Close

شێرپەنجەی مەمک

 

شێرپەنجەی مەمک

شێرپەنجەی مەمک بریتییە لەو شێرپەنجەیەی کە لە خانەکانی هەر دوو مەمک دروست دەبێت. هەروەها شێرپەنجەی مەمک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەڕووی تووشبوون لە ئافرەتاندا لەدوای شێرپەنجەی پێست دێت. لەوانەیە شێرپەنجەی مەمک تووشی ئافرەتان و تووشی پیاوان بێت، بەڵام زیاتر لە ئافرەتاندا باوە.
بڵاوکردنەوەی هۆشدارییەکان سەبارەت بە شێرپەنجەی مەمک و کۆمەڵێک توێژینەوە لەلایەن ناوەندە پزیشکییەکان هاوکار بوون لە دیاریکردنی نەخۆشییەکە و چارەسەرکردنی، هەروەها نزمبوونەوەی کەیسەکانی مردن بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دیاریکردنی پێشوەختەی نەخۆشییەکە، هەروەها بەکارهێنانی شێوازی نوێ لە چارەسەری و زیاتر تێگەیشتن لە سروشتی نەخۆشییەکە.

بڕوانە وێنەی یەکەم :

شێرپەنجەی مەمک

مەمک بە نزیکەی لە ١٥-٢٠ لوو ڕژێنی شانەیی پێک دێت، کە لە پێکهاتەی بچووکتر پێک دێن، ئەو پێکهاتە بچووکانەش لە ماوەی شیر پێداندا شیر بەرهەم دەهێنن کە لە ڕێگەی کۆمەڵێک جۆگەوە دەگوازرێنەوە بۆ کۆگایەک کە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە پشت گۆی مەمکەوە.

جۆرەکانی شێرپەنجەی مەمک:

Angiosarcoma

Ductal carcinoma in situ (DCIS)

Inflammatory breast cancer

Invasive lobular carcinoma

Lobular carcinoma in situ (LCIS)

Male breast cancer

Paget’s disease of the breast

Recurrent breast cancer

نیشانەکانی:

لەوانەیە نیشانەکانی نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمک ئەمانە بگرێتەوە

١- بوونی جۆرە تەنێکی نامۆ یان گرێیەکی نامۆ لە مەمک کە لە شلەکانی دەوروبەری جیاوازترە.

٢- گۆڕان لە قەبارە یان لە شێوەی مەمک.

٣- گۆڕان لە پێستی سەرووی مەمک.

٤- گۆی مەمکی سەرەوخواری تازەدەرکەوتوو.

٥- هەڵوەرین، وشکبوونەوە یان شەقبوونی ئەو ناوچەیەی دەوری گۆی مەمکی داوە یاخود لەڕووی پێستی مەمک.

٦- سووربوونەوەی پێستی مەمک.

لە کاتی بوونی هەرکام لەو نیشانانە پێویستە نەخۆش سەردانی پزیشک بکات بەتایبەت نیشانەی یەکەم.

گرنگە نەخۆشەکە بە زووترین کات پشکنین بکات، تەنانەت ئەگەر کۆتاپشکنینی mammogram  سروشتیشی بووبێت.

بڕوانە وێنەی دووەم:

شێرپەنجەی مەمک

گۆڕانەکانی گۆی مەمک

هۆکارەکانی:

پزیشکەکان دیارییان کردووە نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمک لە کاتێکەوە کە هەندێک خانەی نێو مەمک بە شێوەیەکی ناسروشتی دەست بە گەشە دەکەن، ڕوو دەدات. هەروەها ئەم خانانە بە شێوەیەکی خێراتر لە خانەئاساییەکان دابەش دەبن و بەردەوام دەبن لە دابەشبوون تا زۆر دەبێت و کۆ دەبێتەوە و دەبێتە گرێ و لەوانەشە ئەو خانانە بڵاو ببنەوە یاخود (بگوازرێنەوە) بۆ لیمفەگرێکان و بەشەکانی دیکەی لەش. شێرپەنجەکە زیاتر لە خانەکانی شانەڕژێنەکان و کەناڵە بەرپرسەکان لە دەردانی شیرەوە دەست پێ دەکات. ( invasive ductal carcinoma) یاخود لە بەشەکانی تری شانەڕژێنەکان دەست پێ دەکات کە پێی دەگوترێت

(invasive lobular carcinoma)

هەروەها توێژەران ئەوەیان خستە ڕوو کە هەندێک کارتێکەریی دیکە هەن وەک پرۆگرامی ژیانی ڕۆژانە، کاریگەریی هۆرمۆنی، کاریگەریی ژینگەیی، کە هۆکارن بۆ هەلی زیاتر تووشبوون بەم جۆرە شێرپەنجەیە. لەوانەشە کە شێرپەنجە بەهۆی کارلێکی ئاڵۆزی دروستبوونی جینی بێت لەگەڵ ئەو ژینگەی کە تێیدا دەژیت.

