بابەتتەندروستی

تۆیژینەوەکان سەبارەت بە گیادەرمانی بۆ شێرپەنجە چی دەڵێن؟

گیادەرمانی(دەرمانی ڕووەکی) لە چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ باشترکردنی ڕەوشی ژیان و یارمەتیی دەرمانە ناسراوەکان سەرنجی زۆری بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. دارچین، چایی و کارگ (قارچک) وێ دەچێ کە تایبەتمەندیی دژەھەوکردن و ئانتیئۆکسیدان هەبێت و لە بەھێزیی سیستەمی بەرگریی جەستە و ھەروەھا کەمکردنەوەی کاریگەرییە لاوەکییەکانی کیمیادەرمانی بۆ شێرپەنجە دەورێکی باش بگێڕن. توێژینەوەکان لەو دواییانەدا کاریگەریی دەرمانی ڕووەکی لەسەر شێرپەنجە دەردەخەن و ئامانجی سەرەکیی ئەم توێژینەوانە سەرنجدانی دووبارە بە دەرمانە نەریتییەکانە بە لەبەرچاوگرتنی کێشەکانی دەرمانە نوێیەکان وەک چارەسەریی کیمیایی و تیشکدان. ھەڵبەت بەپێی لەبەردەستنەبوونی هەموو نووسراوەکان بە زمانی ئینگلیزی، لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتە سانا نییە.

دەرمانی ڕووەکی بە کوڵاندن و دێمکردنی بەشە جۆراوجۆرەکانی ڕووەک وەک ڕەگ و گەڵا و توێکڵ ئامادە دەبێت و بەم کارە مادەی دەرمانی ڕووەکەکان دەهاوێندرێن. تاکوو ئێستا نزیکەی ٧٠ هەزار جۆری ڕووەک بۆ دەرمان ناسێندراون کە دەکرێ پتر لە ٣ هەزار دانەیان تایبەتمەندیی دژەشێرپەنجەیان هەبێت. لە سەردەمانی پێشوو باسێکی تایبەت لەسەر جۆرەکانی شێرپەنجە نەکراوە هەر بۆیەش زۆربەی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە دەرمانە ڕووەکییەکان ئامانجی سەرەکییان شێرپەنجە مەترسیدارەکانی مەمک و ڕیخۆڵەن. ٩٩ ڕووەک بۆ دەرمانی شێرپەنجە بەکار هێنراون کە کەمتر لە ١٢ لە سەدی ئەم ڕووەکانە هەر ئێستا وەک دەرمانی نوێ کەڵکیان لێ وەردەگیرێت. گۆڵدن سیل، گوڵی گوێچکەی بەنەوش و گەڵای سیداری سپی، سێ ڕووەکن کە لەمێژە بۆ چارەسەری شێرپەنجە بەکار دەهێنرێن و لە بابەتێکی بڵاوکراوەدا کاریگەریی ڕاستەوخۆی گەڵای سیداری سپی لەسەر شێرپەنجەی مەمک پشتڕاست کراوەتەوە.

گواستنەوەی زانیاری لەسەر دەرمانی شێرپەنجە بە شێوەی کۆن و نەریتی بۆ ئێستا کارێکی ئاسان نییە چونکە لە ڕابردوودا جۆرەکانی شێرپەنجە وەک ئێستا ناسراو نەبوون و زۆربەی دەرمانەکان لەسەر نیشانە گشتییەکان و سیستەمی جەستە بەکار دەهێنران. کەواتە بەشێکی زۆر کەمی ئەم دەرمانگەلە ئێستا دەبێت بەکار بهێنرێن. لە ئێستادا پشکنین لەسەر ڕووەکەکان لە تاقیگە بە چاودێریی چڕتر بۆ دیاریکردنی ژەمە دەرمانییەکان ئەنجام دەدرێت. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ژەهراویبوونی هەندێک لە ڕووەکە دەرمانییەکان دەرکەوتووە و وڵاتی ئوستراڵیا لەسەر ئەم بنەمایە بەشێک لە دەرمانە ڕووەکییەکانی قەدەغە کردووە. دیارە لە داهاتوویشدا پشکنینی بەردەوام و تاقیکاریی پێشکەوتوو بۆ دڵنیایی لە تەندروستیی دەرمانی ڕووەکیی دژەشێرپەنجە زەروور و پێویستە.

ئامادەکردن: سینا موحەممەدی
هەڵەگر: فەڕشاد نەبیزادە

سەرچاوە:
Imtiaz, I., Schloss, J., & Bugarcic, A. (2024). Traditional and contemporary herbal medicines in
management of cancer: A scoping review. Journal of Ayurveda and Integrative Medicine, 15(1), 100904.

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

Back to top button