانسەری ئەمریکا قسەی پێ دەکرا، گۆڕاوە.

بۆ نموونە وشەیەکی وەک “prize” لەلایەن خەڵکی باشوورەوە بە “پڕاز” دەگوترا و “face” بە “فوه-ئیس” دەگوترا. بەڵام لە ئێستادا گەنجەکان ئەم وشانە بە “پراه-ئیز” و “فایس” دەڵێنەوە کە زیاتر تایبەتە بە شێوەزارە فراوانەکانی ئەمریکا.
مارگریت ڕێنویک، نووسەری سەرەکیی توێژینەوەکە و مامۆستای یاریدەدەر لە بەشی زمانەوانیی زانکۆی جۆرجیا، لە کتێبەکەیدا دەڵێت:
“خوێندکارانی ئەمڕۆی کۆلێژ، بێژەیان وەک دایک و باوکیان نییە.”
بۆ گەیشتن بە ئەنجامەکان، توێژەران لێکۆڵینەوەیان لەسەر ١٣۵ کەسی سپیپێست تۆمار کردووە کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمەوە تا سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ لە جۆرجیا لەدایک بوون. بۆیان دەرکەوتووە کە شێوەزاری کلاسیکیی باشوور لەگەڵ بوومەرەکاندا گەیشتووەتە لووتکە، پاشان لەگەڵ نەوەی ئێکس “لەسەر تاشەبەردێکەوە کەوتووەتە خوارەوە” و بەخێرایی تایبەتمەندیی خۆی لەدەست داوە.
هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییە ڕوون نییە، بەڵام توێژەران گریمانەی ئەوە دەکەن کە پەیوەندیی بە گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکانی ناوچەکەوە هەبووبێت.
جۆن فۆڕێست ڕوونی کردەوە: “دیمۆگرافیای باشوور لەگەڵ گواستنەوەی خەڵک بۆ ناوچەکە گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هاتووە، بەتایبەتی دوای جەنگی جیهانیی دووەم”.
جگە لەوەش، ئەمە ڕەوتێکە کە لە سەرانسەری ئەمریکادا دەبینرێت، لە بۆستنەوە تا هەموو ڕێگایەک تا تەکساس. زمانزانان پێشتر لەوە تێگەیشتبوون ئەو ڕیزبەندییە دەوڵەمەندەی زارە ناوچەییەکان کە پێشتر لە ئەمریکادا دۆزراونەتەوە، ڕەنگە تووشی “یەکسانبوونی زاراوە” یان “یەکسانبوونی شێوەزار” بن و لە بنەڕەتدا هەمەچەشنییەکە لەدەست بچێت و بەرەو یەکسانبوون بچن.

زۆرکەس بەداخن بۆ لەدەستدانی ئەم هەمەجۆرییە کولتوورییە، چونکە زمان بەستراوەتەوە بە شوناسەوە و بەفیڕۆدانی زارێک دەتوانێت وا لە خەڵک بکات هەست بکەن کە بەشێک لە خۆشیان لەدەست دەچێت.
بەڵام شایەنی باسە کە شێوەزارەکان هەمیشە لە گۆڕاندان و بەردەوام لەژێر گوشارە کۆمەڵایەتییە نوێیەکاندا پەرە دەستێنن. هەروەک چۆن شێوەزارە کۆنەکان ڕوو لە لەناوچوون دەکەن، دەکرێ شێوەزارە نوێیەکان سەرهەڵبدەن. زمانزانان هەر لەسەر ئەو بابەتە ئاماژەیان بەوە کردووە لەم دواییانەدا زاراوەیەکی نوێ -تەواو بە دەربڕین و بێژەکردنی تایبەت بە خۆیەوە- لە باشووری فلۆریدا سەری هەڵداوە.
Gen X نەوەی ئێکس
Margaret Renwick, University of Georgia’s Department of Linguistics
Jon Forrest

وەرگێڕ: کۆمار گوڵ محەمەدی – خوێندکاری پزیشکی
چاودێری زمانی: فەرشاد نەبیزادە

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button