بابەتتەندروستی

ڕژێنی دەرەقی

تێکچوونی ڕژێنی دەرەقی چییە؟  نەخۆشییەکە کاریگەری لەسەر کارکردنی هۆرمۆنی ڕژێنی دەرەقی هەیە کە ڕژێنێکی بچووکە، بە شێوەی پەپوولەیە و دەکەوێتە بن ملەوە.  ڕژێنی دەرەقی هۆرمۆن بەرهەم دەهێنێت کە میتابۆلیزمی لەش وەکوو لێدانی دڵ و پلەی گەرمیی لەش و ئاستی خێرایی سووتانی کالۆری، ڕێک دەخات.

 

تێکچوونی ڕژێنی دەرەقی زۆرتر لە ژناندا ڕوو دەدات تا لە پیاواندا. ئەم جیاوازییە ڕەگەزییە دەتوانێت بەشێکی بە هۆی سروشتی بەرگریی خۆکارانەی زۆرێک لە تێکچوونەکانی تایرۆیدەوە بێت.  نەخۆشییە بەرگرییە خۆکارەکان زۆرتر لە ژناندا ڕوو دەدەن کە ڕەنگە لە کاریگەرییەکانی ستیرۆیدی سێکسی لەسەر سیستەمی بەرگریدا، دووهەم بێت.

 

جۆرە سەرەکییەکانی تێکچوونی ڕژێنی  دەرەقی بریتین لە:

کەمکاریی ڕژێنی دەرەقی (hypothyroidism): ئەم حاڵەتە کاتێک ڕوو دەدات کە ڕژێنی دەرەقی ڕادەیی پێویست لە هۆرمۆنی  دەرەقی بەرهەم نەهێنێت.  نیشانەکانی بریتین لە:

ماندوویەتی، زۆربوونی کێش، بەرگەنەگرتن لە بەرانبەر سەرما، وشکبوونەوەی پێست، قەبزی و خەمۆکی.

چارەسەریی جێگرەوەی هۆرمۆن:

لیڤۆتایرۆکسین: باوترین چارەسەری بۆ کەمکارییی ڕژێنی دەرەقی، بریتییە لە بەکارهێنانی ڕۆژانەی هۆرمۆنی دروستکراوی ڕژێنی دەرەقی لیڤۆتایرۆکسین (Synthroid, Levoxyl, Unithroid). ئەم دەرمانە ئاستی هۆرمۆنەکان ئاسایی دەکاتەوە و نیشانەکانی کەمکاریی ڕژێنی دەرەقی کەم دەکاتەوە.

پڕکاریی ڕژێنی دەرەقی (hyperthyroidism): ئەم حاڵەتە کاتێک ڕوو دەدات کە ڕژێنی دەرەقی هۆرمۆنی  دەرەقیی زۆر بەرهەم دەهێنێت.  نیشانەکانی بریتین لە:

دابەزینی کێش، لێدانی خێرای دڵ، بەرگەنەگرتنی گەرما، ئارەقکردن، دڵەکوتە و تووڕەبوون.

چارەسەری:

۱. دەرمانی دژەڕژێنی دەرەقی

مێتیمازۆڵ (Tapazole) و Propylthiouracil (PTU): ئەم دەرمانانە ڕێژەی هۆرمۆنەکانی تایرۆید کەم دەکەنەوە کە لە لایەن ڕژێنی تایرۆیدەوە بەرهەم دەهێنرێن.

یۆدی تیشکدەر:

ئەگەر بە شێوەی زارەکی بخورێت، یۆدی تیشکدەر لە لایەن ڕژێنی  دەرەقییەوە هەڵدەمژرێت و دەبێتە هۆی بچووکبوونەوە و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنەکانی لە ماوەی چەند حەوتوو بۆ چەند مانگ. ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کاری ڕژێنی دەرەقی کە دواتر بە چارەسەریی جێگرەوەی هۆرمۆن بەڕێوە دەچێت.

بێتا بلۆکەرەکان:

ئەم دەرمانانە ئاستی هۆرمۆنی تایرۆید کەم ناکەنەوە بەڵام دەتوانن  لە کۆنترۆڵکردنی نیشانەکانی وەک لێدانی خێرای دڵ، لەرز و دەمارگیری، یارمەتیدەر بن. 

۲. نەشتەرگەری

لابردنی ڕژێنی دەرەقی: لابردنی بەشێک یان تەواوی  ڕژێنی دەرەقی.  ئەمە کاتێک ئەنجام دەدرێت کە چارەسەرییەکانی تر گونجاو یان کاریگەر نەبن. زۆر جار دوای نەشتەرگەری، تووشی کەمکاریی ڕژێنی دەرەقی دەبن کە ئەوەش  بە چارەسەریی جێگرەوەی هۆرمۆن کۆنترۆل دەکرێت. 

