دوای هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی لە زۆربەی وڵاتانی دونیا، زۆرینەی دەوڵەتەکان بڕیاریان دا کە ئەو شوێنانەی مەترسیی بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکەیان لەسەرە و ڕەنگە لەم کاتەدا بۆ کۆمەڵگە زۆر پێویست نەبن، تا کاتێکی نادیار دابخرێن. یەکێک لەو شوێنانە کە زۆر مەترسییان لەسەر بوو، دەرمانگە ددانپزیشکییەکان بوون؛ لەبەر ئەوەی کە ڕێک لەسەر زاری نەخۆشەکان کار دەکەن کە شوێنێکی زۆر هەستیارە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
لە توێژینەوەیەکی نوێدا ، لە ڕێگەی دراوە گەورەکانی گووگڵەوە چاو لەوە کراوە کە لە پارێزگاکانی ئێران کام پارێزگایە لە کاتی کەرەنتینەی کۆرۆنادا زۆرتر بە شوێنی ددانئێشەدا گەڕاوە. بەپێی ئەم توێژینەوەیە، خەڵکی پارێزگای سنە و بوجنوورد کە هەردووکیان کوردن، زۆرتر لە هەموو پارێزگایەکی تر لە گووگڵ بە شوێن ددانئێشەدا گەڕاون. لەم توێژینەوەیەدا دەرکەوتووە ئەو شوێنانەی کە لە بواری گەشەکردنی مرۆییدا لە خوارترن، زۆرتر بە شوێنی ددانئێشەدا گەڕاون. پارێزگای سنە دوای پارێزگای سیستان و بەلووچستان خوارترین ڕیزی گەشەکردنی مرۆیی هەیە ، بەڵام لەبەر ئەوەیکە پارێزگای سیستان و بەلووچستان فلۆرایدی ئاوی زۆرترە (نزیکەی دوو هێندەی پارێزگای سنە) ، ددانئێشە لەوێ کەمترە. فلۆراید تەنیا ماددەیەکە کە دەتوانێت بەرگری بکات لە ڕزینی ددانەکان و تا ئەو ڕادەیە گرنگە کە فلۆرایددارکردنی ئاوی خواردنەوە لە ڕیزی ١٠ دەستکەوتی گەورەی تەندروستیی کۆمەڵگە لە سەدەی ٢٠م لە ئەمریکا هەژمار کراوە .
ددانئێشە نەخۆشییەکە کە پەیوەندییەکی زۆری بە نایەکسانیی ئابووری-کۆمەڵایەتیەوە هەیە ؛ واتە لەو کۆمەڵگایانە کە دۆخی ئابووری-کۆمەڵایەتی خراپترە، دۆخی ددانەکانیش خراپترە. توێژینەوەکانیش نیشاندەری ئەوەن کە دۆخی ددانی خەڵکی پارێزگای سنە لە هەموو پارێزگاکانی دیکەی وڵاتی ئێران خراپترە. بۆ نموونە: کوردەکانی پارێزگای سنە لە تەمەنی پیریدا بەشێوەی مامناوەندی کەمتر لە ٢ ددانی ساغیان لە دەمدایە، بەڵام خەڵکی پارێزگای بووشێهر ١٤ ددان و خەڵکی پارێزگای تاران ٧ ددانی ساغیان لە کاتی پیری لەنێو دەمدا دەمێنێت .
وشەکان:
دراوی گەورە: big data
گەشەکردنی مرۆیی: human development
نایەکسانیی ئابووری-کۆمەڵایەتی: socioeconomic inequality
ئەحمەد سۆفی مەحموودی
Vice-chair, Early Career Professionals Group, Cochrane, UK.
سەرچاوە:
1. Sofi-Mahmudi A, et al. Association of COVID-19-imposed lockdown and online searches for toothache in Iran. BMC Oral Health 21, 69 (2021). https://doi.org/10.1186/s12903-021-01428-z
2. Salehi MJ. Ranking Iran’s provinces based on human development and human capital indices. Q J Res Plan Higher Educ. 2018;24(1):27–49.
3. Taghipour N, Amini H, Mosaferi M, Yunesian M, Pourakbar M, Taghipour H. National and sub-national drinking water fluoride concentrations and prevalence of fluorosis and of decayed, missed, and filled teeth in Iran from 1990 to 2015: a systematic review. Environ Sci Pollut Res. 2016;23(6):5077–98.
4. USA’s Centers for Disease Control and Prevention; website: https://www.cdc.gov/mmwr/preview/mmwrhtml/00056796.htm
5. Watt RG. From victim blaming to upstream action: tackling the social determinants of oral health inequalities. Community Dent Oral Epidemiol. 2007 Feb;35(1):1-1.
6. Peres MA, Macpherson LM, Weyant RJ, Daly B, Venturelli R, Mathur MR, Listl S, Celeste RK, Guarnizo-Herreño CC, Kearns C, Benzian H. Oral diseases: a global public health challenge. Lancet. 2019 Jul 20;394(10194):249-60.
7. Watt RG, Daly B, Allison P, Macpherson LM, Venturelli R, Listl S, Weyant RJ, Mathur MR, Guarnizo-Herreño CC, Celeste RK, Peres MA. Ending the neglect of global oral health: time for radical action. Lancet. 2019 Jul 20;394(10194):261-72.
8. Shoaee S, Sharifi F, Parsa PG, Sofi-Mahmudi A. Dental caries among the elderly in Iran: a meta-analysis. medRxiv. 2020.