کورتەی هەواڵە زانستییەکان

بە باڵی خەیاڵ، بە سەر دەریاکاندا سەفەر بکە

پەیام و پۆستێری ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان، ٢٠٢۴

چیرۆکەکان بە هیوای بیستنی دەنگی خۆشیی دڵت، سواری باڵەکان دەبن و سەفەر دەکەن.
من چیرۆکی سەفەرم. دەفڕم بۆ هەموو شوێنێک.
لە سەر باڵەکانی بادا، یان باڵی شەپۆلەکان، یان هەندێ کات باڵی وردە ڕیخەکان، ئەگەرچی بە سواربوون لە سەر باڵی پەلەوەرە کۆچەرییەکانیش سەفەر دەکەم و تەنانەت دەچمە سەر باڵی فڕۆکەکانیش.
کاتێک کتێبێک دەگریتە دەست و دەیکەیتەوە، لەلات دادەنیشم و ئەو چیرۆکەی کە پێت خۆشە بیبیستی، بۆت دەگێڕمەوە.
پێت خۆشە چیرۆکێکی سەرسووڕهێنەر و سەرنجڕاکێش ببیستی؟
ئەی چیرۆکێکی خەمناک، ترسێنەر یا پێکەنیناوی؟
ئەگەر ئێستا تاقەتی بیستنی چیرۆکت نییە، کێشە نییە. بەڵام دەزانم ڕۆژێک حەزت لێی دەبێت. کە ئەو ڕۆژە گەیشت، تەنیا پێویستە بەرز هاوار بکەیت:” چیرۆکی سەفەر، بێ لەلام دانیشە!”

ئەو کاتە، لە چاوترووکاندنێکدا بەرەو لات باڵ دەگرم.
من چیرۆکێکی زۆرم لایە کە بۆت بگێڕمەوە. پێت خۆشە چیرۆکی دوورگەی بچووک ببیستی کە لە تەنیایی ماندوو بوو بوو و فێری مەلە بوو بوو و کەوتبووە ڕێگا تا هاوڕێیەک بۆ خۆی بدۆزێتەوە؟
یان چیرۆکی باوەنۆئێلێک کە ڕێگاکەی ون کردبوو؟
ئای، دەنگی لێدانەکانی دڵت دەبیستم. توند و توندتر لێ دەدات.
تاپ- تووپ، پەم- پووم، پالامپ-پولووپ.
چیرۆکی سەفەر هاتووەتە نێو دەروونتەوە و لێدانی دڵتی بردوەتە سەرەوە.
ئێستا تۆ و چیرۆک دەبنە یەکێک، باڵەکانتان دەکەنەوە و دەکەونە فڕین.
ئیتر بەم جۆرە، چیرۆکی سەفەرێکی دیکە لەدایک دەبێت.

نووسەری پەیام: ئیکۆ کادۆنۆ
وەرگێڕ: ئارش مێهرەبان

نووسینگەی نێونەتەوەیی کتێب بۆ چینی لاو (IBBY)

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button