ئایا پلەی گەرمیی لەشی مرۆڤ هەموو کات بەهەمان شێوە بووە؟

ئایا پلەی گەرمیی لەشی مرۆڤ هەموو کات بەهەمان شێوە بووە؟

ئایا پلەی گەرمیی لەشی مرۆڤ هەموو کات بەهەمان شێوە بووە؟

بەڵگەکان پێشنیار دەکەن کە لەوانەیە مرۆڤی مۆدێرن لە پێشینیانی سەدەی ۱۹ی ئێمە ساردتر بووبن. ساڵانێکە، ژمارەی ۹۸.٦ پلەی فارێنهایت (۳۷ پلەی سێلسیووس) لە  نەخۆشخانەکان و کتێبەکانی فیزیۆلۆژی جێگایەکی گرینگی بۆ خۆی تەرخان کردووە. ئەم ژمارەیە بەگشتی وەک مامناوەندی پلەی گەرمیی لەشی مرۆڤ پێناسە کراوە.

بەڵام ئایا ئەم پلەیە بۆ ئێستاش دروستە؟ توێژینەوەکانی نوێ پێشنیاردەکەن کە مامناوەندی پلەی گەرمیی لەشی ئەمریکییەکان دابەزیوە.

پزیشکێکی ئەلمانی بە ناوی ووندرلیچ یەکەمین کەسێک بوو کە دوای کۆکردنەوەی ملیۆنان پلەی گەرمیی نزیکەی ۲٥۰۰ نەخۆش لە شاری لایپزیگ لە ساڵی ۱٨٥۱دا ژمارەی ۳۷ی یەکلا کردەوه. دوکتۆر جولی پارسونت، پرۆفیسۆری دەرمان و توێژینەوەی تەندروستی لە زانکۆی ستەنفۆرد وتی” ووندرلیچ، پلەی گەرمیی هەر کەسێک چ نەخۆش و چ تەندروستی پێواوە و کتێبێکی گەورەی سەبارەت بە گۆڕانی پلەی گەرمی لە  نەخۆشیدا نووسیوە .” ووندرلیچ هەروەها گۆڕانی پلەی گەرمیی کەسانی جیاوازی تاوتوێ کردووە کە لەڕووی  ڕەگەز و تەمەن و کێش و تەنانەت باڵای کەسەکانیش جیاوازیان هەبووە.

 دوکتۆرەکان هێشتاش پلەی گەرمی وەک نیشانەیەکی زۆر گرینگ بۆ بڕیاردان لەسەر بارودۆخی تەندروستیی مڕۆڤ بەکاردەهێنن. ئێستا ئێمە دەزانین کە پلەی گەرمیی لەش لە تەواوی ڕۆژدا بە ڕێژەی ۰.۲ی پلەی سێلسیووس بەرزی و نزمی بەخۆیەوە دەبینێت. گەنجەکان به‌گشتی گەرمترن بە نیسبەت کەسانی بەساڵاچوو و لەشی ژنانیش خوازیاری ڕاگرتنی پلەی گەرمیی بەرزترە لە پیاوەکان بە تایبەت لە ماوەی سووڕی مانگانەیاندا. پلەی گەرمیی لەشی ئێمە هەروەها بەهۆی ئاستی چالاکی جەستەیی و ئەو شتانەی بەم زوانە خواردبێتمان دەگۆڕدرێت.

بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەش، پلەی گەرمیی خۆی تا ڕادەیەک یەکسان ڕادەگرێت تا ئەندامەکانی بپارێزێت و کارلێکە کیمیاییەکانی ناو لەش بە ئارامی بەڕێوە بچن و هەروەها بە شێوەیەکی باشتر بەرهەڵستی نەخۆشییە کەڕووییەکان ببێتەوە.

مامناوەندی پلەی گەرمیی لەش لەنێوان ئەمریکییەکان لەدوای سەدەی ۱۸وە نزیکەی ۰.۰۲ پلەی سێلسیووس دابەزیوە.

پارسونت دەڵێت: لە چاو سەدەی ۱۹، مرۆڤە مۆدێرنەکان کەمتر تووشی نەخۆشیی باکتەریایی دەبن. کەسانێک کە لە سەدەی ۱۸دا ژیاون، تووشی مەلاریا،  نەخۆشی درێژخایەن، سیل، نەخۆشییەکانی ددان و نەخۆشیی دیزانتری بوون.

ئەمڕۆ، ئێمە ئەم هەموو نیگەرانییەمان لە لەشماندا نییە و سیستەمی پارێزراوی لەشمان بەهێزترە.

 لەوانەیە کەمبوونی پلەی گەرمیی لەش نیشانەی دابەزینی  جۆری نەخۆشییە ‌باکتەریاییەکان بێت.

سەرەڕای ئەمانە، بەپێچەوانەی پێشینیانمان، ئێستا خەڵکێکی زۆر لە جیهاندا بە پلەی گەرمیی کۆنتڕۆڵکراو دەژین. پارسونت دەڵێ:” ئێمە بۆ ڕاگرتنی پلەی گەرمیی لەشمان پێویست نییە زۆر خۆمان ماندوو بکەین، لەناو ماڵەکانماندا هەمیشە ۲۱.۱ پلەی سێلسیوسە. “

بەدڵنیاییەوە، ڕەنگە کەسانێک کە لە ناوچەیەک جگە لە بریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەژین، پلەی گەرمیی لەشیان جیاواز بێت. بۆ نموونە، مامناوەندی پلەی گەرمیی لەش لە پاکستان هێشتا ۳۷ پلەی سێلسیووسە.

پارسونت دەڵێت:”ئەمە لەوانەیە لەسەر چۆنیەتی پیشەی میکرۆبەکان کاریگەری هەبێت.” لەگەڵ پێشکەوتوویی پزیشکی و زۆربوونی هیوا بە ژیان، مامناوەندی پلەی گەرمیی لەش بەردەوامە لە دابەزین .

پارسونت هەروەها دەڵێت:” پلەی گەرمیی لەش دۆخی هەوکردن نیشان دەدات و ئەگەر بتوانین پلەی گەرمیی لەشی خەڵک کۆنترۆڵ بکەن، لەوانەیە بتوانین هیوا بە ژیانیان پێشبینی بکەین.

 

 

ئامادەکردن: ئەژین جەلالی ، عەبدولڕەحمان زەمینی

 

وشەکان:

مامناوەند Average

فارێنهایت Fahrenheit

 سێلسیووس Celsius

فیزیۆلۆژی physiology

ووندرلیچ Wunderlich

لایپزیگ Leipzig

جولی پارسونت Julie Parsonnet

استنفورد Stanford

سەقامگیر stable

کارلێک Reaction

بەرهەڵست کردن keep at bay

کارگی fungal

باکتەریایی infectious

نەخۆشی درێژخایەن chronic

سەرهەڵدەرەوە recurrent

نەخۆشی دیزانتری dysentery

بریتانیا United Kingdom

هەوکردن inflammatory

 

سەرچاوە:

https://www.livescience.com/why-has-average-human-temperature-changed.html