شێرپەنجەی مەمکی بۆماوەیی:

پزیشکەکان لە سەددا ٥ بۆ سەددا ١٠ی شێرپەنجەی مەمکیان بەستووەتەوە بەو بازدانە بۆماوەییانە کە لە ڕێگەی نەوەکان دەگوازرێتەوە. کۆمەڵێک جین دیاری کراوە کە لەوانەیە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاد بکات و بەناوبانگترینی ئەو جینانە بریتین لە (جینی ١)ی شێرپەنجەی مەمک یاخود BRCA1، وە هەروەها (جینی٢)ی شێرپەنجەی مەمک یاخود BRCA2، وە هەردوو جینەکە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک و شێرپەنجەی هێلکەدان زیاد دەکەن.

ئەگەر لە تۆماری ڕەچەڵەکی خێزانەکەت تووشبووی شێرپەنجەی مەمک هەیە ئەوە پزیشکەکەت پشکنینی خوێن دەکات بۆ دیاریکردنی ئەو بازدانانەی لە BRCA هەیە یاخود لە جینەکانی تردا.

باشتر وایە پشکنینێکی بۆماوەیی بکرێت بۆ دیاریکردنی هەر نەخۆشییەک کە لە بۆماوەیی خێزانەکەتدا هەیە.

کارتێکەرییە مەترسیدارەکان:

_ئەگەر مێ بێت: هەلی دەرکەوتنی شێرپەنجەی مەمک لە مێدا زۆر لە نێر زیاترە.

_بەرەوپێشچوونی تەمەن: هەلی تووشبوونت بە شێرپەنجەی مەمک زیاتر دەبێت لە کاتی بەرەوپێشچوون و هەڵکشانی تەمەنت.

_بوونی شێرپەنجە لە مەمکێک: بوونی شێرپەنجە لە مەمکێکدا، ئەگەری تووشبوونی مەمکەکەی تر زیاتر دەکات.

_بوونی مێژووی تووشبوون لە خێزان: ئەگەر دایکت یان خوشکت یان کچت یان کەسێکی نزیکی خێزانەکەت، لە تەمەنێکی خواردا تووشی شێرپەنجەی مەمک بووبێت، ئەوە هەلی تووشبوونت زیاتر دەبێت.

_جینە بۆماوەییەکان: هەندێک جین هەن وەک BRCA1 و BRCA2 ئەم دوو جینە دەبنە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک بەڵام بوونیان مسۆگەر نییە بۆ تووشبوونی شێرپەنجە.

_تووشبوونت بە هۆی وەبەرتیشکخستن: ئەگەر لە تەمەنێکی زوو (قۆناغی لاوێتی یان منداڵی)، چارەسەریی تیشکت وەرگرتبێت ئەوە هەلی تووشبوونت بە شێرپەنجەی مەمک زیاد دەکات بەتایبەت ئەگەر چارەسەریی تیشکەکە لەسەر مەمک و سینگ کرابێت.

_قەڵەوی: زیادبوونی کێش ئەگەری تووشبوونت بە شێرپەنجە زیاد دەکات.

_ئەگەر سووری مانگانەت زوو دەستی پێ کرد

_ئەگەر سووری مانگانەت لە قۆناغێکی پێشکەوتوو کۆتایی هات یاخود وەستا.

_ئەگەر منداڵی یەکەمت لە تەمەنێکی گەورە ببێت (لە دوای ٣٠ ساڵییەوە).

ئەو ئافرەتانەی کە سکپڕ نەبوونە ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمک زیاترە.

_بەکارهێنانی چارەسەریی هۆرمۆنی دوای تەمەنی لە سکوزاکەوتن.

_بەکارهێنانی خواردنەوە کحولییەکان.

ئامادەکردن: هایزنبێرگ

 

سەرچاوە : https://www.mayoclinic.org/diseases-conditions/breast-cancer/symptoms-causes/syc-20352470

بابەتە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *