بابەتتەکنەلۆجیا

دیوێکی دیکەی ژیریی دەستکرد؛ ئەم جارەیان سەکۆیەکی تایبەتتر بۆ خزمەتێکی زیاتر بە زمانی کوردی

لەنێو شەپۆلی هەواڵە ناخۆشەکانی ئەم دواییانەدا هەواڵێکی خۆش و مزگێنیبەخش دەدرەوشێتەوە کە تۆوی هیوا بە ئێستا و داهاتوویەکی گەش لە دڵدا ئاودێری دەکات.
هەواڵی خۆشی دەسپێکردنی ماڵپەڕی “ژیریی دەستکرد” بە ناونیشانی www.jiridastkrd.com و خزمەگوزارییە تایبەت و بنەڕەتییەکانی لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوو، هەنگاوێکی بەهێز و کەموێنەیە لە بەستێنی پێشکەوتنێکی دیکە لە بواری تەکنۆلۆژیادا.

د.ئاران ئەمینی، یەکێک لە ئەندامانی هۆژان و توێژەری پۆست دوکتورا لە بواری زانستی کۆمپیوتەر که ئێستاکە نیشتەجێی شاری لۆمانی فەڕانسەیە، وەک دامەزرێنەری سەکۆی ژیریی دەستکرد لە ڕۆژی ۵ی ڕیبەندان لە دەقێکدا لە ماڵپەڕی ژیریی دەستکرد ڕایگەیاند: “بە مەبەستی دابینکردنی گشتگیری تەکنۆلۆژییەکانی زمان بۆ سەرجەم زاراوەکانی زمانی کوردی، دامەزرانی پلاتفۆرمێکی نوێی پەرەدانی تەکنۆلۆژییەکانی زمان بە ناوی ژیریی دەستکرد ڕادەگەیەنین. ئامانجی ئەم پلاتفۆرمە ئەوەیە کە زیاتر پەرە بە تەکنۆلۆژییەکانی زمانی کوردی بدەین”.
لە درێژەی ڕاگەیاندنەکەدا د.ئاران ئەمینی ئەو خزمەتگوزاریانەی کە خراوەتە بەردەست دەکاتە سێ بەش کە بریتین لە: ١. وەرگێڕانی دەنگ ٢. تایپی ڕاستەوخۆ ٣. تایپی پەڕگە.
هەروەها دەڵێت: ” جێگەی ئاماژەیە کە جیا لە بەرهەم و خزمەتگوزاری، ئەم پلاتفۆرمە نوێیە هەوڵ دەدات کە بناخەکانی زمانی کوردی لە بواری تەکنۆلۆژیدا پتەوتر بکات و بۆ ئەو مەبەستە لە کۆمەڵێک پڕۆژەی بناخەییدا سەرچاوە پێویستەکانی زمانی کوردی بێبەرامبەر و بە شێوەی سەرچاوەکراو دەخاتە بەردەست سەرجەم توێژەران و زانکۆکان.
هەروەها لەپێناو دەوڵەمەندکردنی زیاتری زمانی کوردی لە بوارە نوێیەکانی زانست و ئەندازیاریدا، ماڵپەڕی ژیریی دەستکرد بەشێکی تایبەتی بە بڵاوکراوەی زانستی تەرخان کردووە کە بابەتی فێرکاری و تیۆریک لە بوارەکانی ئەندازیاریی کۆمپیوتەر، زانستی کۆمپیوتەر و ژیریی دەستکرد تێدا بڵاو دەکرێنەوە”.

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

Back to top button