بابەتمێشک

ئایا بە تێپەڕبوونی تەمەن، کەسایەتیی ئێوەش دەگۆڕدرێت؟

لە نێوان تەمەنی هەرزەکاری و گەورەییدا ئێوە تووشی گۆڕانکارییەکی زۆر لە کار و پەیوەندییەکانتان و … دەبن. بەڵام ئاخۆ چ کەسێک لە کاکڵ و ڕیشەی ئێوەدا هەیە؟ ئایا بە تێپەڕبوونی تەمەن، کەسایەتیی ئێوەش دەگۆڕدرێت؟
کەسایەتی بریتییە لە شێوازی بیرکردنەوە، هەست و ئاکارێکی تایبەت بە هەر تاکێک.
ئەگەرچی خەڵک پێیان خۆشە کەسایەتی وەکوو شتێکی نەگۆڕ ببینن، بەڵام ئەم شتە لە لایەن دەرووننەسانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
ئەمە بەو مانایە نییە ئێمە هەر ڕۆژ کە لە خەو هەڵدەستین کەسێکی جیاوازین، برێنت ڕۆبێرتز* دەروونناس لە زانکۆی ئیلینۆی لە ئوربانا شامپاین دەڵێت: گۆڕان دەکرێت لە درێژخایەندا بچووک بێت و بە جۆرێک کە هەر هەستی پێ نەکرێت. لە لێکۆڵینەوەیەکی درێژخایەندا کە کەسایەتیی بەشداربووان شی کرابوویەوە نیشان درا کە کەسایەتیی ئێمە لە مەودای کاتیی کورتتردا، خۆڕاگرتر و سەقامگیرترە.
بۆچی مرۆڤەکان کەسایەتیی جیاوازیان هەیە؟
دونلێن**، مامۆستا و سەرۆکی زانکۆی دەروونناسی لە زانکۆی میشیگان دەڵێت: دەروونناسان پێوانەی تایبەتمەندیی کەسایەتیی منداڵان بە هەمان شێوەی گەورەساڵان ئەنجام نادەن بەڵکوو سەیری خوو و ئاکار و جۆری ڕووبەڕووبوونەوەی ئێمە لەگەڵ جیهاندا دەکەن. ئێمە بە خوو و ئاکاری تایبەت بە خۆمان دێینە دنیاوە و لێکۆڵینەوەکان نیشان دەدەن کە خوڵقوخووی ئێمە لە منداڵیدا لەگەڵ تایبەتمەندیی کەسایەتیمان لە گەورەساڵیدا دەگونجێت. دۆنلێن بە لایڤ سایێنس دەلێت: منداڵێکی شەرمێون لە تەمەنی ۳ ساڵاندا جیاواز لە تاکێکێ شەرمێونی ۲۰ ساڵان هەڵسوکەوت دەکات، بەڵام هۆکارێکی بنەڕەتی بوونی هەیە.
لەوانەیە خوڵقوخوو و ئاکاری ئێمە لە منداڵیماندا لەسەر ژیانی داهاتووشمان کاریگەریی هەبێت، بۆ نموونە لە توێژینەوەیەکدا کە لە ساڵی ۱۹۹٥ لە ژورناڵی child develomentدا لەسەر منداڵانی ۳ تا ۱٨ ساڵ ئەنجام درابوو نیشانی دا کە منداڵانی شەرمێون و دوورەپەرێز بە مێرمنداڵانێکی خەفەتخۆر و فەقیرۆکە دەگۆڕدرین.
ڕابێرتز دەلێت ئێمە لە ماوەی ٥ تا ۱۰ ساڵ هەست بە گۆڕان لە کەسایەتیدا ناکەین بەڵام لە درێژخایەندا ئەم گۆڕانانە زەق دەبنەوە.
لێکۆڵینەوەیەکی زۆر لەسەر‌ ئەم بابەتە نیشانی داوە کە کەسایەتی بە تێپەڕبوونی کات بەرەو باشتربوون دەچێت و دەروونناسان ناوی دەنێن بنەمای پێگەیشتن. مرۆڤەکان لەگەڵ گەورەتربوونیان لە ڕووی سۆزدارییەوە کراوەتر و سەقامگیرتر دەبن و هەستی بەرپرسیارەتیی بەهێزتریان دەبێت کە لە درێژخایەندا ئەم گۆڕانانە زیاتر بەرچاو دەبن.
ئەم بنەمای پێگەیشتنە لە هەموو مرۆڤێکدا هەیە بەڵام ئاستەکەی لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر، جیاوازە.
دۆنلێن دەڵێت: بەڵگەکان نیشان دەدەن کە مامناوەندیی خۆکۆنترۆڵیی کەسێکی ۳۰ ساڵە زیاتر لە گەنجێکی ۲۰ ساڵەیە، هەروەها گەنجێکی ۱٨ ساڵە کە خۆکۆنترۆڵیی زیاترە، لە تەمەنی ۳۰ ساڵیشدا هەر وا دەمێنێت
کەواتە بۆچی تا ئەو ڕادەیە دەگۆردرێین؟
بەڵگەکان نیشان دەدەن کە ڕووداوگەلێک وەک هاوسەرگیری، لەدایکبوونی منداڵ یان لەدەستدانی ئازیزێک، شتێکی لەخۆوە نییە و هەندێ لە دەروونناسان لە ڕاستیدا پێشنیار دەدەن کە ئەم چەشنە ڕووداوانە کەسایەتیی ئێوە بەهێز دەکەن چونکە ئێوە کەسایەتیتان لەگەڵ ئەو بارودۆخە ڕووبەڕوو دەکەنەوە.

بە تێپەڕبوونی کات کەسایەتی بە هێواشی و بەردەوام دەگۆردرێت، بەڵام ڕابێرتز‌ دەڵێت: بە درێژایی ژیانمان ئێمە چەندە دەبین بە کەسێکی جیاوازتر؟

core کاکڵ
longitudinal studies لێکۆڵینەوەی درێژخایەن
shorter time scales مەودای کاتیی کورتتر
temperaments خوڵقوخوو، خوو، سروشت
maturity principle بنەمای پێگەیشتن

ئامادە کردن: ئەندیشە ڕەحیمی جەمال

*Donnellan, professor and chair of psychology at Michigan State University
**Brent Roberts, a psychologist at the University of Illinois at Urbana-Champaign.

سەرچاوە:

Does your personality change as you get older? | Live Science
https://www.livescience.com/personality-age-change.html

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button