گۆیتەر(Goiter): ئەمە گەورەبوونی ڕژێنی دەرەقییە.  دەکرێت لە هەردووک حاڵەتی کەمکاری و پڕکاریی ڕژێنی  دەرەقیدا ڕوو بدات. هەندێک جاریش لەگەڵ کارکردنی ئاسایی ڕژێنی دەرەقیدا ڕوو دەدات. هۆکارەکانی بریتین لە کەمیی یۆد و نەخۆشییەکانی بەرگریی خۆکار.

گرێی ڕژێنی دەرەقی (thyroid nodules): ئەم گرێیانە دەتوانن لە ڕژێنی دەرەقیدا گەشە بکەن.  زۆربەی گرێکانی تایرۆید بێهۆشکەرن، بەڵام ڕێژەیەکی کەمیان دەتوانن شێرپەنجە بن.  هەندێک جار  ئەگەر کاریگەرییان لەسەر بەرهەمهێنانی ڕژێنی دەرەقی هەبێت؛ دەتوانن ببنە هۆی نیشانەی پڕکاری یا کەمکاریی ڕژێنی دەرەقی. 

چارەسەری:

دەرمان: ڕەنگە چارەسەریی هۆرمۆنی تایرۆید  بۆ ڕێگریکردن لە گەشەی گرێکان بەکار بهێنرێت.

یۆدی تیشکدەر: ئەم چارەسەرییە دەتوانێت گرێیەکان بچووک بکاتەوە. بەتایبەتی ئەگەر هۆرمۆنی تایرۆید زۆر بەرهەم بهێنێت.

نەشتەرگەری: ئەو گرێیانەی کە گەورەن، نیشانەیان بۆ دروست دەبێت یان گومانی شێرپەنجەیان هەیە، ڕەنگە بە نەشتەرگەری لاببرێن.

شێرپەنجەی ڕژێنی دەرەقی (thyroid cancer): وەرەمێکی شێرپەنجەیی ڕژێنی دەرەقییە. لە تێکچوونەکانی تری ڕژێنی دەرەقی کەمترە  بەڵام لە هەر تەمەنێکدا ڕوو دەدات. پێشبینیکردن بەگشتی باشە، بەتایبەت ئەگەر زوو دەستنیشان بکرێت.

چارەسەری:

نەشتەرگەری: لابردنی ڕژێنی  دەرەقی: لابردنی تەواوەتی ڕژێنی  دەرەقی باوترین چارەسەر بۆ شێرپەنجەی ڕژێنی دەرەقییە. بڕینی گرێ لیمفاوییەکان: ئەگەر شێرپەنجەکە بۆ گرێ لیمفاوییەکانی نزیک بڵاو بووبێتەوە، لەوانەیە ئەمانەش لاببرێن.

چارەسەریی یۆدی تیشکدەر: دوای نەشتەرگەری بۆ لەناوبردنی هەر شانەیەکی ڕژێنی دەرەقی یان خانە شێرپەنجەییەکان کە مابێتەوە، بەکار دێت.

چارەسەریی هۆرمۆنی تایرۆید: دۆزی زۆری لیڤۆتایرۆکسین  بۆ سەرکوتکردنی TSH (کە دەتوانێت گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان هان بدات) و جێگرتنەوەی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی ئاسایی دوای لابردنی تایرۆید، بەکار دەهێنرێت.

چارەسەریی تیشکی دەرەکی:

 لە کاتێکدا بەکار دەهێنرێت کە تیشکی یۆدی کاریگەری لەسەر شێرپەنجە نەبێت یان بۆ بەشەکانی تری جەستە بڵاو بووبێتەوە.

چارەسەریی کیمیایی: بەدەگمەن بۆ شێرپەنجەی ڕژێنی دەرەقی بەکار دێت، بەڵام ڕەنگە بۆ شێرپەنجەی پێشکەوتوو کە چارەسەرییەکانی تر کاریگەرییان نابێ، بەکار بێت. 

چارەسەریی ئامانجدار:

ئەو دەرمانانەی مۆلیکولە تایبەتەکان دەکەنە ئامانج و لە گەشەکردن و بڵاوبوونەوەی خانەکانی شێرپەنجەی ڕژێنی دەرەقیدا بەشدارن.

وشەکان:

Thyroid Gland: غدەی تیروئید/ ڕژێنی دەرەقی

hypothyroidism: کم کاری تیروئید/ کەمکاریی ڕژێنی دەرەقی

hyperthyroidism: پرکاری تیروئید/پڕکاریی ڕژێنی دەرەقی

Goiter: گواتر/ گۆیتەر

thyroid nodules: گرهک تیروئید/ گرێی ڕژێنی دەرەقی

thyroid cancer: سرطان غدەی تیروئید/ شێرپەنجەی ڕژێنی دەرەقی

وەرگێڕ: ئەوین کیانی
هەڵەگر: ئەستێرە چابوک
دیزاین و بەرپرسی پڕۆژە: سەعیدە دەیهیم

سەرچاوە 1

سەرچاوە 2

سەرچاوە 3

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button