بابەتتەندروستی

کۆبوونەوە لە شوێنی سەربەستراو، ھۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا

کۆبوونەوە لە شوێنی سەربەستراو، ھۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا

بەپێی توێژینەوەیەک لە ھۆنگ-کۆنگ، ۷۰لەسەدی تووشبووانی کۆرۆنا نەخۆشییەکەیان بۆ کەس نەگواستۆتەوە و زۆربەی تووشبوونەکان بەھۆی بەشداریکردن لە کۆبوونەوە گشتییەکان لە شوێنە سەربەستراوەکاندا بووە.

لە نەخۆشیی کۆڤید ۱۹دا مامناوەندی، یەک نەفەر دوو کەس تووش دەکات. بەڵام جاری وا ھەیە کە لە کۆبوونەوەیەکدا بە هۆی یەک کەسەوە، زۆر کەس پێوە دەبن. توێژینەوەکان نیشاندەری ئەوەن کە زۆرینەی تووشبووانی کۆرۆنا لەم شۆێنانەدا تووش دەبن. ئەم کۆبوونەوانە زۆرینەی جار لە شوێنە سەربەستراوەکاندان.

توێژینەوەکەی ھۆنگ-کۆنگ نیشانی دا کە ۲۰لەسەدی تووشبووان، دەبنە ھۆی ۸۰لەسەدی تووشبووە نوێیەکان! واتە زۆرینەی تووشبووان کەس تووش ناکەن، بەڵام کەمینەیەکی کەمتەرخەم دەبنە ھۆی تووشبوونی زۆرینە.

دەتوانین چەند نموونە باس بکەین: ژنێکی کۆریای باشوور لە کلێسایەکدا ٤٣ کەسی تووش کرد، گۆرانیبێژێک لە ئەمریکا ٥٣ کەسی تووش کرد و ھەروەھا پارێزەرێک لە نیۆیۆرک بە تەنیا خۆی ١٠٠ کەسی تووش کردووە. یان بۆ نموونە لە کۆبوونەوەیەکی خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز لە ئەمریکادا، لە ٩٢ بەشداربوو، ٣٥ کەسیان چەند ڕۆژ دواتر تووشی کۆرۆنا بوون. یان بۆ نموونە لە ئیدارەیەک لە کۆریای باشوور، یەک نەفەر، نیوەی کارمەندەکانی ئەو بەشەی تووش کردووە.

بە داخەوە ئەم کۆبوونەوە گەورانە کە تێیدا کەسانێکی زۆر تووش دەبن بەزۆری بەڕێوە چوون. ئەم دۆزینەوەیە تەنانەت نووسەرانی ئەم توێژینەوەشی تووشی سەرسووڕمان کردبوو.

ھەر بۆیە، وڵاتەکان دەبێت ئەو کۆبوونەوە گەورانە باشتر چاودێری بکەن، ئەگەر دەیانەوێت تووشی شەپۆلی دووھەم و سێھەمی کۆرۆنا نەبن.

ئیدارەکان، خواردنگەکان، بارەکان، کلێساکان و کۆبوونەوە دینییەکان دەتوانن ھەموو ببنە ناوەندی بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ھەڵبەت پێشنیار ئەوە نییە کە ئەم شوێنانە بە تەواوەتی دابخرێن، بەڵام دەبێت ژمارەی بەشداربووان زۆر کەم بکرێنەوە تاکوو مەودای کۆمەڵایەتی بپارێزرێت. ھەڵبەت ھێشتا ڕوون نییە ھەبوونی چەند کەس لە ڕووبەرێکی تایبەتدا تەندروست دەبێت و پێویست بە توێژینەوەی زیاترە.

ئامادەکردن: ئاسۆ ڕەحیمزادەگان

سەرچاوە:
https://trib.al/4094ryX

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button