بابەتتەندروستی

سەبارەت بە شەکرە زیاتر بزانین؛ بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی شەکرەوە

سەبارەت بە شەکرە زیاتر بزانین؛
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی شەکرەوە

ئەمڕۆ ١٤ی نۆڤەمبر/٢٣ی گەڵاڕێزان بە ناوی ڕۆژی جیهانیی شەکرەوە ناو نراوە. بە پێی ئامارەکان شەکرە، حەوتەمین هۆکاری مردنە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. هەروەها شەکرە هۆکاری سەرەکیی کوێری، هێرشی دڵ و مێشک، لەکارکەوتنی گورچیلە و لەکارکەوتنی پێ و بڕینەوەیەتی. زۆربوونی تووشبوون بە شەکرە لە وڵاتە دواکەوتووەکان و وڵاتانی کەمتر پێشکەوتوو زۆر خێراترە.
شەکرە چییە؟
شەکرە نەخۆشییەکە کە تێیدا قەندی خوێن زیاترە لە ئاستی ئاسایی و بەم هۆکارەوە بەشێک لەو قەندەی کە دەچێتە میزەوە هەڵناگیرێتەوە و گلۆکۆز لە میزدا دەبینرێت. هەروەها میزکردن و ئاوخواردنەوەش بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە زۆرتر دەبێت.

جۆرەکانی شەکرە:
شەکرە ٣ جۆرە. شەکرەی جۆری یەکەم، جۆری دووهەم و شەکرەی دووگیانبوون.
لە شەکرەی جۆری یەکەمدا بە هۆی هێرشی کۆئەندامی بەرگریی لەش بۆ سەر خانەکانی دوڕگەکانی لانگرهانس، کە ئەرکی سازکردنی هۆرمۆنی “ئینسۆلین”یان لەسەر شانە، ڕێژەی هۆرمۆنی ئینسۆلین لە خوێندا زۆر کەم دەبێتەوە.
لە شەکرەی جۆری دووهەم و شەکرەی دووگیانیدا خانەکانی لەش ناتوانن وەڵامی دروست بدەنەوە بە هۆرمۆنی ئینسۆلین. ئەم هۆرمۆنە لەم نەخۆشانەدا بەبێ کێشە ساز دەکرێت.

نیشانەکان و زێدەزیانەکان:
لە نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە دەتوانین ٸاماژە بە زۆرمیزکردن و زۆرخواردنەوە بکەین. هەروەها برسییەتی، توونییەتی، ماندوویەتی و لێڵ بینین لە نیشانەکانی شەکرەیە. نیشانەی تایبەتیی جۆری یەکەم کەمبوونەوەی چاوەڕواننەکراوی کێشی لەش و نیشانەی تایبەتیی جۆری دووهەم لەرەی دەست و پێیە.
لە زێدەزیانەکانی ئەم نەخۆشییە دەتوانین ئاماژە بەو زیانانە بکەین کە بە دڵ و خوێنبەرەکان دەگەیەنێت. هەروەها شەکرە دەتوانێت زیان بە چاو بگەیەنێت و تەنانەت ببێتە هۆکارێک بۆ کوێری. شەکرە بە زیان گەیاندن بە خوێنبەرەکانی لەش وەکوو خوێنەبەرەکانی پێ، لێشاوی خوێن بۆ ئەو ئەندامانە کەم دەکاتەوە و لە لایەکی تریشەوە لەسەر دەمارەکان کاریگەرە و هەست بە ئێش و برین لە پێیاندا ناکەن کە ئەوە دەبێتە هۆکارێک بۆ بڕینەوەی پێیان.
دەرمان و بەرگری:
دەرمانی جۆری یەکەم بەم شێوەیەیە کە هۆرمۆنی ئینسۆلینیان پێ دەدرێت. بۆ جۆری دووهەم، هەم وەک دەرمان و هەم وەک شێوازی بەرگری، زیادکردنی جموجۆڵ و وەرزشکردنی بەردەوام و کەمکردنەوەی کێش دەتوانێت ڕێگاگەلێکی زۆر باش و کاریگەر بن.

هۆکارەکان و کارتێکەرە کاریگەرەکان:
شێوازی ژیان و جێنێتیک لەسەر تووشبوون بە جۆری دووهەم کاریگەرن. کارتێکەرەکان بریتین لە تەمەن، قەڵەوی و کێشی زیادە، ئەندامی بنەماڵەی تووشبوو بە شەکرە بوون، جموجۆڵی کەم، ئەفریقی یان ئەمریکی و … بوون، پەستانی خوێنی زۆر، چەوری و کۆلێسترۆڵی نائاسایی.

بۆ زانیاریی زیاتر سەردانی ژمارەی ٤ی گۆڤاری زانستیی هۆژین بکەن.

ئامادەکردن: ئەیوب مەحموودی

وشەکان:
شەکرە diabetes mellitus
کارتێکەر factor
کۆئەندامی بەرگری immune system
گورچیلە kidney
پەستانی خوێن blood pressure
دەمار nerve
خوێنبەر artery
لێشاو flow

سەرچاوەکان:

https://www.livescience.com/34803-type-1-diabetes-symptoms-treatment-diagnosis.html
https://www.who.int/news-room/fact-sheets/detail/diabetes
https://www.cdc.gov/diabetes/basics/quick-facts.html

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button